سوریا بۆ هەسەدە: هەر کێشەیەکتان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆتان چارەسەر دەکەین

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت،" داوای خۆڕادەستکردن و تواندنەوەمان لەهەسەدە نەکردوە، بەڵکو پێمانوتن وەرن تێکەڵی سوپای سوریا بن و گەرەنتی وەربگرن و مافەکانتان مسۆگەر بکەن"، ڕاشیدەگەیەنێت، هێزەکانی هەسەدە هەر کێشەیەکیان لەگەڵ تورکیا هەبێت بۆیان چارەسەر دەکەن.


ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لەچاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری "المجلة" ئاماژەی بەوەکردوە،" ئەوان دەستپێشخەرییان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کردوە کە بەتەواوەتی تێکەڵی دامودەزگاکانی دەوڵەت بن، لەبەرامبەردا سەرجەم مافەکانیان پارێزراو دەبێت ".

ئەوەشیخستەڕوو،" بۆ یەکەمینجار ئەو دەستپێشخەرییە بە رەزامەندی ئەمریکا و تورکیا بوە ".

وەزیری دەرەوەی سوریا وتیشی،" هەموو شتێکمان پێشکەش بە هەسەدە کرد، رێککەوتن، رێز، مافی تەواوەتی، نوێنەرایەتی و پابەندبون بە مافەکانی کورد، لەوانە زیاتر چی تر بکەین "؟

بەوتەی ئەسعەد شەیبانی، ئەو چارەسەرانە کاتی نین، بەڵکو هاوبەشی راستەقینەن و بۆ یەکەمینجار ئەمریکا و تورکیا لەسەر ئەو پرسە رێککەوتن.