هەسەدەو پاشماوەکانی داعش چۆن تێکەڵاوی ببن؟!

9 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

لەدوای ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەدو دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لەسوریا، لەرۆژی 10ى ئادارى 2024 رێکەوتنێک لەسەر ئایندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) کرا، لەو ڕێکەوتنەدا پڕەنسیەپەکانی تێکەڵاوکردنی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا دیاریکران.

بەڵام  تورکیا بەبەردەوامی فشار دەکا تا (هەسەدە) لەنێو سوپای سوریا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەمەیان جیاوازە لەوەی لەڕێکەوتنەکە هاتوە، دوایین لێدوان لەوبارەیەوە لەسەر زاری وەزارەتی بەرگری بڵاوکرایەوە کە داوادەکرێت تاک بەتاکی هێزەکانی هەسەد بچنە ناو سوپای سوریا، مەبەستی وەزیری بەرگری تورکیا ئەوەیە کە لەنێو سوپای سوریا هیچ تایبەتمەندیەک بەهێزەکانی هەسەد نەدرێت.

شایانی باسە، ئەو فشارەی تورکیا لەکاتێکدایە کە ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی پێکهاتەی هێزەکەی و هەنگاوەکانی ڕێکەوتنی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی بەرگری سوریا بۆ تێکەڵاوکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ ئەو وەزارەتە ئاشکراکردبوو.

مەزڵوم لەو دیمانەیە دەڵێت:"100 هەزار چەکداری ڕێکخراومان هەیە، 70٪ یان شەڕڤانن،  30٪ بریتین لەئاسایش و پۆلیس، وا ڕێککەوتووین کە ئەو هێزانە لەسێ فیرقەی سەربازيی و دوو لیوا، لیوایەک بۆ ژنان و لیوایەک بۆ پاسەوانی سنور بەپاراستنی تایبەتمەنی خۆمان بچنەسەر وەزارەتی بەرگريی سوریا".

لەنێو ئەو گفتوگۆو مشتومڕەدا کە بۆ ئایندەی هێزەکانی هەسەدە لەسوریا دەکرێت، رۆژی 12/12، ڕووداوێک لەنێو هێزە ئەمنیەکانی سەر بەئەحمەد شەرع ڕوودەدات کە کوشتنی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی لێدەکەوێتەوە، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، ئەوەی بەوکارە هەڵساوە پاسەوانی بەرپرسێکی ئەمنی بوەو پێشتریش لەنێو داعش بوە، هەربۆیە دۆنالد ترەمپ بکەری ئەو کردەوە تیرۆرستیە بەداعش ناوبرد، هەرچی سوریایە کەسەکەی وەک کارمەندێکی هێزەکانی ناوخۆ ناساندوە.

لێرەدا دەپرسین ئایا ئاسانە هەسەدە تێکەڵاوی ئەو هێزە بێت کە بەشیکی بریتییە لەو هێزەی کە زیاتر لە 10 ساڵە شەڕی دەکات؟

 ئاشکرایە کە هێزەکانی سەر بەئەحمەد شەرع پڕن لەو گروپانەی کە ساڵانێک لەنێو داعش شەڕی هەمولایەکیان دەکرد، هاوێرکردنیان بەبێ دەرکردنی گروپە (چیچانی و ئەلگۆرو حەمشات و جیش ئیسلام و شامیەو سوڵتان مراد...زۆری دیکەش) ئاسان نابێت.

 بۆیە هەر فشارێک بۆ تواندنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەچوارچێوەی هێزەکانی سوریا بەبێ ڕەچاوگرتنی تایبەتمەندی هەسەدە نەک بەزیان بۆ هەسەدە دەشکێتەوە،  بگرە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری سوریاو ناوچەکەش، ئاخر هەسەدە کوا دەتوانێت لەتەک پاشماوەکانی داعش کاربکات؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی