خوێندنەوەیەک بۆ پەیامەکەی لەیلا زانا

21/03/2024

هیوا سەید سەلیم



 لەیلا زانا ژنە سیاسەتمەداری کورد و باکوری کوردستان دوای دابڕانی چەند ساڵەی لە گۆرەپانی سیاسی، رۆژی 2024/3/21،  لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد دەرکەوتەوە، لەیلا لەو بۆنەیەوە لەبەردەم سەدان هەزار کەس وتارێکی پێشکەش کرد لە وتارەکەیدا وێڕای باسکردن لە رۆڵی دیرۆکی چەندین سەرکردەی هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەو خۆشی جارێکی دیکە وەک سونبولی ئاشتی دەرکەوتەوە.
 شایانی باسە لەیلا زانا، یەکەمین ژنە پەرلەمانتاری کورد بووە لە باکوری کوردستان دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ دەبێتە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا ئەو بە زمانی کوردی سوێندی پەرلەمانتاری دەخوات و ئاڵای کەس و سور و سپی لە قژی دەدات، ئەو کارەی دەبێتە مایەی ناڕەزایی پەرلەمانتارە تورکەکان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان، هەر بەو هۆکارەش لە پەرلەمانتاری دووردەخرێتەوە و دەخرێتە زیندان و دە ساڵ حوکمی زیندانی بەسەر دەسەپێندرێت.
 لەیلا زانا لە دوایین پەیامەیدا کە لە نەورۆزی ئامەد پێشکەشی کرد، ویستی بەڕای گشتی جیهان بڵێت ئۆجالان کەسێکی ئاشتیخوازە، بۆیە ڕووی لە ئاهەنگێڕانی گۆڕەپانی ئامەد کرد گووتی:-
" ساڵی ١٩٩٣ ئۆجالان دەستی کرد بە پڕۆسەی ئاشتی ئایا ئێوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی ئامادەن؟"
 بە قسەی لەیلا زانا بێت ئێستا پەیامی ئەوان گەیشتۆتە دەسەڵاتدارانی تورکیا کە پەیامی ئاشتییە، جارێکی دیکەش جەغتی لەوە کردەوە کە کورد بۆ ئاشتی ئامادەییە لەو بارەیەوە لە پێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی چ شتێک بکەوێتە ئەستۆی ئەوان ئەوا ئامادەن.
شایانی باسە، چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانن کە بڕیارە لە ٣١ ئاداری ((2024 ئەمساڵ لە تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجام دەدرێت،  بە تایبەت ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆل. لەو بارەیەوە دەم پارتی سیاسەتێکی درووست پەیڕەو دەکات.
پەیامەکەی زانا ئەوەمان پێدەڵێت کە نابێت دەسەڵاتدارنی ئەکەپە حساب لەسەر پەرتەوازەیی کورد لە باکوری کوردستان بکەن، هەریەک لە )دەم پارتی و ئیمڕالی و دەمیرتاش( یەک سیاسەت پەیڕەو دەکەن، ئەویش سیاسەتی گەڕانەوەیە بۆ پڕۆسەی ئاشتی. هەر ئەوەش وایکردووە کە دەم پارتی کارکتەرێکی وەک لەیلا زانا بهێنێتەوە گۆڕەپانەکە، بە دڵنیایشەوە دەیڵێین کە لەیلا زانا و زۆری دیکەش پشتیوانی لەو سیاسەتە دەکەن کە ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات.
جەغت کردنەوە لە رێگا چارەی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە باکوری کوردستان لە کاتێک دایە کە دەوڵەتی تورکیا باس لە ئۆپڕاسیۆنێکی دیکەی سەربازی فراوان دەکات بۆسەر باشوری کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش دەستی کردووە بە جموجۆڵی فراوانی دبلۆماسی. بۆیە لە ئێستادا هەردوو بەرەی ئاشتی کە دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات وە بەرەی شەڕ، کە هاوپەیمانی ئەکەپە و مەهەپە لە خۆدەگرێت،  کەوتونەتە خۆیان، کامەیان سەردەکەوێت زەمەن بڕیاری لەسەر دەدات با چاوەڕوان بین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی