وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەوە ڕونکردنەوە دەدات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕونکردنەوەیەک لەبارەی بەبانکیکردنی موچە دەدات و دەڵێت،" ئاگادارییەکی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە ".


وەزارتی دارایی و ئابوری لەڕونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە،" لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی موچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ موچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی موچە بەکاش نامێنێت ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دوپاتی دەکەینەوە لەدوای سەری ساڵ موچە تەنها لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت و هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من موچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت ".

هاوکات، وەزارەتی دارایی هەرێم رونکردنەوە لەبارەی چەند خاڵێک دەدات، کە بریتین لەمانە:

1- لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ی دیاریکرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا موچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

2- بە پێی بڕیاری ژمارە ( 550 ) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی ( 17 ی تەموزی 2025 ) دەرچوە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردوە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.