ئەوەی لە رۆژئاوادا روویدا رێکەوتنە لەگەڵ شەیتان، رێکەوتنێک
هێندە ناجاریی لەپشتەوەیە هێندە خواست و ویستێکی سیاسیی تەندروستی لەپشتەوە نییە.
کوردانی رۆژئاوا، وەک یەکێک لە ئەزموونە سەرەکییەکانی کوردبوون لە سەدەی بیستمەوە،
بەجێهێڵدران و خرانە ناو هاوکێشەیەکی هێزەوە کە زۆر لە قەبارە و توانای ئەوان گەورەترە.
بێگومان ئەو رێکەوتنە تاقە رێگایەکی عەقڵانیی و بەرپرسانەیە لەبەردەم ئەواندا. هەموو
ڕێگاکانی تر رێگای پڕ ریسکن و هێندەی لە خۆکوژییەوە نزیکن لە هیچ شتێکی دیکەوە نزیکنین.
بەبۆچوونی من ئەو خاڵانەی پێویستە لەبەردەم کوردانی رۆژئاوا و هێزە سیاسییەکانیاندا
روون و بەرچاوبێت ئەم خاڵانەن:
ئەو دەسەڵاتەی لە ئێستادا لە سوریادا دروستکراوە
١- نە دەوڵەتی نەتەوەیە
٢- نە دەوڵەتی یاسایە
٣- نە دەوڵەتی دەزگایە
٤- نە دەوڵەتی هاوڵاتیبوونە
٥-نە دەولەتی ماف
و بەرپرسیاریەتی یەکسانە.
ئەم دەوڵەتە:
٦-لەباتی سوپایەکی
نیشتیمانی خاوەنی چەندان میلیشیای جیاواز و هەمەجۆرە، لەوپەری جیهادیستی رادیکاڵەوە
بیگرە بۆ هێزی پرۆکسی سەر بە وڵاتانی ناوچەکە.
٧-سەرجەمی ئەو هەنگاوانەی
تا ئەم ساتە ئەو دەوڵەتە لە سوریادا ناویەتی، هەنگاوی هەڵە و ترسناک و ناتەواون. لە
ناوی دەوڵەتەکەوە بیگرە ، بۆ ناوی سوپاکەی، ناوی میدیاکەی، ناوی کۆمەڵگاکەی
هتد...کە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی زمانی بەعسە تێکەل بە گوتاری ئیسلامییە جیهادییەکان.
٨-ئینجا چۆنیەتی
دانانی رەشنوسی دەستور و دامەزراندنی پەرلەمان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوری وڵاتەکە
و جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ولاتانی دراوسێدا، هەموویان هێما بۆ دروستبوونی حوکمڕانییەکی
ترسناک دەکەن.
٩-لە پەیوەندیدا بە
کوردەوە رێکەوتنەکە روون نییە:
ا- بەر لە هەمووشتێک مەسەلەی کورد تەنها مەسەلەی مافی
بەکارهێنانی زمان و کولتوور نییە، بەڵکو مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ناوچەییشە.
ب- کورد لەسەرجەمی رێکەوتنەکاندا وەک میلەت یان گەلێکی
تایبەت نەناسراوە.
ج- دیار نییە کورد چ بەشداریەکی دەبێت لە بڕیاردانی سیاسیی
و جۆری حوکمرانی لە سوریادا.
١٠-ئەوەی ئێستا لە
سوریادا هەیە و دروستکراوە، دەسەڵاتێکە بە:
-رقێکی دینیی گەورەوە
-رقێکی ئەتنیی و
نەتەوەیی فوتێکراوەوە
-ڕق لە پلوارالیزم
و جیاوازیی
١١-ئەمانەش بەسەرکەیەوە
دژ بە هەموو شتێکن بۆنی ماف و دیموکراسیەت و پلورالیزم و دانان بەویتری جیاوازی، لێبێت.
١٢-هاوکات دژ بە هەرشتێکە
ناوی پێکەوەژیانێکی یەکسان و مافخوازبێت، شتێکی لەوجۆرە لە فەرهەنگى ئەو دەوڵەتەدا
نییە کە دروستکراوە.
١٣- بە کورتییەکەی، ئەوەی هەموومان پێویستە ئاگاداری
بین و وەک ناوی خۆمان بیزانین، ئەو راستیانەی سەرەوەیە، راستییەک پێماندەڵێت ئەوەی
ئەو بەشەی کوردستان چووەتە ناویەوە، پەیوەندیی ناچارییە، ناچاری ڕێکەوتن لەگەڵ شەیتاندا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی