هه‌سه‌ده‌ هاته‌ده‌نگ‌و ئه‌گه‌رى شه‌ڕێكى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

07/01/2026‌ 6518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌رى شه‌ڕێكى گه‌وره‌و خوێناوى له‌ئارادایه‌"، ده‌شڵێت، "حكومه‌تى دیمه‌شق، 80 تانك‌و زریپۆش له‌ده‌وروبه‌رى ئه‌شره‌فیه‌و شێخ مه‌قسود جێگیركراون".


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بڵاوەپێکردنی سەربازانى حکومەتی دیمەشقى لەدەوروبەری شێخ مەقسودو ئەشرەفیەو به‌نى زه‌ید ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەرەسەندن‌و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەو خوێناوى".

هه‌سه‌ده‌ وتویه‌تى، "زیاتر لە80 تانک‌و ئۆتۆمبیلی گه‌وره‌ى سەربازیی، لەدەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە جێگیرکراون، به‌بڕیارى حكومه‌تى دیمه‌شق، ئەمەش نیشاندەرێکی مەترسیدارە کە ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی بەرفراوان‌و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ژمارەی شەهیدانی مەدەنی لەئەنجامی تۆپبارانی گروپه‌كانى سەر بەحکومەتی دیمەشق بۆسەر گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییەو به‌نى زه‌ید لەشاری حەلەب، بۆ حه‌وت شه‌هیدو 52 بریندار بەرزبوەتەوە".

له‌كۆتاییشدا هه‌سه‌ده‌ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "گەمارۆ لەهەمولایەکەوە بەسەر ئەو سێ گەڕەکەدا سەپێنراوەو گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سوریاو توركیا، ڕێگریی لەهاتنە ژورەوەی خۆراک‌و دەرمان‌و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن، ئەمەش دۆخی مرۆیی خراپتركردوه‌و ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی خستوه‌ته‌ مەترسییەكى گه‌وره‌وه‌".