پاشخان
ڕۆژانی پێنج و شەشی ئەم مانگە لە پاریس شاندی سوریی کە پێکهاتبو لە وەزیری دەرەوە و بەرپرسی هەواڵگریی سوریی، لە گەڵ شاندی ئیسرائیلی کە بە سەرۆکایەتی باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، بە سەرپەرشتی ئەمریکا، گەشتنە ڕێکەوتنێک کە بە هەموو پێوەرێک ئاساییکردنەوە یان تەتبیعە لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا، بە جۆرێک کە هەردوولا لە ئاستی هەواڵگری، بازرگانی، دیپلۆماسی هاوکاریی یەکتر بکەن و ناوەندێکی تایبەتی هەماهەنگی دروست بکەن. تەنانەت ئیسرائیل مەکتەبێکی تایبەت لە دیمەشق دەکاتەوە کە وەک باڵوێزخانە کار بکات، بەڵام ناوی نانێن باڵوێزخانە چونکە بە فەرمی تەتبیع نیە هەتا ڕێگە بە دیمەشق بدرێت لە تەل ئەبیب باڵوێزخانەی هەبێت.
هەندێک وەها دەبینن کە ئەم ڕێکەوتنە لە پاشخانی هێرشەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەن. ئەوانەی وەهای دەبینن بە گشتی دوو بەرەن: بەرەیەک وەهای دەبینێت کە هێرشەکانی حەلەب بۆ سەر کورد، هەوڵێکە بۆ پۆشینی ئەو تەتبیعەی لە نێوان شەرع و نەتانیاهوو واژۆکراوە. بەرەیەکی تر وەهای دەبینێت، کە دەرئەنجامی ئەوەیە.
هەندێکی تر وەهای دەبینن کە ڕێکەوتنەکەی نێوان سوریا و ئیسرائیل هەروەها ڕێکەوتنە لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل، بەو پێیە، ئیسرائیل لە باشور دەستی وەڵا دەبێت و دیمەشق هاوکاری دەبێت، تورکیا لە باکوری سوریا، بە جۆرێک سوریا دەبێتە ناوچەی قەڵەمڕەوی ئیسرائیل و تورکیا.
بە گومانم هێرشەکانی حەلەب دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ بن. بەڵام بێگومان دەرئەنجامی دیفاکتۆیین یان ئەمری واقیع. بۆ نمونە کاتێک ئیسرائیل ڕازی دەکرێت، پاشان هێرش دەکرێتە سەر کورد، ئەوا ئیسرائیل دەستوبرد نایەتە هێرشکردنە سەر دیمەشق. لە هەمانکاتدا لە ڕوی میدیاییەوە، هرشکردنە سەر کورد، دەبێتە مایە شاردنەوەی هەواڵی تەتبیعەکە. چونکە زۆ ئامادەکاری چەکدارە سورییەکان بۆ هێرش تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا نەبوو.
دیارە لە ناو گەلانی موسوڵماندا زۆر باوە کە زاڵم بیت بەرامبەر لاواز و ملشۆڕبیت بەرامبەر بەهێز. ئەمە قوڵترین قەیرانی ئەخلاقی ئەو گەلانەیە.
ستراتیژی شەرع
پلانی شەرع لەو دێرەی سەرەوە سەرچاوە دەگرێت، سازشکردن بۆ دەرەوەی بەهێز، بەکارهێنانی زەبرزەنگی بێسنور بەرامبەر هاوڵاتیان لە ناوەوە. ئەم پلانە بە پێکەوەبونی بە زەبر forced integration ناسراوە. پاش دروز و عەلەوی ئێستا ئەم پلانە بەرامبەر کورد جێبەجێ دەکرێت.
دوو گەڕەکە کوردیەکەی حەلەب، خاڵی لاوازی سوپای سوریای دیموکراتن. چونکە ئەم گەڕەکانە بەپێی ڕێکەوتن لە گەڵ شەرعدا نزیکەی هەزار شەرڤان لێی دەرچوون. ئەوەی ماوەتەوە تەنها هێزی ئاسایشە. لە هەمانکاتدا دابرانێکی زیاتر لە پەنجا کیلۆمەتریی هەیە لە نێوان حەلەب و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردیی.
شەڕع دەیەوێت سەرکەوتن بەرامبەر کورد بەدەستبهێنێت. کوردیش دەیەوێت ئەو سەرکەوتنە شکستبهێنێت، یان ئەگەریش ڕویدا بە زۆرترین باجەوە بێت.
ستراتیژی تورکیا
حەلەب بۆ تورکیا زێدە گرنگە. لە ڕاستیدا لە نەستی تورکیدا حەلەب ناوچەیەکی تورکییە. ئەگەر ڕاستەوخۆش نەگەڕێتەوە سەر تورکیا ئەوا دەبێت ناوچەی قەڵەم ڕەویی تورکی بێت. گەر لە یادتان بێت هەفتەیەک پاش کەوتنی ئەسەد ئەردۆگان ووتی، تورکیا گەورەترە لە تورکیا. هەروەها ووتی وەک نەتەوە، ناتوانین دیدمان لە تەنها ٧٨٢ هەزار کیلۆمەتردا قەتیس بکەین. بۆ ئەردۆگان زاڵبون بە سەر ناوچەکەدا وەک چارەنوسێکە، تورکیا ناتوانێت لێی ڕابکات، بە قسەی ئەو. هەروەها ووتی ئەوانەی کە دەڵێن بۆ تورکیا لە لیبیا و سۆماڵە، لەمە تێناگەن. لەم ڕوەوە تورکیا خۆی زیاتر لە هێزێکی ناوەندی دەبینێت. بۆ لێکۆڵەری تورک ئاسلی ئایدنتاشباش ئەمە هیچ نیە جگە لە تراویلکەیەک.
بۆ تورکیا حەلەب بەشێکە لە پرۆسەی کردنی سوریا بە پاشکۆی تورکیا و بەهێزکردنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە. لەم ڕوەوە بونی کورد لە حەلەب وەک ڕێگرییەک دەبینێت. هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی سنوردارکردنی پێگەی کورد لە سوریا.
لای تورک و سورییەکانیش، کورد وەها دەبینرێت کە لە ڕابوردودا بونی نەبوە، هیچ ڕۆڵ و پێگەیەکی نەبوە، بۆیە ئێستا هەر شتێکی هەبێت زیادەیە. کردنی سندوقی بۆیاخی پێڵاو هەروەها چەمکی بویەچی، بە سیمبولی کورد بۆ لێسەندنەوەی هەموو سیاسیی بونێکە لە مرۆڤی کورد. کردنیەتی بە بونەوەرێکی ناسیاسیی بێ ماف.
ئەمە ئەو لۆژیکە بەرهەم دەهێنێت کە زوڵم، زوڵم دروست دەکات. زوڵمی ئەسەد، زاڵمی سوننە بەرهەم دەهێنێت. گرێی گەورەی دروستکردنی دەوڵەت لە سوریا ئەمەیە. کاتێک سوننەیەک خۆی بە زوڵم لێکراو دەبینێت ئەوا ماف بە خۆی دەدات کە زوڵم لە هەموو ئەوانیتر بکات. لە کاتێکدا دەبوو زوڵم لای زوڵم لێکراون ئەو ئاگاییەی بەرهەم بهێنایە لەوەی چۆن زوڵم کۆتایی بێت. بەڵام ئەمە دۆخێکی باڵایی ئینسانییە، لە هەموو کەسێکدا بونی نیە.
ستراتیژی کوردی
وەها دیارە دۆخی کورد لە هەموو ساتێک باشترە. ئەمەش هەنگاوێکی باشە، هەرچەندە سنوردارە.
چونکە پەرتبونی کورد زیانی زۆر دەگەیەنێت. بەڵام پێکەوەبونیان مەرج نیە هێزی کاریگەر بێت، بەڵام زۆر باشە. وەک چۆن دروز و عەلەوییەکان سازش ناکەن، کوردیش نابێت سازش بکات، چونکە هێزەکانی ناو حەلەب، چگە لە کۆمەڵێک چەتەی تینو بە خوێن، خاوەن هیچ بەهایەکی تر نین.
بەڵام لە هەمانکاتدا کورد دەبێت بە هەموو جۆرێک هەوڵ بدات بۆ خۆ بە دوور گرتن لە شەڕ.
لە کۆتاییدا شەرع وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، سازشکەرە بۆ دەرەوەی بەهێز، دڕندەیە بۆ ناوەوەی لاواز.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی