گەمەی سفریی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کابینەی نوێ

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشیار عەبدوڵا

 ئەو ململانێ سیاسییەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کابینەی نوێ، بە هەموو پێوەرێک گەمەیەکی سفرییە؛ سفرییە بەو مانایەی یەکێتی مەسرور بارزانی کردووەتە ئامانج و هەموو هەوڵێکی تا ئێستا ئەوە بووە نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران! لە لایەکی دیکەشەوە پارتی جگە لە مەسرور کەسی دیکەی بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز نەکردووە و هیچ هەوڵ و هەنگاوێک لە دەرەوەی پارتی و لە نێو پارتیشدا بچووکترین کاریگەریی نەبووە لەسەر پارتی پەیوەست بە مەسرور بارزانی! واتە مەسرور بارزانی لە هەردوو لا کۆلکەی هاوبەش و گۆچانی نێو ئەو تایەیە بووە کە تا ئێستا نەیهێشتووە ڕێگەی کابینەی نوێ بدۆزرێتەوە! لێرەوە، یەک هاوکێشە لەو ململانێیەدا هەیە کە دەبێت ڕوون بێت: هەر کاتێک یەکێتی ڕێگەی گرت لەوەی مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، ئەوا ململانێکەی بێ هیچ گومان و پرسیارێک بردۆتەوە؛ هەر کاتێکیش پارتی توانی مەسرور بارزانی بکاتەوە بە سەرۆک وەزیران، ئەوا ململانێکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا کردووەتەوە.

سەبارەت بەو قسانەی فڕێدراونەتە میدیاوە کە گوایە مەسعود بارزانی دێتە سلێمانی و لە پێناو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدا سازش بۆ یەکێتی دەکات، ئەوانە قسەی تەنکڕۆ و عاتیفین. ئەگەر مەسعود بارزانی بە سەردانێک بتوانێت سەرۆکایەتیی حکومەت بۆ کوڕەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوا گۆڵێکی لە یەکێتی کردووە و وەک هەموو جارێک تۆڕەکەی دڕاندووە! لە ٢٠٠٥ەوە لەبەرامبەر کورسی بێ فەڕی سەرۆک کۆمار، پارتی گۆڵ لە یەکێتی دەکات! سیاسەت بەوە ناپێورێت کێ دانوستانی کردووە و چی کردووە، بەڵکو ئەوە گرنگە چی بەدەست هێناوە؛ وەک گوتراوە: هەموو کارێک بە ئەنجام دەپێورێت، نەک بە هەنگاوەکانی سەرەتا!

ڕاستییەکەی، بوون و نەبوونی حکومەتی نوێ بۆ خەڵک هیچ گرنگی و بایەخێکی ئەوتۆی نییە، چونکە لە بنچینەدا ئەوانەی ناو نراون حکومەت و کابینە هیچیان ئەوە نەبوون هێندەی دوکانی کاسبی و گیرفانی حزب و بنەماڵە بوون. بەڵام بۆ ڕێگرتن لە گەوجاندن، تاریکاندنی زۆری ڕاستییەکان، موزایەدە و موزایەدەکاری، مەبەستم بوو ئەو دێڕانەی سەرەوە بگەن. خەڵکانێک هەن هێشتا لە ژێر کاریگەری میدیا و چەواشەکاری دەسەڵات و دەربارەکانیاندان، وەگەرنا من دەمێکە هیچ باوەرێکم بە کۆی رێسای گەمەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە و پێم وایە چارەسەر ئەو کاتە سەرپێ دەکەوێت؛ کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێم وەک پیاوانی ڕژێمی پێشوو ناویان بهێنرێت! 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی