كورد لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ ژمارەیەكی یەکلاکەرەوەیە

ڕاپۆرت

27/03/2024‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه



جارێکی دیکە کورد وەک ژمارەیەکی قورس و یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا بەتایبەت ئەستەنبوڵ  دەردەکەوێت، کە یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

چەند ڕۆژێک پێشتر هەڵبژاردنەکە وێنەیەکی جیاوازی لەهەڵبژاردنی  ساڵی ٢٠١٩ و هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئایاری ساڵی ڕابردوو نیشاندا بەتایبەتی لە ئەستەنبوڵ کە ململانێیەکی توندی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و پارتی گەلی کۆماریی جەهەپە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تێدا هەیە.

ئەردۆغان هەوڵدەدات شارەوانییە دڵخوازەکەی لە دەستی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەربگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا  بەپشتیوانییەکی بەرفراوانی دەنگدەرانی کورد وەریگرتووە.

کورد  ژمارەیەكی قورس پێکدەهێنێت کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی ڕەوتی سیاسەتی تورکیادا دەگێڕێت و لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ لەسەدی کۆی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنێت. 

پارتە گەورەکان هەوڵدەدەن پێش هەر هەڵبژاردنێک هاوپەیمانی لەگەڵیان دروست بکەن، بە پێدانی زۆر بەڵێن بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان.

لە ساڵی 2019دا پارتی گەلی کۆماری جەهەپە توانی شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بباتەوە بەپشتیوانی کورد لە پارتی داد و گەشەپێدان ئەکەپە.

هەرچەندە “پارتی یەکسانی و دیموکراسی” دەم پارتی کە نوێنەرایەتی کورد دەکات، کاندیدی لە شارەوانییە جیاوازەکان لەوان ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دانا، بەڵام ڕاستییەکەی،  دەنگەکانی کورد بە تەواوی بۆ ئەم پارتەش گەرەنتی نییە، ئەمەش بەهۆی مەیلی هەمەچەشنی دەنگدەری کورد، واتە ئەو دەنگانە لە نێوان دەم پارتی  و “جەهەپە” و “ئەکەپە” دابەش دەبن.

دانوستانە نافەرمییە درێژخایەنەکانی چەند مانگی پێش هەڵبژاردنی نێوان دەم پارتی و جەهەپە، نەیتوانی بگاتە هەماهەنگی و پارتە کوردییەكە بڕیاریدا كاندیدی خۆی هەبێت،  ئەوەش دەبێتەهۆی لەدەستدانی بەشێكی زۆری دەنگ كورد لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لەلایەن جەهەپەوە.

ئەردۆغان ئاگاداری ئەم ڕەوشە نوێیەی دەم پارتی و جەهەپەیە، بەڵام لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ناوخۆییدا حەزی دەکرد  تۆمەتباریان بکات بە هەماهەنگی شاراوە و پێڕەوکردنی کارنامەی “پارتی کرێکارانی کوردستان”.

دەم پارتی ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی هەماهەنگی نهێنی لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ جەهەپە بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕەتکردەوە.

ئەو پارتە دەڵێت، “پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان دوژمنایەتی بەرامبەر بە پارتەکەمان و کورد لە تورکیا کردووە بە سیاسەتی بنەڕەتی خۆی”.

ئەو لێدوانە دوای ئەوە هات کە کەسێک بەناوی ئەحمەد سەیمادی لە گوتارێکدا لە بارەگای کۆمەڵەیەک دەرکەوت، بانگەشەی کرد کە ئەندامی دەم پارتییە و لەسەر لیستی جەهەپە خۆی کاندید دەکات.

ئەو حیزبە ڕەتیدەکاتەوە کە ئەم کەسە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا هەبێت و دەڵێت ئەوەی کردوویەتی یەکێک بووە لە شێوازەکانی شەڕ و بانگەشەی ناوزڕاندن و پڕوپاگەندە، وەک چۆن لە هەموو قۆناغێکی هەڵبژاردندا هەیە..

مێراڵ دانیش بێشتاش، کاندیدی دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بیرۆکەی دەنگدانی تاکتیکی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی ڕانەگەیەندراو ڕەتکردەوە و، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە خەڵک دەنگمان پێبدەن. .من پێم وایە هەموو لایەنێک ئەرکێکی سەرەتایی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی." 


ئەو ڕاپرسیانەی پێش هەڵبژاردنی یەکشەممەی داهاتوو ئەنجامدراون، دەریانخستووە کە ڕێژەیەک لە کوردان پشتیوانی ئیمامئۆغڵو دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ سەربکەوێت، ئەمەش هیواکانی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شارە تێکدەدات کە پێشتر لە ساڵی 1994دا خۆی کاندید کردبوو، و بۆ ئەوەش لەم هەڵبژاردنەدا وەزیری پێشووی ژینگە موراد کورومی كاندیدكردووە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ڕاپرسییەکانی (سامر)، لەسەدا ٤٠ی دەنگدەرانی كورد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن.

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاویست، ڕۆژ گیراسون باسی لە مەیلی نزیکەی 50%ی کوردانی ئیستانبوڵ کرد بۆ پشتیوانی ئیمامئۆغڵو.

ناوەندەکە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی ڕاپرسییەکی لەبارەی "دەنگدەری کورد لە ئەستەنبوڵ" بڵاوکردەوە، پێش ئەوەی دەم پارتی کاندیدی خۆی لە ئەستەنبوڵ ڕابگەیەنێت، کە دەریدەخات لەسەدا 33.4ی دەنگدەرانی کورد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن.

لە کۆتاڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانەییەکانی تورکیا کێبڕکێکان تووندتر دەبن، دوای ئەوەی دەم پارتی کەڵکی زۆر لەڕێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆز وەرگرت بۆ گردبوونەوە جەماوەرییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە  27ی ئادار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە شاری ئامەد بەڕێوەبرد.

بەگوێرەی هەندێک زانیاری جۆرێک لە گفتووگۆ لەنێوان دەم پارتی و ئەکەپەشدا هەیە، بەوەی لەبەرامبەر دەنگنەدانی کورد بەکاندیدی جەهەپە لە ئەستەنبوڵ، ئەوا بابەتی دانانی قەیوم لەجێگەی کاندیدە سەرکەوتووەکانی کورد لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان کۆتایی دێت.