ک.ن.ک پڕۆژەیەکی گشتگیر بۆ کۆگوتاری نەتەوەیی

18/04/2024

سەرکەوتی جیهاز

لە مێژەوە تا ئێستا ئەگەر کورد یەکێک بوبێت لەو نەتەوانەی زۆرترین خوێن و قوربانی دابێت ، ئەوا لە ئێستادا پێویستی بە پڕۆژەیەکە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی ناوەکی و چەتری کۆکردنەوەی هەموو هێز و  توانا گروپییەکان و ئاراستەکردنی بۆ ئامانجێکی دیارکراوی گشتگیری هەمەلایەنه ، کورد لە قوڵایی مێژوەوە ئەگەر فرسەتێکی هەرێمی و جیهانی بۆ هەڵکەوتبێت ئەوا بە هۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و دابەشبون بەسەر هێزەکانی ناوچەیی دا نەیتوانیوە ببێتە کارت و هۆیەک بۆ ئەوەی سەرەتایەک لە بونی کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی دروست ببێت ، کورد ململانێکانی ناوخۆیی و شەڕی برا کوژی و لەسەروی هەمویانەوە خیانەت ئەو دەردە کوشندە بو کە کوردی لە کاروانی مێژوو دواخستوە ، کورد لە ئێستا ئەگەرچی فرسەتێکی مێژوویی بۆ دروست بوە ، بەڵام خۆی وەک نەتەوە لە دەرەوەی ئەو مێژووە ، لەبەرامبەر مێژوودا چی بکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو مێژووەوە ..؟؟
کورد پێویستی بە پڕۆژەیەکی گشتگیر هەیە تا بتوانێت بە دنیا بڵێت ئێمەی کورد دوای غەدرە مێژووییەکان و لەدەستدانی هەلە مێژووییەکان ، دەکرێت دراسەی خۆی بکاتەوە ، سود لەو هەڵە مێژووییانە وەربگرێت و بیکاتە پڕۆژەیەک تا بتوانێت سود لەم هەڵانە وەربگرێت و نەهێڵێت هەمان مێژووی شکست دوبارە ببێتەوە ، با لە خۆمان بپرسین ئایا ( ک.ن.ک) دەتوانێ ئەو پڕۆژەیە بێت لە ئاست پێویستی ئێستا و مێژویدا..؟؟

(ک.ن.ک) لە ئێستا وەک چوارچێوە توانیویەتی بە کۆمەڵێک پێشنیاری نەتەوەیی و نیشتمانیەوە وەک سەرەتا و چوارچێوە هیوایەک بێت بۆ دۆزی نەتەوەیەک ، دەکرێ (ک.ن.ک) کار لەسەر کۆی تەیارە سیاسییەکان بکات وخاڵی هاوبەشی هەموو هێزەکان بدۆزێتەوە و هێزەکان بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی مێژوییەوە ، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت لە ئێستاشدا سەرەڕای هەڵکەوتەی نەتەوەیی بۆ کورد ، لە ناوخۆدا هەمان نەخۆشی کوشندەی یەکخۆری و تەخوینکردن و پاشکۆیەتی بە ڕونی هەیە ، دەبێت (ک.ن.ک) کار لەسەر سڕینەوەی خاڵە ڕەشەکان بکات وخاڵە سپییەکان گەورەتر بکات ، ئەرکی (ک.ن.ک)یە بتوانێت پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانی و نەتەوەیی درێژمەودای هەبێت ، تا بتوانێت ببێتە چەتری کۆکردنەوەی هەمو بیروبۆچۆن و تەیارە سیاسییەکان و لەئاست بەرپرسیارییەتی مێژویدا بێت .

گرنگە (ک.ن.ک) لەم کۆنگریەدا ڕوئیای گەورەتر بکات و بەرهەمی کۆنگرەکانی دەربکەوێت و هاوڵاتی هەستی پێ بکات و بەریەککەوتنی هەبێت لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ،گرنگە (ک.ن.ک) لە بازنەیەکی بچوکدا نەسوڕێتەوە و کۆنگرەکانی لە ستراتیژی قوڵی نەتەوەیی نەگۆڕێت بۆ بۆنەیەکی تەقلیدی  ببێتە مەراسمێک وەک میوانداری و یەکتربینین ، گرنگە (ک.ن.ک)کۆنگرەیەک بۆ کۆنگرەیەکی تر گۆڕانکاری چۆنییەتی بکات و ببێتە دەلایەقەیەک بۆ یەکێتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی