.
لەم چەند رۆژە نوسەری گەورەی عەرەب یوسف زێدان كە پیاوێكی ناسراوە لەمیدیاكان قسەیەكی بڵاوبویەوە كەمێك توند بوو، دەتوانین بڵێین نە ئەو وشەیەی لەبارەی سەڵاحەدین گوتی نەشێوەی دەربڕینەكەی بابەتی نەبوو، بەڵام دەكرێت هەموومان بەهێوریی دوو قسە لەبارەی میر سەڵاحەدین بكەین و وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە سەڵاحەدین كورد بووە؟ چی بۆ كورد كردووە؟ بۆ كورد خۆی ناكاتە خاوەنی و عەرەبیش خۆی لێ دوور گرتووە!
بەهاری 2019 چوومە دیمەشق، وەك هەموو كوردێك سەردانی مەزاری میر سەڵاحەدینی ئەیوبییم كرد. بینیم مەزارێكی بێدەنگ و بێناز، جگە لەخۆم دوو كچە كوردیشم بینی سەردانی مەزارەكەیان كرد. نەك مەزارەكەی، بەڵكو مێژووی ئەو پیاوە مەزنە بێنازە، بۆیە پرسیارە گرنگەكە بۆ هەموومان ئەوەیە بۆچی مەزارو مێژووی میر سەڵاحەدین بێنازو بێكەسە؟ لەكتێبی دیداری شام وڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە، حەزمكرد لێرە بەكورتی دووبارە بیخەمەوە روو..
سەڵاحەدین سەركردەیەكی ئیسلامیی زۆر گەورەیە لەمێژوودا، بگرە لەقۆناغێكی دیاریكراودا مێژووی ناوچەكەو جیهانی گۆڕیی. ئێستا دوای زیاتر لە 800 ساڵ جارێكی دیكە كەسایەتی ئەو پیاوەو دەرئەنجامی سەركردایەتیكردنی ئەوكاتی دەوڵەتی ئیسلامیی دەبێتە جێی مشتومڕ چ لەناو نەتەوەكەی خۆی، یاخود لەلایەن لێكۆڵەرانی میللەتانی دیكە.
لەدیمەشق مەزارو گۆڕێكی زۆر بێكەس و نازی هەیە، چونكە ئەوەی كوردە سەردانی ناكات و پێیوایە هیچی بۆ كورد نەكردووە! ئەوەی عەرەبی سوننەیە بەچاوی دەمارگیریی عەرەبی تەماشای دەكەن و هیچ بایەخێكی نییە. عەلەوییەكانیش نەك سەردانی ناكەن، بگرە زۆریان رق لێیە، چونكە میر سەڵاحەدین ئەیوبیی دەوڵەتی فاتیمیەكانی لەناوبردو كوشتوبڕێكی زۆری شیعەی كردووە! لەو نێوانەدا سەركردەیەكی زۆر دیاری مێژووی مرۆڤایەتی لەگۆشەیەكدا بێ كەس و ناز ماوەتەوە.
هیچ گومانی تێدا نییە سەڵاحەدین كوردە. بەوپێیەی مامەی ناوی شێركۆ بووە، كەوایە لەدایكبووی باشوری كوردستانە. ئەو میرە كاتێك رێبەرایەتی جیهانیی ئیسلامیی كردووە، هەستی نەتەوەپەرستیی لەنێو مرۆڤایەتیی نەبووە، بۆیە كوردایەتی نەكردووە، سەرباری ئەوەی میری زۆربەی ویلایەت و مەملەكەتەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەو سەردەمە كردۆتە كوردو زۆربەیشی خزمەكانی خۆی بوون. بۆیە كاتێك باسی سەڵاحەدین دەكەین، پێویستە لەزەروف و زەمانی خۆی شیكاریی بۆ ژیانی بكەین نەك بەپێی واقعی نوێ یان ئەمڕۆ كە دەمارگیریی نەتەوەیی پەرەی سەندووە خوێندنەوە بۆ ژیان و حوكمڕانی سەڵاحەدین بكەین. ئەوكاتە هیچ دەوڵەتێكی قەومیی نەبووە، سەرباری زاڵبوون و كاریگەری فەرهەنگ و زمانی عەرەبیی بەهۆی ئاینی ئیسلامەوە.
لەنێو مشتومڕی كوردایەتی و حوكمڕانیەكەی سەڵاحەدین گوایە هیچی بۆ كورد نەكردووە، چونكە ئەوكاتە دەوڵەتی نەتەوەیی و قەومیی نەبووە، هەندێكیش پرسیار دەكەن و رەخنەی توندیش دەگرن! بەڵام خۆ ئێستا سەردەمی دەوڵەتی قەومییە، دوای زیاتر لە 800 ساڵ لەوەفاتی سەڵاحەدین و ئەوە 35 ساڵە حوكمڕانیی خۆماڵی هەیە، ئەرێ بۆچی ئەوانەی حوكمڕانیی ئەم وڵاتە دەكەن و موزایەدەی كوردایەتیمان پێدەفرۆشنەوە، نەك دەوڵەتی كوردستان، بگرە ئامادەنین هێزی پێشمەرگەش یەكبخەنەوە؟
بەپێی خوێندنەوەی بابەتیانە، یەكلایی بۆتەوە كە میر سەڵاحەدین چ وەك وەك فەرماندە یاخود رابەرێكی دەوڵەت، سەركردەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی غەیرە عەرەب بووەو لەسەردەمێك لەدایكبووە كە نەتەوە پەرستیی نەبووە، بۆیە رەنگە ژیانی ئەو سەركردەیە پرسیاری زۆری لەبارەوە لەسەردەكرێت. خۆ ئەگەر عەرەب بوایە، بەدڵنیاییەوە ئەم سەلاحەدینەی ئێستا جێگەو مەكانی لەمێژووی عەرەبی و ئیسلامیی زۆر جیاوازتر دەبوو. عەرەب زۆریان هەوڵدا بیكەن بەعەرەب، بەڵام بەڵگەكانی كوردبوونی ئەوەندە بەهێزن، ئەو هەوڵەیان سەرینەگرتووە.
ئەوەی سەڵاحەدین بۆ مێژووی ئیسلامیی كردی، تائێستا كەس نەیتوانیوە بیكات، خۆ ئەگەر لەشەڕی قودسدا شكستیی هێنابا، ئێستا فەرماندەیەكی خائینی مێژووی ئیسلام بوو.
ئەوەی گرنگە زانكۆو ناوەندەكانی توێژینەوەی كوردستان، هەوڵبدەن توێژینەوەو شیكارییەكی زانستیانە بابەتیانە لەسەر سەڵاحەدین بەتێگەیشتنێكی كوردانە بكەن، چونكە بمانەوێ یان نا، سەڵاحەدین كوردبووەو هەقی ئەوەمان هەیە دوو قسە لەسەر ژیان و حوكمڕانیەكەی بكەین.
شاعیری عەرەبی فەڵەستینییش (مەعین بەسیسۆ) دەڵێت:
شاعر معين بسيسو دەڵێ :
.
کم اکرە من علمني الدرس الاول في التأريخ
كورديا كان صلاح الدين
ولما انتصر اصبح قائدا عربيا.
ماذا لو هزم صلاح الدين؟!
لكان الآن جاسوسا كورديا..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی