ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی بەشێکی دیکەی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵەوە بۆ موسڵ دەکرێت

کوردستان

18/04/2024‌ 203 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ژمارەیەکی نوێ لە خێزانە عێراقییەکان لە کەمپەکە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات گوتیشی "ئەو گروپە نوێیە لە 250 خێزانی عێراقی پێکهاتوون، کە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئەلجەدا لە موسڵی عێڕاق."

لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە ئەمە دووهەم گروپی کەسوکاری چەکدارە عێڕاقیەکانی داعشن کە کەمپی هۆڵ بەجێدەهێڵن.

ئەم گرووپە نوێیە لە 620 کەس پێکهاتوون، بە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی عێراق دەگوازرێنەوە.

ڕۆژی 9 ی مانگی سێی ئەمساڵ دوا گروپی خێزانە عێراقییەکان کە لە 150 خێزان پێکهاتبوون ڕەوانەی عێراق کرانەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی 2021وە تا کۆتایی مانگی سێی 2024 نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

بە پێی ئامارەکان شەش هەزار و 400 خێزانی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی 22 هەزار کەس هێشتا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و زۆربەیان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ 17 ساڵدایە.