دەستبەردار بوونی رابردوو و شێواندنی داهاتوو !

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارێز عەبدوڵلا





بنەمايەکی سەرەکی پێکهاتەی نەتەوە مێژووە. مێژوو يادەوەری و تاپۆی هاوبەشی کولتور و بەيەکەوە بوونی هەزاران ساڵەيەی باوباپيرانە.
لەمسەر تا ئەوسەری کوردستانی گەورە بگەڕێ سەدان گوند و گەڕەکی هاوناو دەبينی، وەك: کانی رەش، زێوە، ئەسپيندارە، سارتکە، گۆمەشين، داوداوا، ئالان، شيناوا، سەيداوا، ميراوا و دەيان ئاوايی تر لە دەڤەرە جۆربەجۆرەکانی کوردستان دووبارە و دەبارەش دەبنەوە. ئەوە بەڵگەی رەسەنايەتی و بەرهەمی بيرکردنەوەی هاوبەشی گەلی کوردە.
شار، گوند، دێ، ئاوایی، هەوار چەند لەسەر زمان شيرين و بە گوێ ئاشنان؟
سەردەمی بەعس بۆ بە عارەب کردن ( مجمع و حي و محلە)يان هێنانە ناو ناوان و هەموو خەڵکی بە نيشانەی ستەم و دوژمنايەتی کورديان دەزانی. دوای راپەڕين گۆڕدران و کرانەوە کوردی و کوردستانی.
مخابن ئێستا لەسەردەمی ئازادی و دەسەڵاتی خۆمان بە شێوەيەکی دی، بە نەزانی و دوور لە بەرپرسيارێتی نەتەوەيی درێژە بەهەمان سياسەتی داگيرکەران دەدرێتەوە. سەيرکەن،
لە جياتی شار : سيتی، لە جياتی گەڕەک و گوند: ڤیلج و لەجياتی باخچە: گاردن بەکاردەهێنرێن و ناوی بيانی واش لە شار و گەڕەکە نوێيەکان دەنرێ، کە نەك هەر کەس مانايان نازانێ، بگرە رەوانکردن و لەبەرکردنيشيان زۆر زەحمەتە.
لە هەموو شارەکانی کوردستان بگەڕێ ناوی گوندی ئيتالی، ئيسپانی، ئەمريکی، ئەلمانی، ئينگليزی، دوبەی، هەندێ شاری تورکان …. و دەبينی، بەڵام زۆر کەم ناوی شار و ئاواييەکانی کوردستان هێنراون.
باشە بۆچی لەجياتی ناوی بێگانان، شارەکانی وەک ئامەد، وان، ماردين، عەفرين، کۆبانێ، زاخۆ، ئامێدی،کەرکوک، ئيلام، کرماشان، سنە، مهاباد و هەڵەبجە و ….. نەکرێنە ناوی ئاواييە نوێکان؟
بۆچی لە جياتی سيتی ئاوايی يان هەر ناوێکی کوردستانی بە پاشگری (ئاوا) نەبێ؟
ئەوەی دەگوزەرێ مەترسيدارە و دژی هەستی نيشتيمانی و مێژووی کوردەواريیە.
ئايا بەڕاستی بەو ناوانە گەلی کوردستان دەگاتە ئاستی ئەو وڵاتانەی ئەو ئاواييانەيان بە ناوەوە دەکرێ؟
هەموو گەلانی جيهان شانازی بە رەسەنايەتی دابونەريت و مێژوو و سيمبول و کەلەپوری خۆيانەوە دەکەن، کەچی ئێمە تازە بە تازە دێين مێژووی خۆمان فەرامۆش دەکەين، بەو هۆيەشەوە ئايندەمان دەشێوێنين.
لاسای کردنەوەی بێگانە و گەڕان بە دوای ناو و ناونيشانی قەبە و نامۆ جگە لە خۆ بەکەمزان و نابەرپرسياری هيچی تر نييە.
کاتی ئەوە هاتووە و پێويستە دامەزراوەکانی وڵات و ناوەندە رۆشنبيری و بازرگانيەکانيش هەلوەستەيەك بکەن و رێکاری گونجاو بۆ نەهێشتنی ئەو دياردە ناشيرينە بگرنەبەر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی