ڕوداوەکانی توندوتیژی ودەست وەشاندن تا کوشتن لە چەند ساڵی ڕابوردودا هەرێمی
کوردستانی ناخۆش کردوە ، کەم ڕۆژ هەیە دڵمان بە ڕوداێک خورپەی لێنەدرێت، تەنانەت
ڕوداوە زۆرەکانی هاتوچۆش هۆی قوڵ و پشتەوەیان هەر توڕەیی و توندوتیژیە ، دەنا کە
تۆ دەزانی ڕێگاکان و هێماکانی هاتوچۆ پڕن لە کەم و کوڕی ئیتر بۆ پێ توند دەکەیت لە
بەنزین و دەکەویتە هۆڕن لێدان و وەک ماری ژەهراوی پێچاوپێچ دەکەیت و بە پەلە پەل
پێشی ئوتومبیلەکان دەدەیتەوە؟
شەوی ١٣ی٣ی٢٠٢٥ پزیشکێکی
ناسراو لە هەولێر چوار کەسی کوشت : ژنەکەی و ژنخوشکەکەی کە پزیشک بون، هەروەها
خەسو و خەزوری. بکوژ دارا و دەوڵەمەند بو، پێشینەی تاوانکردنی نەبو، کوژراوان
خەڵکی بەڕێز و بێ کێشەبون. هۆی ڕوداوەکە کۆمەڵایەتی بوە، گوایە بکوژ ویستویەتی ژنی
دوهەم بێنێ و هاوژینەکەی قبوڵی نەکردوە و ماڵی جێهێشتوە. پێشینەی نەخۆشیی دەرونی
لە بکوژدا نەزانراوە، دیارە دوای وتووێژێکی کورت و توندوتیژ کە بەدڵی ئەو نەڕۆشتوە
بە دەمانچە لە چەند خولەکێکدا چوار کەسەکەی کوشتوە.دیارە پێشتر بیری لە کوشتنیان
کردۆتەوە وەک ئەگەرێک دەنا بۆ چەک لەگەڵ خۆی دەبات؟ لە ڕوداوی ئاوادا پۆلیس و
ئاسایش دەبێت هەرچی زورترە و درەنگترین لە ماوەی ٢٤ کاژێردا تاوانکار ببنە بەردەم
دوکتۆر و دەرونناس بۆ تێڕوانینی دەرونی و پزیشکیی گشتی کە ئەوەش دەگرێتەوە بزانن
ئایا لە کاتی تاوانەکەدا بکوژ لە ژێر کارلێکی مادەی هۆشبەردا(مەی وئەوانی تر)
نەبوە، ئەترسم ئەمانە هیچیان نەکرابێت !
توڕەبون، ڕق و کینە و
حەزی تۆڵەسەندن، هەڕەشە و ترسی زۆر لە سەر ژیانت و شکۆ و هەستی نێرگزیت ،هەستی غەدرلێکراوی و سوکایەتی پێکردن و
خیانەت لێکردن، دڵتەنگیی توند و درێژخایەن، شەکەتیی دەرونی ، دابڕان لە یا نەبونیی
ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و پشتیوان و کارا و ڕۆشنبیر، کێشەی خێزانیی درێژخایەن
و بێچارەسەر، زۆربون و کەڵەکەبون و چارەسەر نەکردنی هەمو ئەم بیروهەست وسۆزە
ئاسایی و نەباشانە، دەشێت لە ڕوی چۆنایەتیەوە لە ئاساییبونەوە بگۆڕێت بۆهەست و
سۆزی نەخۆش و ترسناک و ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤێکی ئاسایی و لاشەڕ و تەنانەت سەرکەوتو
لە ژیانی مادی و کار و نان پەیداکردندا کە پێشترنەخۆشیی دەرونیی نەبوە، لە شوێن -
کاتێک ی نالەباری پڕ لە گرژی و نائارامی و توندوتیژدا کەسێک یا چەند کەسێک یا خۆی
بکوژێ، ئاوا زۆر ناسک و تەنک و دەڵێنەرە (permeable) دیواری نێوان دەروندروستی و دەروننەخۆشی !
بێگومان ئەم ڕاڤەکردنە
بۆ ئەوە نیە لە بکوژ تێبگەین و بەهانەی بۆ بهێنینەوە بە تایبەتی کە ئەو
هەرزەکارێکی بێکەس و بێ پشتیوان نەبوە بەڵکو خۆی پزیشکێکی بە تەمەن و بە ئەزمون
بوە و زانیاریی دەرونیی هەبوە و نە ئەبو هەرگیز تاوانی لێبوەشێتەوە.
بۆ خۆپاراستن لە ڕوداوی
ئاوا پێویستە هەوساری ئەسپی هەست و سۆز و
هەڵچونەکانمان توند بە دەستەوە بگرین و نەهێڵین شل بێتەوە و لە دەستمان دەرچێت ،
دەبێت هەمیشە دوابڕیاردەر بۆ چارەسەری کێشە قورس و گەورەکانمان هەر ئاوەز و ژیری و
لۆژیک بێت نەک هەژان و هەڵچونی هەست و سۆزەکانمان. ئەگەر خۆمان نەمانتوانی ئەمە
بکەین با بێ ترس و شەرم ، بۆ ڕاوێژ و پرس و ڕا پەنا بۆ کەسە نزیکەکانمان بەرین
بەتایبەتی ئەوانەی هاوسەنگ و ئارام و دڵسۆز و ڕۆشنبیرن، ئەگەر کەسی وامان نەبو با
بێترس لەوەی پێمان بڵێن شێتە بچین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دەرونی و دڵ و دەرونمانی
لا بکەینەوە بۆ ڕاوێژ و ئەزمون و زانیاریی بەسود، بەڵام دوا بڕیار هەردەبێت خۆت
بیدەیت کە دەبێت لە سەر بناغەی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری بێت نەک
خۆپەرستی و خۆشیدایی نێرگسیانە.
پێویستە وەزارەتی کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەمو شارە ناوەند
و گەورەکان (سێنتەری ڕاوێژکاریی دەرون - کۆمەڵایەتی) ی پیشەیی و کارا بکاتەوە کە
پزیشکی دەرونی و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و چارەسازی دەرونی بیبەن بە ڕێوە.
لە مێژە پێویستە و ئیتر
زۆر درەنگە کە تۆڕێکی پەیوەندیی تەلەفونیی ٢٤ سەعاتیی ٧ ڕۆژ هەفتەیی ١٢ مانگ ساڵی
بۆ هەمو هەرێمی کوردستان بە شار و گوندەکانەوە لە ژێر ناوی (هێڵی گەرمی قەیران)
دامەزرێ و ژمارەکانی لە هەمو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێگەکانی سۆشیال میدیا
بەردەوام بڵاوبکرێتەوە کە ئیتر هەمو کەسێک
بیانزانێ و لە کاتی تەنگانە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەرونیدا پەیوەندی بە کەسی سەر
تەلەفون بکەن بۆ ڕاوێژی پیشەییانە و هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی دەمودەستی
کەسەکە بۆ نمونە بە چون بۆلای کەسەکە یا بردنی بۆ نەخۆشخانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی