شارپرێس:
پەیامێکی فەرمی لە تارانەوە گەیشتە بەغدا، پەیامەکە تایبەتە بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، کە پەیوەندیدارن بە عێراقەوە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی لەمحەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەعێراق کردو نامەیەکی نوسراوی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی پێگەیاند.
نامەکەی تاران تێڕوانینەکانی ئێرانی سەبارەت بەگرنگترین پرسە نێودەوڵەتییەکانو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆگرتوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگیی دولایەنەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیهنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردولا گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراقو هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بەجێگیربونی پڕۆسەی دیموکراسی بکات.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمجۆرە گۆڕینەوەی دیدو بۆچونانە، بەشێکی گرنگە لەستراتیژی عێراق بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا.