میدیای نزیک لە پارتی: رەوانەکردنی غاز لەسلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک راگیرا

کوردستان

23/04/2024‌ 828 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە دوێنێوە ناردنی غاز (گازی شل) لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک بە تەواوی راگیراوە. بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، "رێگرییەکە 100٪ سیاسییە".

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سووتەمەنی سلێمانی بە میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند، "لە دوێنێوە ناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆک راگیراوە و یەک تانکەر نەنێردراوە".
 
رۆژانە لە سنووری سلێمانییەوە 24 تانکەر غاز بۆ هەولێر و دهۆک دەنێردرا؛ 13 تانکەری بۆ هەولێر، 2 بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 9 تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
 
لەبارەی هۆکارەکەیەوە بەرپرسەکەی سلێمانی گوتی، "نازانین سیاسییە یان هۆکاری دیکەی هەیە".
 
هاوکات، بەرپرسێکی کارگێڕیی باڵا لە هەولێر گوتی "لە بازگەکانی سنووری سلێمانییەوە رێگەنادرێت گاز بگاتە هەولێر و بۆ دهۆک، بابەتەکە 100٪ سیاسییە".
 
دابەشکردنی غاز لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی کۆمپانیای ساوز کوردستاندایە. سامانی حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجکاری کۆمپانیاکە دەڵێت "هیچ هۆکارێکی سیاسیی نییە؛ تانکەرەکان ئامادەن و ئەوەی هەبووە رێگرییە لە چەند رێگەیەکەوە، کە خەڵک ناڕازین تانکەرەکان هاتووچۆی پێدا بکەن".
 
سامانی حاجی فایەق ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری کۆیە قایمقام و لە هەولێر پارێزگار لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک کە تانکەرەکان بگەنە هەولێر و دهۆک "ئێوارەی ئەمڕۆ غاز دەگاتەوە هەردوو پارێزگاکە".