کێ خائينە ؟

23/03/2024

ئارێز عەبدوڵلا



ناپاکی، يان خيانەت چەمکێکی نەرێنیە و لە کوردەواریدا هەندێک جار لە جێگەی خۆی و هەندێک جار يش دوور لە راستی هەڵدەبەسترێ و بەکاردێ، بۆيە لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی ئەو کاريگەريەی نەماوە کە پێويستە هەيبێ.
ئێمە کاريگەری کولتور و ئەدەبياتی سياسی عەرەبيمان لەسەرە، کاتێکيش ئاوڕ لە مێژووی ململانێ مەزهەبی و سياسيەکانی عێراق دەدەينەوە دەبينين لە شەڕ و کودێتا سەربازيەکان هەزاران کەس بەو تومەتە کوژراون و دواتر بکوژەکانيش بە هەمان تومەت کوژراونەتەوە.
ئەوەش هەمووی لە ئەنجامی يەکتر قبول نەکردن و نەبوونی دێمۆکراسی و کولتوری ديمۆکراسيە.دەنا لای ئەو گەلانەی دێمۆکراسی، ئازادیی دەربڕين، راگەياندن، بۆچوونی جياواز، نمونەی جياواز، رەنگی جياواز هەن، هەرگيز نە خوێن دەڕژێ و نە کەس بەخائين دادەنرێ.
ئايا لە کوردستان ئازادی و دێمۆکراسی هەيە؟
ئەگەر هەيە، دەبێ ململانێی سياسی و فکری ئاسايی بێ و بۆچوونە جياوازەکان وەک بەهار کوردستان رەنگاورەنگ بکەن، نەک شير و تير لە يەکتر سواندن.
کاتێ کەسێک يان لايەنێک لەو چوارچێوەيە دەچێتە دەر و پەنا بۆ شێواندن و شلەژاندنی کۆمەڵ دەبات ئەوا لۆجێک لەدەست دەدا و دەيەوێ ئاوەکە شلوێ بکات تا ماسيەک بگرێ. ئەوەی لە جياتی گفتوکۆ پەنا بۆ شێواندن و زمانی زبر و هەڕەشە دەبات بڕوای بە دەرکردنی بەيانی ژمارە يەکە، نەک ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان.
کێ کێ بە خائين دەزانێ؟
ئەگەر ئەو وەکو تۆ بير نەکاتەوە و بۆ چارەسەری کێشەکان رێگايەکی جياواز  پەسەند بکات  خائينە؟
ئايا کاتێک وڵات رووبەڕووی قەيران دەبێتەوە کێ بەرپرسيارە ئەوەی قەيرانەکەی دروستکردوە يان ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات؟
ئاخر چۆن دەکرێ بەو سادەييە خەڵکی بە خائين دابنێی؟بەکام پێوە و حوکمی کام دادگا؟!!
ئێمە لە ناو قەيرانانداين، دەبێ  بير لە چارەسەرکردن بکەينەوە نەک قولترکردنەوەيان.
ئەم هەرێمەی ئێمە لەوە زياتر بەرگە ناگرێ و دوايە گەزتنەوەی پەنجەی پەشيمانی داد نادات.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی