لە غەزەوە بۆ بەغدا.

45 خولەک پێش ئێستا

بەدران محێدین



دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دۆخی سیاسی و ئەمنی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕا،  حەماس لاواز بوو، حیزبوڵڵا لێدرا، ئەسەد ڕووخا، زنجیرەی نفووزی ئێران لەو ناوچانە زۆر لاواز بوو، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە:- دوای  فەلەستین، لوبنان و سوریا، ئایا عێراق دەبێتە خاڵی کۆتایی؟

عێراق قەڵای کۆتایی تاران.

عێراق بۆ ئێران تەنها دراوسێ نییە،  عێراق قوڵایی ستراتیژییە، شوێنی پاراستنی نفووزی سیاسی و ئەمنی و ئایدیۆلۆژی، لەبەر ئەوە کەمکردنەوەی نفووزی ئێران لە عێراق کارێکی ئاسان نابێت، هێزە نزیکەکانی ئێران لە سیاسەت و دامەزراوە ئەمنییەکاندا جێگای خۆیان قووڵ کردیتەوە،  دەستی ئێران لە عێراقەوە بەئاسانی ناکشێتەوە.

سوریا دەروازە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ  فشار لەسەر بەغدا.

دوای هاتنە سەر کاری ئەحمەد شەرع، سوریا دەتوانێت بەشێک بێت لە نەخشە نوێکەدا، نزیکبوونەوەی سوریا و عێراق، ڕێگاکانی بازرگانی و وزە، جوگرافیای سیاسی دەگۆڕن، پرسیارەکە ئەمەیە:- ئایا فشار لە سوریاوە دەگاتە نەینەوا و ئەنبار؟ ئایا لە ئەنبارەوە دەگاتە دیالە و سنووری ئێران؟ ئەمە هێشتا پێشبینییە، نەک پلان،  بەڵام لە دوای ئۆکتۆبەری 2026، ڕەنگە ڕووداوەکان وەڵام ئەو پێشبینیانە بدەنەوە.

پلانە کۆنەکە و عێراقێکی نوێ.

ساڵی 2006، بایدن و گێلب پێشنیاری فیدراڵیزمیان کرد، عێراق بۆ سێ ناوچە دابەشببێت کوردی، سوننی، شیعە، لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی بە دەسەڵاتی سنووردار،  ئایا ئەو بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە؟ عێراقێکی دوای ئێران چۆن دەبێت.؟ یان دەبێتە سێ ناوچەی نفووز هەرێمی و نێودەولەتی.

لە کۆتاییدا، شەڕی داهاتووی عێراق شەڕی خاک نییە. شەڕی دەسەڵات و چەک و ئاراستەی وڵاتانە، ئەوەی ڕوودەدات تەنها شەڕی شیعە و سوننە نییە، شەڕەکە بۆ ئەوەیە کێ عێراق دەکاتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و کێ دەیکاتە حەوشەی پشتەوەی خۆی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی