گریانی پێشمەرگەو پێخەنینی سەرۆکی حکومەت

24/03/2024

لەتیف فاتیح فەرەج



نامەوێ لەسەر هەموو قسەکانی وەزیری دارای قسە بکەم ، هەر لەحکومەتی قوڵەوە تا هەموو قسەکانی قسە هەڵدەگرن، سەبارەت دابەشکردنی موچە کاتێ دەڵێ کەس لەکۆتای دانیشتنەکە قسەی نەکردو مەسرور بارزانیش پێکەنی و ووتی کەواتە ڕازین دابەش نەکرێ بەم جۆرە، جا ئەوپێکەنینە ئەو پەڕی سوکایەتیە بەو میلەتەی لەشەش مانگدا یەک موچەی پێدراوەو وەزیری دارای حسابی مەڕو ماڵاتیان بۆ دەکات و دەڵێ خوا میلەتێکی وای پێداوین، ڕێک لە گاڤی خەنینەوەکەی مەسرورا، پێشمەرگەیەک لەناو بازاڕی چەمچەماڵ بەگریانەوە داوای هاوکاری لەخەڵک دەکات و هەرکەسەو بەگوێرەی توانا هاوکاری دەکات، کاکم لەبری داوای ماف و موچە بکات و شەڕی لەسەر بکات، بەگریانەوە دەست پاندەکاتەوە، دەی وەزیری دارای هەقێتی بڵێ پێی داوین، ئەمە مەڕ نەبێ چیە؟.
‌چ گەمژەییەکە لەبری داکۆکی لەماف بلاڵێیتەوەو بکوڕزێیتەوە، ئێستا لەوە گەڕێن، واز لەحکومەتی قوڵیش بێنن، باشە هەرخۆی ئەم دەستبەسەراگرتنی موچەیە بۆ زیاتر شکاندن و بێ شکۆ کردنی مرۆڤی کورد نیە، ئەدی مەسعود بارزانی نەیگوت ناچەمین، ئەوەنیە وا هەموو میلەت بۆ پارە دەچەمێنن، کەی دێتە وەڵام، یانەکو ئەرێ ئەوە کوڕەکانی خودان واژەی نان و ئازادی بۆ نوسەران لۆ قڕ و قەپیان کردوە، جاخۆ نەک هەر نوسەران کەجارناجارێ یەکێکیان بۆ پارەو ڤێلا دەچەمێ ، خەریکە هەموو میلەتیش بێ نان و ئازادی دەبن، ئەرێ کەس نیە پێیان بڵێ ڕۆژنیە سوکایەتی بەخۆیان بابی کۆجکردویان و تەنانەت باپیریشیان نەکرێت ، پێیان نەگوترێ خائین و خۆ فرۆش و خاک فرۆش جا کێن ئەوانەش کەپێیان دەڵێن، ئەوە کەی دێنە قسەو بیرێ لەم دۆخە دەکەنەوە، بئدەنگی ئەوان بەشەراکەتی لەنیوەکەمتر لێکدەدرێتەوەو دارو بەردیش هاتنە قسە لێ ئەوان هیچ.
بیرمە هەندێک دەیانگوت ئەگەر ئەو میلەتە شەش مانگ بێ موچەیی قەبوڵ بکات دەوڵەتی بۆ چێ دەکەین خۆ بە عەبقەری زانێکی یاغنیشیش دەیگووت میلەت سروشتی سەگیان هەیە برسیان کە تا دواتکەون، پێدەچێت ئەمە بۆ دەوڵەتە مژدە پئدراوەکە بێت.
من دەساڵ بەرێ گوتم ئەمانە ئیدی هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ میلەت نیەو دەیانەوێ میلەت لەکۆڵی خۆیان بکەنەوە، ئەو دەم لەبری شانازی بەسەدان هەزار دەنگدەرەوە بکەن دەیانگوت سێ هەزار فیدایمان هەیە ئەوەشیان وەک هەڕەشە دەگوت، ئاوەزمەندێ نەبوو پێیان بڵێ سەت هەزار چەند سێ هەزاریە!!.
ڕقم لەگریانی پێشمەرگە بەلەنگازەکەیە ، بەڵام دەزانم شکۆی لەسەر دەستی دەسەڵاتی کوردی نەک تەیف ومەیف شکێنراوە، باشە خۆ سونەی عێراق لەکورد زیاتری پێکراوە کەچی مانگانە موچەی خۆی وەردەگرێت و هێور هێور سیاسەتی خۆیشی لەنێو دڕک و داڵی بیرکردنەوەی شیعەدا دەکات، ئەدی کورد بۆ ئاوەز مەندێکی نیە بتوانێ ئەوە بکات و ئیدی وەفد نەنێرێتە بەغدا، وەک چۆن ڕیفراندۆمی سەربەخۆی گاڵتینەیان پێ کراو پەژیوان بوونەوە لەبری پێداگری، ئاواش هاوشانی ڕیشەکە سمێڵەکەش دابنەن، وەک دایانناوەو ناچنە ژێری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی