توركیا وەک ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای شەڕی غەززە هێرشدەكاتەسەر هەرێمی كوردستان

ڕاپۆرت

26/03/2024‌ 1254 جار خوێندراوه‌ته‌وه



حەشدی شەعبی بوونە هاوبەش لە ڕێککەوتنێکی سەرەکی نێوان بەغدا و ئەنقەرە،  لە کردەوەی سەربازیی چاوەڕوانکراو دژی پارتی کرێکارانی کوردستان ، ئەوەش لەچوارچێوەی پلانێکی نوێی پەیوەست بە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی غەززە.

بەرپرسێکی تورک بەشێک لە پلانەکەی ئەنقەرە  ئاشکرا دەکات، دەڵێت، لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ “ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ئەنجامی دوای شەڕی غەززە دێنە پێشەوە، توركیا نیازی خۆگونجاندن و كۆتاییهێنان بە کێشەی ئەمنی لە ناوچەکە، بە تایبەت لە عێراق  هەیە.”

 هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک ئاماژەی بە ناوی فالح فەیاز، سەرۆکی  حەشدی شەعبی كرد گوتی: “ گەیشتنە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە شنگال لەگەڵ دامەزراوەیەکی فەرمی کە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت”.

ئەمجارە وا دیارە تورکیا قورسایی زۆری سیاسی و سەربازی دەخاتە سەر عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە درێژخایەنەکانی سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی، بەڵام هاوکێشە ناوخۆییەکانی بەغدا و پەرەسەندنی کاریگەریی پەكەكە' لە شنگال هەڕەشە لە سەرکەوتنی هەوڵەكە دەکات.

سەرچاوە عێراقییەکان هاوڕان لە وەسفکردنی “هەنگاوێکی هەمەلایەنەی تورکیا” وەک بەشێک لە ئامادەکارییە ناوچەییەکان بۆ دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە، کە پێویستی بەچارەسەركردنی مەترسییە ئەمنییەكان هەیە.

بەگوێرەی رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت،  ئەو بەرپرسە تورکە کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا نزیکەی 5 مانگ لەمەوبەر پلانێکیان ئامادەکردووە کە بژاردەکانی ئەنقەرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوەی شەڕی غەززە لەخۆدەگرێت، هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی دوای ئەوە چاوەڕوان دەکران.

ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە عێراق و سوریا دوو بەشن لەم وێنەیەدا.