ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی ئەردۆغان بەشداریپێكردنی عێراقە لە شەڕی قەندیل

کوردستان

21/04/2024‌ 877 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بڕیارە سبەی دوو شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەسەردانێكی رۆژە بگاتە بەغدا و هەولێر و بەگوێرەی میدیای فەڕمی توركیاش ئامانجی سەرەكی سەردانەكە بەشداریكردنی عێراقە لە شەڕی قەندیل.

ئاژانسی ئانادۆڵووی فەڕمی توركیا لەبارەی سەردانەكەی ئەردۆغانەوە بڵاویكردەوە "بەرەنگاربوونەوەی دۆسیەی تیرۆر بۆ توركیا یەكێك لە سەرەكیترین ئامانجەكانی ئەو وڵاتەیە كە دەیەوێت عێراقیش لەگەڵی ھاوبەش بێت. سەردانی ھەریەكە لە وەزیری دەرەوە، ھاكان فیدان لە ئابی ٢٠٢٣ و دواتر سەرۆكی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی توركیا لە كانوونی دووھەمی ئەمساڵدا، بۆ ھەماھەنگی زیاتر بووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، بۆ ئەوەی نەھجێكی ھاوبەش بدۆزرێتەوە كە بوونی پەكەكە وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لە عێراق بناسرێت و بە ھەڕەشەیەك بۆ سەر ھەردوو وڵات پێناسە بكرێت".

بەگوێرەی راپۆرتی ئەو ئاژانسە "لەپاڵ ئەو سەردانانەدا، وەزیری بەرگریی توركیا، یاشار گولەر ڕۆژی ٦ی شوبات سەردانی عێراقی كرد و دوای دیدارەكانی لە بەغدا لەگەڵ سەركۆمار، سەرۆكوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی ھەولێری كرد و لە لایەن سەرۆكی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێكراوە گولەر هەروەها لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بازرانی و جێگرەكەی، قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد كۆبووەوە. یاشار گولەر لە ھەوڵێر ھەروەھا چاوی كەوت بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی و سەردانی بارەگای بەرەی توركمانیشی كرد".


ئاماژەی بەوەشداوە "لەسەر ھەمان پرس و لە پێشھاتێكی دیكەدا، شاندێكی پایەبەرزی توركیا كە پێكھاتبوو لە وەزیری دەرەوە، ھاكان فیدان، وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر، سەرۆكی دەزگای ھەواڵگریی توركیا، ئیبراھیم كاڵن و ھەروەھا جێگری وەزیری ناوخۆ، مونیر كاڕاڵ ئوغلو، ڕۆژی ١٤ی ئادار سەردانی بەغدایان كرد. سەردانی ئەو شاندە پایەبەرزەی توركیا، بە دەركردنی بەیانێكی ھاوبەش بۆ ڕای گشتی كۆتایی ھات. لە بەیاننامەكەدا ھاتبوو: "میكانیزمی ئەمنی ھاوبەش لە نێوان توركیا و عێراق، بە تایبەتی لەپرسی بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە گفتوگۆی لەسەر كرا".

لە بەیاننامەكەدا جەختكرابووەوە "لەسەر یەكگرتوویی گوتاری سیاسی، ڕێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و پەكەكەش وەك ھەڕەشەیەك لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات بناسرێت. ئاماژە بەوەشدراوە كە پەكەكە وە ڕێكخراوێكی نایاسایی بناسرێت و بوونی لە عێراق بە پێچەوانەی دەستووری ئەو وڵاتەبێت".

ئاژانسەكە ئەوەشی نوسیوە "لە كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣، لە ئەنجامی گفتوگۆكانی بەرپرسانی توركیا و عێراق، پەكەكە وەك “ھەڕەشەی ھاوبەش” لە نێوان دوو وڵات پێناسە كرا و دوای ئەوەش بۆ یەكەمجارە چەمكی “ڕێكخراوی نایاسایی” بۆ بەكار دەھێندرێت".