لەدواین کۆبونەوەی کابینەکەی علی زەیدی، یەکی قورئانێکی لە بەردەم خۆی و وەزیرەکانیدا داناوە و سوێندی بە کۆمەڵ دەخۆن کە گەندەڵی و نایاسایی نەکەن و خزمەتکاری خەڵک بن.
ڕاستیەکەی من لە دوێنێوە دڵم زیاتر کرمێ بوە، دڵم لە جاران خراپتر ئەڵێ، ئاخر ئێمە کێشەمان لە گەڵ سوێند خۆرەکان هەیە، ئەوانەی ئەم وڵاتەیان گەیاندە ئەم دۆخە سوێند خۆرەکانن
لە پەرلەمان سوێند، لە دادگا سوێند لە وەزارەت سوێند، لە سەرۆکایەتیەکان سوێند و لە هەموو جێگایەکیش شکاندنی سوێند.
عادەت وایە لە معامەلەی بازاڕیشدا ئەو کەسەی زۆرترین سوێند ئەخوات زۆر ترین درۆ ئەکا و ئەبێ کڕیار خۆی بۆ دەستبڕین و خەڵەتان ئامادە بکات، ئەوە خۆی دەزانێت چ عەیبێک لە ماڵ و نرخەکەیدا هەیە و ئەیەوێ بە سوێند پەردەیەکی بەسەردا بدات.
بۆیە دوای سوێندخواردنەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زیاتر لە دڵنیایی نزیکبومەوە کە ئەمانە نیەتیان خراپە.
ئێمە گیرۆدەی سوێندخۆرەکانین، هەرچی گەندەڵی و نایاسایی و تاڵانکاری هەیە زۆرینەی ئەوان دەیکەن، چونکە کەسێک دزی و گەندەڵی بکات و دەستی بچێتە سەرو ماڵی خەڵک، سوێند ئاو خواردنەوەیە لەلای.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی