بۆ ئەوانەی لە پەیامەکەی پارتی تێنەگەیشتن!

24/03/2024

ڕێبوار عەلی


پارتی دیموکراتی کوردستان بەرواری 18/3/2024 بەیانامەیەکی درێژیان بڵاوکردەوە، کە کرۆکی ڕاگەێندراوەکەیان ئەوەبوو، کە نوسیبویان:
" پارتیمان بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات، کە بەنایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت. " پارتی لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، ڕادەست کردنەوەی نەوت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومونی شارەوانیەکانەوە، ئەم ناڕەزاییەی ڕانەگەیاند. دیارە لەو بەروارەدا ئەو بەیانامەیەی دەرکرد،کە فشارەکان گەیشتۆنەتە ئێسقانی و ئیتر دوادەرفەتەو ئامادەی هەموو دانوستان و گفتوگۆیەکە، لە پێناو مانەوەی باڵادەستی خۆیدا.   
لەدوای بڵاوبونەوەی ئەو بەیاننامەیە، کاردانەوەو شرۆڤەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو تا هەنووکەش بەردەوامە،کە بەبۆچوونی من وەکو پێوست لە کرۆکی پەیامەکەی پارتی تێنەگەیشتوون و وەکوخۆی نەیانخوێندۆتەوە.
بەکورتی و لە سەر ڕێبازی پەسنی شیکاری، ئەم سەرنجانەی لەسەر پەیامەکەی پارتی دەخەمەڕوو:
١- پارتی هەرکاتێک لە ناو چەقی ململانێکاندا، کەوتبێتە تەنهایی سیاسیەوەو تاککەوتبێت، بڕیاری دژواری داوە.
ساڵی ١٩٧٥ کاتێک دووچاری گەمارۆهات و کەوتە ناو نسکۆوە، بڕیاری چەکدانانی داو بووە ئاشبەتاڵ، دواتر خۆیان ڕێکخستەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ بۆ یەکەمجار پرۆسەی هەڵبژاردنی قوتابیان و خوێندکاران، بووە سەرتاسەری وشێوەی لیست ولەو میانەدا قوتابیانی پارتی یەکەم نەبوون،پارتی ئەنجامی ئەوساڵەی هەڵبژاردنکەی هەڵوەشاندەوەو ساڵی ٢٠٠٤ بە شێوەیەکی یەکجاری پەکخراو کۆتایی پێهات.
١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥ کاتێک هەوڵی گۆڕینی سسیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانی کوردستان دراوپارتی تاککەوت، سەرۆکی پارتی پەرلەمانی داخست و ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کردو وەزیرەکانی گۆڕانی ناردەوە بۆ ماڵەوە.
٢- پارتی لە ڕووی باڵا دەستی ئابورییەوە،هەرکاتێک تەنگی پێهەڵبچنرێت و لاوازبکرێت، وای دادەنێت دەستی خراوەتە بینەقاقەیی وپەنا بۆ هەموو هێڵێکی سوور دەبات.
ساڵی ١٩٩٦ کاتێک ڕووبەڕوی مەترسی لەسەر داهاتی ئیبراهیم خەلیل دەبێتەوە، بێ سڵەمینەوە داستانی سی و یەکی ئاب ئەنجام دەدات.
 ئێستاش کە نەیارەکانی پارتی لەڕێگەی دادگای فیدراڵیەوە، شادەماری پارتی دەگرن و بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت و دەستبەسەراگرتنی حساباتی خاڵە گومرگیەکان و دواجار موچە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر ناوەند و لە چنگی حوکومەتەکەی دەردەهێنرێت، پارتی هەموو بڕیارێک دەدات تاکو وەکو فشار بەکاریی بێنێت و خۆی لێ قوتاربکات.
لەم سەروبەندەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شەریکی ڕاستەینەی پارتیەو هەتا ئەو شوێنە لەگەڵیدا دەڕوات، کە بەشی خۆی لە کێکی دەسەڵات زامنبکات و لە ناوچەی خۆی باڵا دەسبێت، هەموو شتێکی پارتی قوبوڵ دەکات.
  دواجار قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێتە قەوارەی مانەوەی باڵادەستی ئەو دوو بنەماڵەیەو خەونی گۆڕانکاری لە لای خەڵکی کوردسان خاودەکەنەوە.
هەرچی حوکومەتی عێراقی و وڵاتانی هەرێمایەتیە، جێگەی متمانە نین و نەخشەی ستراتییان هەیەو هەر جۆرە فشارێک دەیکەن بۆ ملکەچکردنی زیاتری ئەو دوو هێزەیەو مانەوەیان بەو جۆرەی ئێستایان، لە بەرژەوەندی قوڵایی ستراتیجیاندایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی