چەکدارەکانی دیمەشق گەمارۆی سەر گەڕە کوردییەکانی حەلەب توندتر دەکەن

کوردستان

03/01/2026‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کاتی سوریا بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆیەکی توند بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەم گەمارۆیە قەیرانی مرۆیی توندتر دەکات و مەترسی لەسەر ژیانی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی دروستکردووە. 

هەروەها بەهۆی پچڕانی کارەبای نزیکەی تەواو و گەمارۆدان و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

گەمارۆدانەکە گەیاندنی گازۆیل و بەنزینی وەستاندووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کارکردنی نەخۆشخانەکان و نانەواخانەکان و سیستەمی گەرمکەرەوە هەبووە، کە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی ساردوسەرمای توند کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

هەروەها گەڕەکەکان تووشی کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپتربوونی نەخۆش و زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.