بڕیاربوو 18ی ئەم مانگە لەقامیشلۆ كۆنگرەی هێزو لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بكرێت بەبەشداری هەموو لایەن و پێكهاتە كوردیەكان بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان و ماف و بەركەوتەی كورد لەسوریای نوێ، بەڵام مخابن كۆنگرەكە لەبەر چەند هۆكارێكی رانەگەیەنراو بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
هیچ كام لەلایەنە پەیوەندیدارەكان هۆكاری دواخستنەكەیان رانەگەیاند، بەڵام (بەپێی سەرچاوەكان) پێدەچێت وردەكاریی رێكخستنی كۆنگرەكە وەك هەڵكردنی ئاڵا، پرسی چاودێریكردن، هەروەها بەشداریكردنی چەند هێزو لایەنێكی دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان رێگر بووبێت لەبەردەم بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە لە 18 مانگ.
بۆ كورد كۆنگرەیەكی كوردستانی لەرۆژئاوای كوردستان گرنگییەكی مێژوویی هەیە. یەكەم بۆ یەكخستنی هێزو توانای كورد وەك نەتەوەیەكی چارەنوس نادیار، دووەمیش بۆ روونكردنەوەو ئامادەكردنی پرۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانیی بۆ دیمەشق سەبارەت بەماف و بەركەوتەو چارەنوسی كوردو جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا تەواوی رۆژهەڵاتی فورات لەخۆدەگرێت.
لەماوەی 14 ساڵی رابردوو لەسوریا كورد پرۆژەیەكی هاوبەشی نەبووە. رەنگە یەكێك لەهۆكارەكان بەردەوامیی شەڕو نائارامیی و هاوكات ناڕۆشنی هەڵوێستی وڵاتانی گەورەی وەك ئەمریكاو ئەوروپا بووە. ئێستا دەرفەتێك دروستبووە تا كورد یەك دەنگ پرۆژەیەكی روون پێشكەشی دیمەشق و وڵاتان بكات سەبارەت بەچارەنوسی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، بەڵام هیچ پرۆژەیەك بەبێ یەكدەنگیی و یەكهەڵوێستیی و بەشداری كۆی لایەنە سیاسیەكان وەك پێویست سەركەوتوو نابێت. لەمەش گرنگتر، هێزو لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان، ئەوانەی كاریگەرییان لەرۆژئاوای كوردستان هەیە (پەكەكە و پارتی) پێویست دەكات دەستی خۆیان كەمێك سوكبكەن و هاوكارو پشتیوان بن و نەبنە رێگر لەبەردەم سەربەخۆبوونی ئیرادەو ویستی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان.
ئەو كۆنگرەیەی بڕیارە بكرێت (ئەگەر بكرێت) گرنگییەكەی تەنها گەڵاڵەكردنی پرۆژەی مافی گەلی كوردو بەركەوتەی رۆژئاوای كوردستان نییە لەسوریا، بەڵكو رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لەروونكردنەوەی مەرجەعیەتی رۆژئاوای كوردستان بەمەرجێك كێشەو گرفتی بۆ دروستنەكرێت.
سێ تەوەری گرنگ هەیە پێویستە ئەم كۆنگرەیە روونیبكاتەوە.
یەكەم: روونكردنەوەی مافی گەلی كوردستان لەسوریا بەگشتیی. واتە داننانی رەسمیی و دەستوریی بەگەلی كورد وەك نەتەوەی دووەم تا دەگاتە مافی سیاسی و ئیداریی و فەرهەنگیی و گرەنتیكردنی بەشداریی سیاسی لەدیمەشقی نوێ.
دووەم: روونكردنەوەی چارەنوسی جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان بەگشتیی كە تەواوی رۆژهەڵاتی فورات لەخۆدەگرێت. لەمەدا رەنگە هێزو لایەنی سیاسی هەبێت پێیوابێت تەنها گفتوگۆ لەبارەی تەنها مافی گەلی كوردستان و سنوری جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان كەمەبەست شارە كوردستانیەكان بكرێت، ئەمە جێگەی مشتومڕەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە ئەم پرسە تێكەڵ بەخواستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە.
سێیەم: چارەنوسی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هەم پارێزەری رۆژئاوای كوردستان و هەمیش خاڵی پەیوەندی نێوان رۆژئاوای كوردستان و وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپایە.
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی