چەمچەماڵ، شەڕی بەسەدام دەفرۆشت!

8 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز جەعفەر

چەمچەماڵ مافی بەسەر مێژوو، شارستانییەت، ئابوریی، وزە، مەسەلەی کەرکوک و مەسەلەی کوردیشەوە هەیە؛ گەورەترین قەزای هەرێمی کوردستانە؛ تەنانەت مافی بەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە هەیە (ساڵی ١٩٤٦ ڕۆژنامەی چەمچەماڵ هەبوەو شاکر فەتاح سەرنوسەری بوە)، مافی بەسەر ئەدەبیاتی کوردییەوە هەیە؛ بەسەر پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە هەبوەو هەیە. لەمە زیاتر بخزێێنە وەسفکردنەوە دەچێتە چوارچێوەی شارچێتیەکی بێماناوە (شوێنەکانی دیکەش گرینگن)، باسی گرفتەکە ئەوەیە؛
- سی و دوو ساڵە حوکمڕانی کوردیی هەیە؛ نەیتوانیوە نەخۆشخانەیەک بۆ چەمچەماڵ درووست بکات کە شەش ناحیەی بەرفراوانی لەسەرە. 

- بەرەو حەڤدە ساڵە گازی سرووشتی لەناوچەکە دەردەهێندرێت و کاری لەسەر دەکرێت؛ دەستەڵات نەیتوانیوە لەو داهاتە چوار کارگەو کارخانەی ڕێکو پێک بکاتەوە و ئەو گەنجانە سەرقاڵ بکات بە ژیانەوە. 

- پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سەروو پانزە ساڵە لەلایەن وەبەرهێنێکی ساختەچییەوە بۆ کراوەتەوە؛ هەموو گیانی عەیب و عارە؛ ئێستا دیسانەوە دەیانەوێ ئەوەندەی تر زەوی ڕادەست بکەن!

- لە سەرەتای هەشتاکان کەسێک مامۆستابوە، کاندیدی پەرلەمانی عێراق بوە، بەربژێرەکە بەڵێن دەدات ئەگەر خەڵکى چەمچەماڵ دەنگى پێبدەن و ببێت بە ئەندامى پەرلەمان، وا لە شارى چەمچەماڵ دەکات وەک شارى (ڤینیس) ماڵ بە ماڵ بە بەلەم هاتووچۆ بکەن! لەوکاتەوە چەمچەماڵ بەڵێنی پێدەدرێ!

- بۆڕی گاز بە لە کۆرمۆر و چەمچەماڵەوە دەبەن بۆ زاخۆ؛ بەڵام بۆڕییەک ئاو لەو بندەستەدا بە چەند کیلۆمەترێک لە گۆپتەپەوە ڕاناکێشن بۆ سەدان هەزار کەس؟!

بیابانێکی تەپوتۆزاوی وەک کەنداوی عەرەبی، دوورگەیەکی بچووکی وەک سەنگافورا، وڵاتێکی وەک ئیسرائیل سەردەمێک هیچ مەرجێکی ژیانی تیا نەبوە؛ بەڵام ئەقڵ و نیشتیمانپەروەریی ڕاستەقینە نەک هەر گەیاندنی بە هەورەکان، داهێنانی تەکنەلۆژیی و کارخانەی پیشەسازیی گەورە، بەڵکو کردونی بە جەمسەرێکی یەکلاکەرەوە لە باڵانسی هێزی جیهانییدا. ئەوە هیچ هونەرو قوورسییەکی ئەوتۆی تیانییە؛ سبەی ڕێگە بدەن (بەس کێشە درووست نەکەن) دوو ئەندازیاریی چینی و کۆری دەهێندرێ و بەئاسانی دەتواندرێ چەمچەماڵ لەماوەی چەند ساڵێکی کەم دا بکرێت بە پایتەختێکی گەشتیاریی، سەوزایی، بازرگانی و وەبەرهێنان.. ئێ بەڵام کەسێک کە دوو دیناریشی پێیە لەشارەکەدا دەیەوێ هەوڵێکی بچووک بدات؛ هەر بە زۆر حیزب داوای (٥٠٪) ی قازانجەکەی لێ دەکات!

دیمەنێکی شەرمهێنەرە دوو هەفتە جارێک، دوومانگ جارێک بگەڕێیتەوە بۆ زێدی خۆت؛ بێ ئاویی ببینی، بێکاریی گەنجەکان و بێ ئیرادەیی ببینی! بێ تاقەتی لەشارێک ببینی کە سەرچاوەی تاقەت و بەرخودان بوە؛ مامە حاجییەک لە ناوەڕاستی "چەمچەماڵ" دا یەخەت بگرێ؛ بڵێ ئێمە شەڕمان بە "سەددام دەفرۆشت، ئێستا وامان لێ هاتوە!". لە چەمچەماڵ دەزگایەک، نوخبەگەلێکی بەهێز، یەکێتییەکی کۆمەڵایەتی پتەو نابینی، چۆن ئەم شارە وا بێدەنگ و بێکاریگەر کرا..ماشێنێكە هیچ شوێنێکی ئیش ناکات!؟ ئا..دەی "جومعەیە" بابچین بزانین مزگەوت و مامۆستا دەڵێ چی؟

- لە ئەوەڵەوە مامۆستا باسی گرینگی ناسینی پێخەمبەرەکەمان (د.خ) دەکات؛ باش نەخەفتە مل بابەتەکەیا و بابەتێکی دەووت؛ ئارگیۆمێنتی بە‌هێزی نەدەهێنایەوە کە ئیمانی موسڵمانان زیاتر دەمەزەرد بکاتەوە باشتر سەرنجیان بەرەو خەسڵەتە بەرزەکان ڕا-بكێشێت، مەسەلەن هەر بەتەنها دەیوت؛ ئەوەی پێخەمبەر (سڵاوی خوای لێ بێت) خۆش نەوێ ڕێک بۆ ناو ئاگر و ئەمە قەتعییەو قسەی تری ناوێ؛ ئێ بۆ، دە باسی بکە! تۆزێک نەرمتر ڕوونی بکەوەو، دەیان حیکمەت و هۆکاری گرینگ هەیە باسی بکەی!

"ئەمما؛ لە ئاخیرەوە کەی وتارەکەی تەواو- تەواوکرد؛ مامۆستا وتی، بەس قسەیەکی ترم هەیە؛ با پێتان بڵێم، ئێمە سەرچاوەی غیرەت و پیاوەتی و ئازایەتی بووین بۆ وامان لێهاتوە! سوێندی تەواوەتی خوارد کە پانزە ڕۆژ "ئاو" لەماڵەکەی نەبوەو شەویش تا بەیانی دانیشتوە بە دیار بۆڕییەکەوە ئاوی پێدا بێ؛ هەر نەهات! مامۆستا وتی لەسەروو هەموو ئەمەشەوە نە مووچە هەیە، نە عەدالەت و نەژیان، دەیانەوێ کارەبای چەمچەماڵ بکەنەنە ٢٤ سەعاتی و بەوهۆیەوە پارە لە خەڵکەکەش کۆبکەنەوە؛ ئیتر مەگەر نەوێرین جلێک ئوتوو بکەین و بۆیلەرێک دابگیرسێنین! ئێمە داوا دەکەین ' ڕۆنی خۆمان لە سمێڵی خۆمان بدەن"، بۆ ئەوەش دەبێت خەڵکی چەمچەماڵ خۆمان یەکگرتوو بین، وتی؛ ئا،،ئەمەی لەم مزگەوتە دانیشتووین پێکەوە بین کەس ناتوانێ غەدرمان لێ بکات. مامۆستا کاتێک وتی؛ ژیان بۆ مەسئولەکان هەیە نەک بۆ خەڵک، من یۆنانم بیرکەوتەوە لە قەیرانی دارایی قووڵدا بوون، خەڵکەکەی خۆش-خۆش ڕایاندەبوارد، بەڵام دەستەڵات و دەزگاکان لە خەم و کەمخەوییدا بوون بۆ نیزیکەی دە-ساڵ، سەرۆکوەزیران و پارتی سیریزا لەوێ بۆینباخیان نەدەبەست." 

سەرەتای ئەمساڵ لە کۆریای باشورەوە، کۆمپانیای کەی پی ئێم-KPM پەیوەندییان پێوە کردم، کە نوێنەریان بم لە عێراق؛ بۆ ئەوەی گازی چەمچەماڵ و دەوربەری بکەن بە گەورەترین ناوەندی پیشەسازیی عێراق، ئەوەش تەنها بڕێک لەو گازە سرووشتییەیان پێ بفرۆشرێت، وەک چۆن دەیدەن بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان، پرۆژەکە دەیتوانی بە مووچەی بەرز نیزیکەی (٢٥٠٠٠) بیستوپێنج هەزار تەنها لە خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری بە مووچەی بەرز بخاتە سەر کار، خزمەتی بە ئاسایشی خۆراکیش دەکرد، پرۆژەی خێرخوازیشیان هەبوو لەگەڵیدا بە بەهای (١٠) ملیار دۆلار بۆ هەموو عێراق، دەمانتوانی یەک ملیاری بەئاسانی لەماوەی چەند ساڵێکدا بهێنین بۆ چەمچەماڵ؛ چەند مانگێکیش ئیشم لەسەر کرد؛ بەغدا باش هاتنە پێشەوە؛ بەڵام لووتکەی دەستەڵاتی خۆمان هەموو پرۆپۆزەڵ و نوسراوەکانیشی وەرگرت، بە ئینگلیزیی و بە کوردیش ڕوونمان کردەوە، دواتر بێدەنگییان لێکرد! 

 دوای "پەنجا" ساڵ درۆکردن لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵدا؛ ئەم کێشەی "ئاوهاتنەوە"یە هەر چارەسەر نەکرا. لە دەیان ناوچەی "چین" ئاو نەک هەر نەبوو؛ مرۆڤ دەترسا سەیری دیمەنەکەشی بکات؛ بچن سەیری بکەن ئێستا سەدان تاڤگەی دەستکردی لێیەو گەورەترین ناوەندی کشتوکاڵیشن؛ شتەکە لەحوکمڕانییدا هەمووی پەیوەندیی بە "ئیدارە"و "ئەقڵ" ەوە هەیە؛ئەوەش نییەو "ڕقیشیان لێیەتی". چەمچەماڵ دەبێت لە پۆڵەندییەکانەوە فێر بێت کە چۆن قوربانی و جینۆسایدو بەرخودانەکەی دەکات بە مۆزەخانە و چۆن دیزاینی بیناکانی دەکات؛ ئێ بەڵام تا ئێستا دەڤەرەکە تەنانەت ناوەندێکی پاڵپشتییکراوی نییە بۆ ئیشکردن لەسەر "ئەنفال!". توانای مرۆیی و کادیری وەها بەتوانا لە چەمچەماڵدا هەن و هەبوون؛ دەتواندردرا سەرچاوەی داهێنانی بەرچاو بن نەک بۆ عێراق بەڵکو بۆ جیهان، ئێ بەڵام شتەکان لە سەرەتاوە لەلایەن دەستەڵاتی کوردییەوە لنگەوقووچ دەستی پێکردوە، هێشتا بنەماو دیواری نییە سەقفی لەرزۆکیان درووستکردوە؛ کۆیەو گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین و چەمچەماڵیش هێشتا ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا، نەخۆشخانەو هەلی کاریان نییە، تەنانەت کافتریایەکیان نییە، لادێکانیان چۆڵی کردوە، کەچی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا "زانکۆ"یان بۆ کردوونەتەوە؛ ئایا زانکۆ لەم دەڤەرە بەگشتی مەعریفەی بەرهەمهێناوە یان زبڵ؟ زبڵ. دانیشتووە گاڵتە بە تورکیا دەکات؛ پێڵاوەکەی و کراسەکەی و دەرپێکەی تورکین! پێڵاو چییە میللەتێک نەتوانێت درووستی بکات؟ وابوو.. سەدان کەس هەبوو لەو چەمچەماڵە شەڕی بە ڕژێمی بەعس دەفرۆشت و، داستانی تۆمار دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئیرادەی مرۆڤی کوردیی تیادا شکێندراوە! شکێندراوە؛ چوونکە دەستەڵات نەک پاڵپشتی بیری چاک و پرۆژەی چاک ناکات؛ بەڵکو ڕێگری لێدەکات؛ کەی ڕێگری نەکرد؛ ئەوەی لەسەرەوە وترا؛ زۆر لەوە زیاتر ئاسانە بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی