شارێکی دیکەی کوردستان دەچێتە ریزی شارە مێژوییەکانەوە

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 259 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئامادەکردن: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

دەزگای زانیاریی شارەداریی سەقز باس لەوە دەکات، لە دوهەمین دانیشتنی کۆڕبەندی شارە مێژوییەکانی ئێران کە لەلایەن شاری «یەزد»ەوە بەڕێوەچوو، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆڕبەندەکە، شاری سەقز وەک یەکێک لە شارە مێژوییەکانی ئێران ناسێنرا.

لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا 50 شارەوانی وڵات داوای ئەندامێتی لەو مەکۆیەیان کرد؛ دوای پێداچونەوەی بەڵگەکان و دەنگدانی کۆتایی، 21 شار بە سەقزەوە وەک ئەندام وەرگیران، لە ئێستادا 55 شاری مێژویی ئەندامی کۆڕبەندی شارە مێژوییەکانی ئێرانن.

دکتۆر ئەرەستوو گەوێڵی سەرۆکی شارەوانی سەقز لەوبارەیەوە دەڵێت،" ئێمە لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئەم ڕیزە، هەوڵی ئەوە دەدەین نەک تەنیا بۆ پاراستنی ئەم میراتە، بەڵکوو بیکەین بە بزوێنەری گەشەپێدان و گەشتیاری و دامەزراندنی شارەکە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" پێکهێنانی گروپی کار لەسەر وەبەرهێنان لە چوارچێوەی مێژویی بۆ دەستنیشانکردنی نەخشەکانی ڕاکێشانی سەرمایە و بەشداریی کەرتی تایبەت، دروستکردنی داتابەیسی میراتی شارەکانی ئێران بۆ تۆمارکردن، ناساندن و بەڵگەنامەکردنی شوێنەوارە مێژوییەکانی شارە ئەندامەکان، بەڕێوەچوونی ساڵانەی هەفتەی میراتی شارەکانی ئێران لەسەر بنەمای خولانەوەی شارەکانی مێژویی وڵات، پێکهێنانی تۆڕێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزمونی شارەوانی شارە مێژوییەکان بە کۆبونەوەی وەرزیی بەشێوەی کەسی و ئۆنلاین، بەشێک لە ناونیشانی ئەو پێشنیارانە بون کە سەرۆکی شارەوانی سەقز پێشکەشی کرد ".

هەروەها پێناسەی پڕۆژە هاوبەشەکانی گەشتیاریی ناوچەیی وەک ڕێگای میراتی ڕۆژئاوای ئێران (سەقز، سنە، کرماشان، و هەمەدان)، دامەزراندنی سندووقێکی هاوبەش بۆ پاڵپشتیکردن لە بوژاندنەوەی چوارچێوە مێژووییەکان بۆ پاڵپشتی دارایی پرۆژەکان، پەرەپێدانی هەڵمەتێکی میدیایی بۆ شارە مێژووییەکانی ئێران بە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ناساندنی هەر شارێکی ئەندام، و گرنگیدان بە چەمکی "ڕۆحی شارەکان" وەک میحوەرێکی کولتووری و ڕۆحی شوناسی شار لە بەرنامەکانی کۆڕبەندەکەدا وەک پێشنیارێک کە لەلایەن سەرۆکی شارەوانی سەقزەوە پێشکەش بە کۆڕبەندی دووەمی شارەکانی ئێران کرابوو، پێشنیار کران.