٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ دوو ڕووداو، یەک کێشەی بنەڕەتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حه‌كیم عه‌بدولكه‌ریم




مێژووی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان پڕە لە ڕووداوێک کە کاریگەرییەکانیان تەنها لە کاتی ڕوودانەکەدا نەماونەتەوە، بەڵکو تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە نێوخۆییەکان، پێگەی سیاسیی هەرێم و پرستیژی (هیبە) کورد لە بەغدا و ناوچەکەدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تەنها دوو ڕووداوی مێژوویی نین؛ بەڵکو دەکرێن وەک دوو ئاگادارکردنەوەی گەورە سەبارەت بە نەخۆشییەکی بنەڕەتی لە شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی پرسی کورد لە باشووری کوردستان بخوێندرێنەوە.

٣١ی ئاب؛ شکستی دەزگای دەوڵەت و شکاندنی پرستیژی کورد

لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا، هێنانی هێزەکانی رژیمی عێراق بۆ هەولێر و داگیرکردنی پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی پەنابردنی یەکێک لە هێزە کوردییەکان بۆ هێزی دەرەکی، ڕووداوێکی قورس و پڕ لە وانەی مێژوویی بوو.

هەرچی پاساوە سیاسییەکان و هۆکارە دەستبەجێیەکانی ئەو ڕووداوە بوون، پەنابردن بۆ هێزی رژیمی بەعس بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێوخۆییەکان، لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە، ناتوانێت بە ئاسانی پاساو بدرێت. هەروەها، نابێت بەرپرسیارێتییەکە تەنها بە یەک لایەنەوە سنووردار بکرێت؛ چونکە ئەو کارەساتە دەرئەنجامی ژمارەیەک هۆکاری مێژوویی، سیاسی و دەزگایی بوو.
هۆکاری بنەڕەتی لەوێدا دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبوونی ڕەگی ناکۆکی و دوژمنایەتیی مێژوویی لەنێوان هێزە سەرەکییەکانی سیاسیی کورددا؛ ئەو ناکۆکییەی کە لە دەیەکانی پێشوودا لە شێوەی ململانێی حیزبی و باڵای سیاسی و مەیدانیی خۆی دەرخستبوو. کاتێک ناکۆکیی سیاسی دەگۆڕێت بۆ دوژمنایەتیی نێوخۆیی، ئەوا سنووری نێوان بەرژەوەندیی حیزب و بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوە لاواز دەبێت.

لە ٣١ی ئابەوە بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر

ئەگەر ٣١ی ئاب بە ڕووداوێکی قورس لە مێژووی نوێی باشووری کوردستان دابنرێت، ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ش بە شێوەیەکی جیاواز هەمان کێشەی بنەڕەتییەی خستەوە پێش چاومان: کاتێک ناکۆکیی نێوخۆیی لە ئاستی دامەزراوەیی چارەسەر نەکرێت، دەرەنجامەکەی دەتوانێت بۆ سەنگ و پێگەی سیاسیی کورد زیانبەخش بێت.
بێگومان، لە هەڵسەنگاندنی ١٦ی ئۆکتۆبەر نابێت هەموو بەرپرسیارێتییەک بخەینە سەر یەک لایەن. بەڵام ئەگەر بە ڕاستگۆیی سەیری هۆکارە سەرەکییەکان بکەین، دوو بابەتی گرنگ دەردەکەون.

یەکەم، پرۆژەی ڕیفراندۆم وفشاری کەسی  لەسەر ئەنجامدانی لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە هاوپەیمان و دۆستانی کورد ئاگادارییان دەدا کە کاتی گونجاو نییە و ئەنجامەکەی دەتوانێت مەترسیدار بێت.

دووەم، دابەشبوونی ناوخۆیی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جیاوازییە سیاسییەکان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم. ئەم دابەشبوونە، لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر توانای کورد بۆ یەکخستنی بڕیار و بەرەنگاربوونەوەی فشارەکانی بەغدا دانا.

لە هەردوو ڕووداوەکەدا، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە «کێ هەڵەی کرد؟» پرسیاری قووڵتر ئەوەیە: بۆچی سیستەمی سیاسیی کوردستان نەیتوانیوە ناکۆکییە گەورەکان لە ناو دامەزراوە و یاسا و گفتوگۆدا چارەسەر بکات؟

کێشەکە لە حیزب نییە، به‌ڵكو بە حیزبی‌کردنی دەوڵەتە

لە هەردوو ڕووداوەکەدا دەکرێت نیشانەکانی کێشەیەکی گەورەتر ببینین: سەردەمێک کە پێویستە عەقڵییەتی حیزبی جێگای خۆی بدات بە عەقڵییەتی دامەزراوەیی.
کاتێک هێزی سیاسی، هێزی ئاسایشی و سەربازی و دامەزراوە حکومییەکان زیاتر لەوەی خزمەت بە دەوڵەت و یاسا بکەن، ببنە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی حیزب و بەرەنگاربوونەوەی حیزبی دیکە، ئەوا قەوارەی(حکومەت) دەوڵەت لاواز دەبێت.
هێزی سەربازی و ئاسایشی دەبێت بۆ پاراستنی خاک، یاسا، هاووڵاتی و دامەزراوەکان بێت، نەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان. بەکارهێنانی هێزی دەوڵەت بۆ ململانێی نێوحیزبی، لە کۆتاییدا زیان بە خودی دەوڵەت دەگەیەنێت.
ئەم کێشەیە لە ڕووداوەکانی شنگال، خانەقین و ناوچە کێشە لێکراوەکانیشدا بە شێوەیەکی جیاواز خۆی دەردەخات؛ بە تایبەتی کاتێک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکەوێتە ژێر سایەی ململانێی نێوخۆیی و حیزبی.

شنگال و خانەقین؛ کاتێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە ژێر سایەی ململانێی حیزبی دەکەوێت
لە شنگالەوە تا خانەقین، پرسەکە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە. ئەو ناوچانە بەشێکن لە قەیرانی گەورەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لە دوای جینۆسایدی داعش لە شنگال، پێویستی بە دامەزراندنی سیستەمێکی ئاسایشی و سیاسییەکی جێگیر و پشتیوانی‌کراو لەلایەن خەڵکی ناوخۆ هەیە. هەمان کات، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ پێویستی بە ستراتیژییەکی یەکگرتووی کوردی و دەستووری هەیە.
بەڵام کاتێک هەر لایەنێک پرسە نیشتمانییەکان بە چاویلکەی  بەرژەوەندیی حیزبی دەبینێت، ئەوا کێشەکە لە سنووری ناکۆکییەکی سیاسی تێدەپەڕێت و دەبێتە کێشەیەکی نیشتمانی.

وانەی سەرەکیی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر

ئەگەر لە هەردوو ڕووداوەکە تەنها بەدوای تاوانبار بگەڕێین، لەوانەیە وانەی سەرەکیی مێژوو لەدەست بدەین.
پرسیاری دروست ئەوەیە: چۆن سیستەمێکی سیاسی دروست بکەین کە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانەی لێ نەکەوێتەوە؟
وەڵامەکە لە دامەزراندنی حکومەتێکی  یاسامەند، دامەزراوەیی و دیموکراتیکدایە؛ دەوڵەتێک کە تێیدا یاسا لەسەر حیزبەکانە، نەک حیزبەکان لەسەر یاسا.
- یەکخستنی دامەزراوەکانی حکومەت؛
- جیاکردنەوەی حیزب لە دەوڵەت؛
- یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش؛
- چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دامەزراوە؛
- پابەندبوون بە دەستور و یاسا؛
- و دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی.

پەیامی ئۆجەلان و پێویستی بە یەکێتیی دیموکراتیک
لەم چوارچێوەیەدا، پەیامەکانی عەبدولڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پێویستیی بەهێزکردنی یەکێتی و دامەزراندنی شێوازێکی دیموکراتیک بۆ حوکمڕانی لە باشووری کوردستان، دەکرێت وەک بانگەوازێک بۆ تێپەڕین لە عەقڵییەتی ململانێی حیزبی بخوێندرێتەوە.
ئۆجەلان بەو پەیامەدا تەنها باس لە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دوو حیزب ناکات؛ بەڵکو کێشەکە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەدا دەبینێت.
ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانە. لەو بارودۆخەدا، بەردەوامبوونی ناکۆکییە نێوخۆییەکان دەتوانێت ببێتە خاڵێکی لاوازیی ستراتیژی بۆ کورد.

بۆیە، پێویستە پەیامی سەرەکی ئەو بانگەوازە بۆ گفتوگۆی نێوخۆیی و یەکخستنی سیاسی بە جدی وەربگیرێت: ئاشتیی نێوخۆیی تەنها ئامانجێکی ئەخلاقی نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ مانەوە و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی کورد.
بەرپرسیارێتیی هاوبەش ئێمە ئەگەر بە ڕاستگۆیی سەیری مێژووی خۆمان بکەین، نابێت هەموو بەرپرسیارێتییەک بخەینە سەر یەک حیزب یان یەک کەس.
٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەرچەندە هۆکار و بارودۆخی جیاوازیان هەبوو، بەڵام هەردووکیان وانەیەکی هاوبەشیان هەیە: کاتێک بەرژەوەندیی حیزبی لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی زاڵ دەبێت و دامەزراوەکان لە خزمەتی سیستەمی سیاسیی یەکگرتوو نین، ئەوا کورد دەبێتە لاوازترین لایەن لە کاتی قەیران.
ئەرکی ئێمە ئەوە نییە تەنها مێژوو بخوێنینەوە؛ ئەرکی ئێمە ئەوەیە لە مێژوو فێربین.
کوردبوون نابێت تەنها ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت؛ دەبێت بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و ئەخلاقی بێت. ئەو بەرپرسیارێتییەش لەوەدا دەردەکەوێت کە بتوانین دامەزراوە دروست بکەین، یاسا بخەینە سەرەوەی حیزب، هێزە چەکدارەکان بخەینە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە دەستورییەکان و ناکۆکییەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین.

٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر نابێت ببنە تەنها دوو ڕۆژی یادەوەرییەکی سیاسی. دەبێت ببنە دوو وانەی مێژوویی بۆ ئەوەی بزانین کە بێ دامەزراوە، بێ یاسا و بێ یەکێتیی ستراتیژی، هیچ قەوارەیەکی سیاسی بەهێز و سەقامگیر نابێت.
ئێستا کاتی ئەوەیە لە مێژووی شەڕی ناوخۆ و براکوژی، کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە، دەربچین و بەرەو مێژووی ئاشتی، دامەزراوە، دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا بڕۆین.
ئەمە تەنها بەرپرسیارێتیی پارتی و یەکێتی نییە؛ بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو کەسانەیە کە چارەنووسی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە دەبینن.
چونکە ئەگەر لە ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر فێر نەبین، مێژوو دەتوانێت بە شێوەیەکی تر هەمان پرسیارمان لێ بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی