بۆچی ئەحمەد شەرع خۆی لە ئیسرائیل نزیك دەكاتەوە؟

ڕاپۆرت

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1239 جار خوێندراوه‌ته‌وه


رۆژئاوای كوردستان- كەنداڵ جودی:

 لە كاتێكدا ئەمریكا سزا ئابوورییەكانی سەر سوریای هەڵگرت، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سوریا و ئیسرائیل بووەتە پلانێكی نوێ.

لەو چوارچێوەیەدا بە بڕوای سیاسەتمەداران پرسی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا پەیوەندی بە ڕێككەوتنێكی نهێنی نێوان ترەمپ و ئەحمەد شەرعەوە هەیە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، واتە ڕێككەوتنێك لە چوارچێوەی پەیمانەكانی ئیبراهیمیدا.

 ئەو پرسیارەی لە ئێستادا لە ناوخۆی سوریا دەكرێت ئەوەیە كە ئایا ئەحمەد شەرع هاوشێوەی حافز ئەسەد، سەرۆكی پێشووتری سوریا، بەرزاییەكانی جۆلان دەدات بە ئیسرائیل  و ترسی گەورەتر ئەوەیە كە ئیسرائیل لەو خاكە نەكشێتەوە كە لەسەردەمی ئەسەد داگیری كردووە و حكومەتی ئێستای دیمەشق ئەمە پەسەند بكات.

ڕۆژنامەنووس و نووسەر سەركیس قەسەرژیان بە شارپرێسی ڕاگەیاند، چاوەڕێی ئەوە ناكات ئیسرائیل لەم كاتەدا پەیوەندی هەمیشەیی لەگەڵ سوریا دابمەزرێنێت.

 لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "بەپێی تێبینیی من بۆ سیاسەتی ئیسرائیل، ئیسرائیل دەیەوێت حكومەتێكی سەقامگیر لەسوریا دابمەزرێنرێت، بەڵام ئەم مەرجە لە حكومەتی ئێستای سوریادا بوونی نییە. بەو پێیەی حكومەتی ئێستای سوریا كاتییە، بۆیە پەیوەندی كاتی لەگەڵیدا دروست دەكات، نەك پەیوەندی هەمیشەیی وەك ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیمی".

لەزگین ئیبراهیم، توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی فورات، بۆ شارپرێس دەڵێت "حكومەتی كاتی سوریا ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل وەك هەڵبژاردەیەكی ستراتیژی نەتەوەیی سەیرناكات، بەڵكو وەك ڕێگەیەك بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت لەنێو ڕای گشتی نێودەوڵەتیدا لێی دەڕوانێت".

سەبارەت بە پرسیاری ئایا هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر سوریا پەیوەستە بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، ڕۆژنامەنووس سەركیس لە وەڵامدا وتی: بێگومان پرسی ئاساییكردنەوە یەكێكە لە مەرجەكانی هەڵگرتنی سزاكان، نەك تەنها ئاساییكردنەوە، بەڵكو پرسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و دەوڵەتانی دراوسێ و جێبەجێكردنی مەرجەكانی دیكەی ئەمریكا لە ناوخۆی سوریاشدا هەیە سزاكان بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەیە كە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر ئیسرائیل نەكرێت.

پرسی كشانەوەی ئیسرائیل لەو خاكەی سوریا كە لە دوای ڕووخانی ئەسەد داگیری كردبوو، هەروەها كشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان، بووەتە بابەتی بەرنامەی كار. بەڵام ئایا حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع لە بەرامبەر پێكهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل داوا لە ئیسرائیل دەكات لەو شوێنانە بكشێتەوە؟
لەسەر ئەم پرسە ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لاوازە و ناتوانێت مەرجەكانی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت، بۆیە هەر داواكارییەكی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەمریكاوە بخرێتەڕوو، حكومەتەكەی شەرع ڕازی دەبێت پێیان، تەنها بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی.

توێژەر لەزگین ئیبراهیم لەسەر هەمان بابەت قسەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی كاتی سوریا بەنیازی گەڕانەوەی جۆلانی داگیركراو نییە، بەو پێیەی تاكە ئامانجی دامەزراندنی سەروەری خۆیەتی لە چوارچێوەی سوریادا و لە درێژەی قسەكانیدا وتی: حكومەتی كاتی دەبینێت ئەگەر ئیسرائیل یان دەوڵەتانی ڕۆژئاوا قبوڵیان بكەن، ئەوا دەتوانێت وەك ئامرازێكی بەهێز بەكاریبهێنێت دژی هێزەكانی دیكەی سوریا، وەكو ئیدارەی خۆسەر، هێزەكانی سوریای دیموكرات، عەلەوییەكان و  دروز، بۆیە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست دەكات.

تا ئێستا ئیسرائیل و حكوومەتی كاتی سوریا ڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ڕووبەڕوو دیداریان نەبووە، بەڵام دەوترێت پەیوەندی نهێنی هەیە. بەڵام لەهەمان كاتدا گەورەترین ترسی حكومەتی كاتی سوریا بارودۆخی ناوخۆی خۆیەتی، بەو پێیەی زۆرێك لە گروپەكانی سەر بە سوریا بە توندڕەوی و دوژمنایەتییان بەرامبەر ئیسرائیل ناسراون. هەروەها ئەمەش ئاستەنگێكی گەورەیە بۆ ئەوەی ئەحمەد شەرع لەهەر هەنگاوێكی ڕوون بەرەو ئیسرائیل بنێت.
 ئ.ه