ڕۆنووس: تیمی سەرۆکی حکومەت ڕێزیان لە ڕۆژنامەنووسان نەگرت لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا

کوردستان

22/04/2024‌ 357 جار خوێندراوه‌ته‌وه



فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ ڕۆنووس لەراگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە دەڵێت، تیمی سەرۆکی حکومەت ڕێزیان لە ڕۆژنامەنووسان نەگرت لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا.

هەڕوەها ڕۆنووس دەڵێت، بەداخەوە لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە شاری ھەولێر و لە کاتی بەڕێوەچوونی دیدارێکی تایبەت بە یادەکەدا و لە لایەن سەندیکای ڕۆژنومەنووسان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە میدیاکان پێشێلکاریی گەورەیان بەرامبەرکرا و بێبەشکران.

یادی (١٢٦) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت
تیمی سەرۆکی حکومەت ڕێزیان لە ڕۆژنامەنووسان نەگرت لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا.

   هاوشانی یادی (١٢٦) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی، خەبات بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان، دەستگەیشتن بە زانیاری و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی ڕووبەرەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، بەردەوامی هەیە.
   لەم یادەدا ئەوە بیردەهێنینەوە، ئەرکی دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەشێکی ئەرێنی بۆ کار و چالاکی میدیایی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا بڕەخسێنن، شورەیی و نەنگییەکی گەورەیە تا ئێستایش ڕۆژنامەنووس بە هۆی پیشەکەیەوە و بە هۆکاری ئازادی ڕادەربڕین زیندانی بکرێت و لەبری یاسای کاری ڕۆژنامەوانیی، بە یاسای سزادانی عیراقی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دادگایی و زیندانی بکرێت. 
   لەم بۆنەیەدا، بە گرنگی دەزانین ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین، پێویستە دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکان پابەندی بنەماکانی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانیی و پیشەکەیان بن و ڕێگە نەدەن پەیام و ئامانجە مەدەنی و پیشەییەکانیان بەلاڕێدا ببرێت و وەک کەرەستەی بەرهەمهێنانی ڕق و نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و سیاسی مامەڵە بکرێت. 
   پێویستە هەمووان کاربکەین، تا میدیا و ڕاگەیاندن لە ڕێچکە پیشەییەکەی خۆی دەرنەچێت و هەمانکات لە پشتی هەر جوڵەیەکەوە بوەستین، کە دەچێتەوە خزمەت کاری پیشەیی و بێلایەنی و بابەتیبوونەوە.
   لێرەوە ئێمە وەک «ڕۆنووس»، خۆمان بە پشتیوانی هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگ و کۆی ئەو دامەزراوە میدیاییانە دەزانین، بۆ ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیی و ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین تێدەکۆشن. 

بەداخەوە لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە شاری ھەولێر و لە کاتی بەڕێوەچوونی دیدارێکی تایبەت بە یادەکەدا و لە لایەن سەندیکای ڕۆژنومەنووسان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە میدیاکان پێشێلکاریی گەورەیان بەرامبەرکرا و بێبەشکران لە ئامادەبوون و ڕووماڵی دیدارەکە ، کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان نایەوێت لەو ڕاستیە تێبگات کە میدیا بەشێکی زیندوی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی پرۆسەی دیموکراسیە، بۆیە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ میدیا دەکات و ئەو حاڵەتانە بەردەوام لە دووبارە بوونەوەدان.

هەر لەم یادەدا:
سڵاو بۆ ڕۆحی جوانی بنەماڵەی بەدرخانییەکان.
سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەپێناوی ئازادی و کاری پیشەیی ڕۆژنامەگەریدا بوونەتە قوربانی

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ
«ڕۆنووس»
٢٠٢٤/٤/٢٢