لەو باوەڕەدام ڕووداوەکانى ئێستاى وولاتانى ئەوروپا ، کەڵەکەبونى دەرهاوێشتەى تەنگژەى سیاسی ، ئابورى و کۆمەڵایەتینو زیاتر لەدوو دەیە دەبێت بەدەستییەوە دەناڵێنن، هەر چەندە لەم ساتەدا لەژێر دروشمى گرانىو هەژاریىو بێکاریدا بزووتنەوەى هەڵچونى جەماوەرى خوى پێناسەدەکات، بەڵام لەبنەڕەتدا، گەڵالەبونى پرۆسەیەکى مێژوییە لەئاراستەى کڵپەسەندنى هزرى (نەتەوەیی نیشتیمانى) گەلانى رەسەنى ئەوروپی، بەرەو ئاقارى گۆڕانکاریی چۆنایەتىو زیندوکردنەوەى بنەماکانى ڕێککەوتنەکانى ناسراو بە (ویستفالیاى ساڵى 1648) هەنگاو دەنێت، بەمەبەستى داڕشتنی سیستمێکی نوێی جیهانى مەزندە دەکەم مەرجی بونیادى دامەزراندنى (دەوڵەتى نەتەوەییو نیشتیمانى) بەردى بناغەى دەبێت.
بهگوێرهى ڕێککەوتنی ئاماژە بۆکراو، گەلانی ئازادیخواز قۆناغی ململانێی خوێناوییو هەرەسهێنانی ئابورییو باڵادەستی هزری فراوانخوازییو چەوساندنی نەتەوەیی تێپەڕاندو ڕویان لەقۆناغی سەروەریی نیشتیمانی کرد، هەروەها بەدوری نابینم پەیوەندییەکانى نێونەتەوەیی لەچوارچێوەى دامەزراوەیەکى چالاکترو چاکسازکراودا سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە، بەڵکو پێویستى بەپێداچونەوەو ڕاستکردنەوەى دەیان بڕیاری ستەمکارو هەڵەى مێژوویی دەکات، هەر بۆ نمونە: ڕێککەوتنەکانی (سایکس - بیکۆ، لۆزان، گرفتی قوبرسو ئێرلەندا ).
لەلایەکى دیکەوە، ڕوداوەکان جاڕدانى هەرەسهێنانى بیرکردنەوەکانی وەک (برایەتى گەلانو هاوڵاتیبونى تێکشکاوو کۆمەڵگهى خەیاڵى دیموکراتیک، بەهەمانشێوەی داڕوخانی کۆمەڵگه داخراوەکانی سەردەمی سۆڤیەت) لەخۆدەگرن، بۆیە پێویستە بزوتنەوەی کوردایەتی لەئاستی گوڕانکارییە چاوەروانکراوەکاندا، هەڵوەستە بکاتو لەیەک ئاڕاستەی نەتەوەیی نیشتیمانیدا، بیر لەپاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستانو کاربکرێت بۆ سودمەندبون لەو ئاراستە جیهانییە لەڕێرەوی باڵا دەستبونی دەوڵەتی نەتەوایەتی.
ئیتر بابزانین ئاراستەى ڕوداوەکان چۆنو کەى لەنگەر دەگرن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی