كورد دەستی خۆی ماچ بكات باشترە لەدەستی خەڵکی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

لەم ڕۆژانەدا زۆرکەس ئەندێشەو دڵەڕاوکێی خۆی بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەکوردستان ڕاگەیاند، تاڕادەیەک هەقیانە مەترسییان هەبێت، بەڵام ئەمەش کۆتایی دونیا نییەو قۆناغێكی نوێیە،  بەڵێ قۆناغێکی پڕ ئەگەرو تاڕادەیەكیش چارەنوسسازە، بۆیە سەرکردایەتی کورد پێویستە بەعەقڵێکی تازە بەبیروبۆچون‌و لێکدانەوەیەکی سەردەمیانە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بكات.

ئێمە چوارساڵی ڕێکمان هەبوو بۆ جیێەجێکردنی ڕێککەوتنامەی نێوان خۆمان‌و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانمان بۆ رێكخستنی هێزی پێشمەرگە، دۆستەكان هەوڵێکی زۆریان لەگەڵداین، بەداخەوە گوێمان لێنەگرتن‌و بەقسەمان نەکردن، لەلایەكی دیكه‌وه‌ دوساڵ‌و نیو تێپەڕی بەسەر هەڵبژاردندا، هێشتا حکومەتمان پێکنەهێناوە، ئێمە دەستی یەک ماچبکەین باشترە لەدەستی خەڵکی تر، وڵاتانی هەرێمایەتی‌و تاڕادەیەك هێزە گەورەكانیش هەمیشە ئێمەیان بەکارهێناوەو دوایی تەنها جێیانهێشتوین.

ئەمڕۆ ئەمریکا کشایەوە لەکوردستان تەنانەت چەکەکانیان بۆ جێنەهێشتین ئەمە مانای زۆری هەیە! کورد پێشئەوەی ناچاربکرێت دەبێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدیاتەکانی داهاتوو ستراتیژیەتی ڕوو لەبەغدا بێ، ناكرێت هەموو هێلکەکان بخرێتە سەبەته‌ی عەلی زەیدیی بەتەنها، كورد بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ بەغدا پێویستی بەلایەنی سێهەم‌و  چوارەمە، كورد لەدونیا هێشتا بەشی ئەوەندە هاوسۆزی ماوە كە كاری لەسەربكات، بەڵام ناكرێت هیوا لەسەرئەوە هەڵچنین ئەم هاوسۆزییە بۆ ئەوەیە كورد دەوڵەتی بۆ دروستبكرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، نەتیجەی هەڵەكوشندەكانی ڕابردوی حزبە سیاسییەكانمانە، ئەنجامی لوتبەرزیی‌و مەغروریى‌و بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیخوازی حزب و پشتگوێخستنی خواستی نەتەوەییە، بۆیە ناكرێت خراپی دۆخی ئێستا، هەموی بخەینە سەرشانی ئەوانی تر، گرنگە حزب‌و سەرکردەكانمان بەبەرپرسیارێتی دۆخەكە لەئەستۆبگرن، گرنگە ئەمەی ڕویداوە بكرێتە ئەزمونێك كە بەزوی بیر لەچارەسەری بكرێتەوە لەپێش هەرشتێكەوە بیر لەوەبكرێتەوە، پێشئەوەی دەستی خەڵك ماچ بكەین، دەستی یەكترماچ بكەین‌و ڕوو بكەینه‌وە خواست‌و داواكارییەكانی خەڵك تائەو كەلێنەی چەندساڵە دروستمانكردوە، پەلەبكەین لەپڕكردنەوەی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی