لەسلێمانی ڕێکاری نوێ بۆ ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە دەگیرێتەبەر

کوردستان

18/04/2024‌ 255 جار خوێندراوه‌ته‌وه



قایمقامیەتی سلێمانی بەمەبەستی پاراستنی ماڵ و گیانی کاسبکاران و رێگری لە هەر روداوێکی نەخوازراو، لەگەڵ نوێنەری دوکاندارو بازاڕەکانی سلێمانی کۆبووەوە.

قایمقامیەتی سلێمانی له راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبونەوەکەدا کە بەشی زیادەڕەوی لە شارەوانی سلێمانی و پۆلیسی رێکاری و نوێنەری بەرگری شارستانی و هاتوچۆ  ئامادەبوون، باس لە رێکخستنەوەی لایەنی سەلامەتی بازاڕەکان کرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاری نوێنەری بازاڕەکان، ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی باسی لەوەکرد کە لەوەرزی گەرما نزیکبوینەتەوەو پێویستە هەندێک رێکار بگرینەبەر بۆئەوەی رێگەنەدەین هیچ حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە لەبازاڕەکاندا دروست بێت، ئەگەر دروستیش بوو کەمترین زیانی هەبێت.

هەروەها ئاوات محەمەد داوای کرد هەموو لایەک هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەی لەلایەن بەرگری شارستانییە دانراوە، چونکە گیان و ماڵی هاوڵاتیان پێش هەموو شتێکەو لەسەر مەرجەکانی سەلامەتی خاتری کەس ناگرین.

وتیشی: ئەو رێکارانە بۆئەوەنییە خوانەخواستە زیان بە بەرژەوەندی کەس بگەیەنین، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەکەو خۆمان لەمەترسی زیانی ماڵی و گیانی دوردەخەینەوە.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ماوەیەکی کاتی بۆ خاوەنی دووکان و بازاڕەکان دیاری بکرێت بۆئەوەی مەرجە سەلامەتییەکان جێبەجێ بکەن.
هاوکات بڕیاردرا هەموو خاوەنی دووکانەکان دوای داخستنی بازاڕەکان و لە شەواندا شمەک و کەلوپەلەکانیان ببەنە ناو دوکانەکانەوەو بە دەڕابە یان دەرگای شوشە دووکانەکان دابخرێن.