مەزڵوم عەبدی و حوسنی ئەلزەعیم..

37 خولەک پێش ئێستا

سالار سەراوی

مایڵز کۆپلاند یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەفسەری باڵای ( CIA ) ئەمریکی لە کتێبەکەیدا، بەناوی ( یاری گەلان ) کە ساڵی ١٩٦٩ بڵاویکردۆتەوە دەڵێ؛ لە چلەکانی سەدەی بیستەمەوە هەواڵگری ئەمریکی دەستیکردووە بە کارکردن بۆ گۆڕینی رژێمەکان و هێنانەدی کودەتای سەربازی لە جیهانی سێیەم! دەڵێ؛ دوای جەنگی جیهانی دووەم منیان نارد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، کۆشکی سپی پێی وتم: مەهێڵە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئارامی بەخۆییەوە ببینێت.!

کۆپلاند دەڵێ؛ لە ناوچەکە بەدوای بریکار و دۆستدا دەگەڕاین، لە سوریا ( لیوا حوسنی زەعیم )مان ناسی، کە بە رەچەڵەک کورد بوو، سوپاسالاری سوریا بوو، دەڵێ؛ حوسنی بوو بەپیاوی ئێمە، کودەتامان پێکرد بەسەر شوکری ئەلقوتلی، کودەتاکە سەرکەوتوو بوو، کردمان بە سەرۆکی سوریا بەڵام دوای کەمتر لە چوار مانگ هەڵگەڕایەوە و لەهێڵی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەرچوو، بە کودەتاییەکی تر لەناومان برد و کۆتاییمان پێ هێنا.!

کۆپلاند، لە کتێبەکەیدا، چەند بنەمایەکی دیاریکردووە بۆ دانان و پشتیوانیکردنی سەرۆک و رژێمە سیاسییەکانی جیهانی سێیەم، کە لە چەند خاڵێکدا کورتیکردۆتەوە، لە کۆتا خاڵیدا دەڵێ: هەر سەرۆک و رژێمێک ئەمریکا پشتیوانیکردبێت لە دانانی، ئەگەر لە هێڵ دەرچوو دەبێت دڵنیا بێت کە بە هەر شێوەیەک بێت، بە ئاشتی یان شەڕ، ڕزگاری نابێت و دەبێت ماڵئاوایی بکات.!

دانانی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سوریا و ناچارکردنی مەزڵوم عەبدی بە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بەشێکە لە سیاسەتی دەستوەردانی هەواڵگریی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی سەرۆک و رژێمەکان، کە کۆپلاند لەم کتێبەدا بەئاشکرا و وردتر قسەی لەبارەوە دەکات.

بە کورتیی: واز لە عاتیفە نەتەوەیی و نەژادیی بێنن، جیهان بەرەو ستەمکاریی ئەمریکا هەنگاودەنێت و بەئاشکرا دیارە. هەرکەس لە شوێنی عەبدی بووایە دەبوو ئەوە بکات کە دوێنێ کردی، یاخود چارەنوسیی وەکو ( حوسنی ئەلزەعیم ) دەبوە.. ئەو کەسەشی پێیوایە لە مەزڵوم عەبدی زیاتری پێ دەکرێت، با بڕوات ڕووبەڕووی ئەمریکا و ئەم جیهانە پڕ تاوان و تیرۆرە بێتەوە. ئەوەی لە شەڕدا نیە، شمشێری تیژە.!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی