هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوە

کوردستان

20/04/2024‌ 519 جار خوێندراوه‌ته‌وه



حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "هەنگاو و ئامانجی یەکەممان دانانی پارێزگارێکی کوردە بۆ کەرکووک، چونکە بەپێی ڕێژەی دەنگەکانی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پۆستەکە مافی نەتەوەی کوردە. هەڵبەتە دەبێت ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت، خزمەتی تەواوی پێکهاتە و چین و توێژەکانی شارەکە بکات."

میدیای نزیك لە پارتی بڵاویكردەوەن بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات؛ لە قۆناغی یەکەمدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری دەکرێت و لە قۆناغی دواتریش، پارێزگارێک دادەندرێت.

پەروین فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باس لەوە دەکات، رێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، "بەڵام لەوانەیە ئەو رێککەوتنانەی لایەنەکان لەسەری کۆکن، زیاتر پەیوەندیی بە سەرۆک فراکسیۆنەکانەوە هەبێت".

زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک تێ پەڕیوە، تاکو ئێستا هیچ کام لەو پێشنیارانەی کە پێشکەش کراون بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە پەسەند نەکراون.