شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی یەک ساڵ بەسەر بەڕێوەچونی یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی خولی
شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕاگەیەنراوێکی
بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەق بوو پەرلەمانتارانی خولی شەشەم كار بۆ گێڕانەوەی شكۆی
پەرلەمان بكەن! هاوکات راشیدەگەیەنێت، دەتوانرێت ناوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامەکانی لە
درێژترین كۆبونەوەی كراوە و بێدەنگترین پەرلەمانتاردا بخرێنە كتێبی گینزەوە.
دامەزراوەی پەی لەڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە، لەماوەی ئەم ساڵەی
رابردودا دەبوو پەرلەمان ئەم كارانەی بكردایە:
1-دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرایە.
2-لیژنەكانی پەرلەمان (كە نۆزدە لیژنەن) دروست بكرانایەو
هەڵبژاردنی ئەندامەكان و دەستەی سەرۆكایەتیان بۆ بكرایە.
3-سەرۆكی تازەی هەرێم هەڵبژێردرایە.
4-كابینەی نوێی حكومەت (كابینەی دەیەم) هەڵبژێردرایەو ئێستا
لەكاردا بوایە.
5-یاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵانی 2025 و 2026 پەسەند بكرانایە.
6-چەندین یاسای نوێ دەربچوێنرانایە.
7-چەندین یاسا كە بەسەرچونە هەموار بكرابوونایەتەوە.
8-دەستەی دەستپاكی (نەزاهە) ماوەی (8) ساڵە سەرۆكەكەی ماوەی یاسایی
بەسەر چووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
9-دیوانی چاودێری دارایی ماوەی (4) ساڵە بێ سەرۆكە و كارەكانی
پەكیان كەوتووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
10-كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ماوەی (6) ساڵە ماوەی
یاسایی كۆمسیارەكانی بەسەر چوونەو دامەزراوەكە بەپێی یاسا پەكی كەوتووە، ئەركی
پەرلەمان بوو کۆمسیاری نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
11-دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ماوەی یاسایی سەرۆكەكەی بەسەرچووە،
ئەركی پەرلەمان بوو سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
12-چاودێری ئەو دەیان یاسایەی بكردایە كە لەلایەن دەسەڵاتی
جێبەجێكردنەوە پێشێلكراون و رۆژانە پێشێل دەكرێن.
13-چاودێری وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بكردایە لەو
لەیاسادەرچوونانەی دەكرێت.
14-كاری بكردایە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان و
دەبووایە ئێستا دەنگی لەسەر بدرایە.
15-پەرلەمان كە بەپێی یاسا بەرزترین دامەزراوەو مەرجەعی خەڵكی
كوردستانە لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكاندا، رۆڵی خۆی بگێڕایە لە پرسی
بودجە و موچەی موچەخۆراندا كە ساڵانە بەهۆی ململانێی نێوان هەولێر و بەغداوە چەند
موچەیەكیان دەفەوتێت.
هەر لەڕاگەیەنراوەکەیدا دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمانەو چەندین
پرسی گرنگی تر ئەركی پەرلەمان بوو ئەنجامیان بدات، بەڵام هیچكام لەو ئەركە پەیرەوی
و یاساییانەی ئەنجامنەدا، وێڕای ئەو دەیان بەڵێنەی لایەنە سیاسییەكان بە
هاوڵاتیانیاندا، وێرای ئەو سەدان بەڵێنەی كاندیدەكان بە دەنگدەرانیاندا، تاكە
كارێك پەرلەمانتارەكان كردبێتیان وەرگرتنی موچەی مانگانەیان بووە! كە ئەمەش لەگەڵ
هیچ دەستور و یاسا و داب و نەریتێكدا وێكنایەتەوە!
دامەزراوەی پەی لە کۆتاییدا رایدەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە، نەك هیچ
هەنگاوێکیان بۆ نەنا، بەڵكو کاراکتەرێکی ئەو ڕەوشە بوون کە دەگوزەرێت، کە خۆی لە بێبەهاكردنی
پرۆسەی هەڵبژاردن، لێدان لە شكۆی دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە، ناهەقیەكی
ئاشكرا دەکەن بەرامبەر ئیرادەی خەڵك و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێم، ئەمەش لەگەڵ
هیچ كام لە پەیڕەو و كارنامەی قەوارە سیاسییەكان و بەڵێنەكانیاندا وێك نایەتەوە،
ئەگەر زیاتر بخایەنێت سەردەكێشێ بۆ سەرەنگومكردنی ئەو قەوارە سیاسییەی بەخوێن و
ئارەقی خەڵكی كوردستان درووستبووەو بەرپرسیاری یەكەمی بەردەم مێژووش هەردوو حزبی
دەسەڵاتداری (پارتی و یەكێتی)ن.
