کەرکوک وئەنفال

08/04/2025

لەتیف فاتیح فەرەج

دەمێکە کەرەسەکانی کتێبێکم ئامادە کردوە بەناونیشانی کەرکوک لە ئەنفالدا، کەرکوک لەپرۆسەی ئەنفالدا زۆر ترین زیانی بەرکەوت، ناوەندی پرۆسەی  سڕینەوەکەش هەر لەکەرکوک دانراو یەکێک لەخوێنڕێژترین سەرانی بەعس کەعەلی حەسەن مەجید بوو سەر پەرشتی دەکرد، بەعس هەر لەسەرەتای حەفتاکانەوە زۆر بەچڕی کاری لەسەر عەرەباندنی کەرکوک و ڕاگوازتنی کوردی ئەوێ دەکرد، لەئەنفالدا سڕینەوەی کورد لەکەرکوک و تاراندنیان گەیشتە چڵە پۆپە، بۆیە ئەنفالی کەرکوک  قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، لەوەی تا ئێستا لەبارەیەوە کراوە، نازانم داخوا ژیان و تەمەن بوار دەدەن قسەی تریان لەبارەوە بکەین، یان ئەوەش دەسپێرین بەنەوەی دادێ.
ئەنفالی کەرکوک پرۆسەیەکی بەرنامە ڕێژوزۆر مەترسی دار بوو، ئێستا کەسەیری بەڵگەنامەو نوسراوەکانی ئەو ڕۆژگارە دەکەیت، کە تەماشای زەرەرو زیانەکان دەکەیت، دەزانی پرۆسەکە لەسنوری کەرکوک چ ئامانجێکی دۆزەخیانە لەپشتیەوەبووە،  لەنێو بەڵگە نامەکانی ئەنفالی کەرکوکدا نوسراوێکی کورتی بارق عەبدوڵا حاجی حنتە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، نامەکەم بە ئۆرژیناڵی لابوو کاتی خۆی لەگەڵ دەیان نوسراوی تردا ناردم بۆ دادگایکردنەکەی فراس ڤان ئەنرات، بەداخەوە تیاچون، نەگەڕانەوە، نوسراوەکە لەبارقەوە ئاراستەی پارێزگاری کەرکوک کراوە گوایە یەک خانوی بچوک لەچیمەن لەناو چەمەکەدا ماوە شۆڤەڵ و ئامێری پێویست بەرن بیڕوخێنن، لەبەر ئەوەی موخەڕیب سودی لێنەبینن، دەبینی بەعس لەکۆلیتێک، کوختێک، لەسنوری کەرکوک زارەترەک بووە، لێرەوە تێدەگەین، ئەنفالی کەرکوک چەند بەوردی جێبەجێ کراوە،  بەعس دوای ئەنفالیش تا ساڵی ۱۹۹۱یش هەر بەوڕقەوەمامەڵەی لەگەڵ کوردی کەرکوک دەکرد، ئەوەجگە لەوەی لەوساڵەشەوە، تا کەوتنی بتەکانی سەدام  عەرەباندن و بەعساندن و تاراندن بەردەوام بوو.
لە ئەنفالی کەرکوکا تەواوی گوندە کوردەواریەکانی  سنوری پارێزگای کەرکوک بەوانەشەوە کە چەند شەقاوێک لەکەرکوکەوە دوور بوون تارو مار کران و خەڵکەکەیان بەشی زۆری بەر پەلاماری دڕندانەی ئەنفال کەوتن، نمونەی یاروەلی و سۆنەگۆلی و چیمەنەکان و شوێنگەلی دیکە، لەکاتێکا زەوی و زاری خەڵکەکەش درا بەو عەرەبانەی  کەلەسایەی بەعسا دەستیان دابوە داگیرکاری و بەکارهێنانی موڵکی کوردان بەناهەق،  من کاتی خۆی نمونەی پازدە گوندی سنوری کەرکوکم وەرگرت، ژمارەی زەرەرو زیانەکان مرۆڤیان توشی شۆکی گەورە دەکرد، ئێستا ئەگەر بەس نمونەی جەلەمۆرد بێنینەوە کەزیاتر لە چوار سەت ئەنفالکراوی هەیە و دوای ئەو هەموو ساڵەش نەتوانراوە پەنجا ماڵی بۆ بگەڕێتەوە، تێدەگەین بەعس لەسنوری کەرکوک چ تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە، تاوانێک کەبەهەموو مانایەک جینۆسایدە.
سڕینەوەی کورد، هەر بەئەنفال وکوشت و بڕ و تاراندن و لێسەندنی ناسنامەو گۆڕینی نەتەوە لەکەرکوک کۆتای نەهاتوە، بگرە کار لەسەر ئەوە کراوە ڕقێکی ئەستوری لای عەرەب بەرانبەر کوردی  کەرکوک دروستکردوە،  ڕقێک تا ئێستاش ژاراوەکەی کاریگەری ماوەو گیانی یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لەوشارەدا هەلا هەلا کردوە، بابەتی ئەو تێکدانی پەیوەندیەش قسەو باسی زۆر هەڵدەگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی