تشرین و قەرەقۆزاق: شەڕێک بەباڵای شەڕڤانانی کورد

13/04/2025

ئارام ڕەفعەت


١٢ی ئەم مانگە، بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە رۆژاڤا پێی نایە مانگی پێنجەمیەوە. 
چوار مانگ بەسەر جەنگێک دا تێپەڕ بوو، کە جارێکییان ناوم نا “شەڕێک لە پشتی هەوران”. شەڕێک، کە هەمووان بە چاوی بێباکی و کەم بایەخییەوە تەماشایان کردووە.
هۆکاری ئەم بێ بایەخی و بێباکییە ئەوە نەبوو کە شەڕەکە سنووردار و بچکۆلە بوو. 
بە پێچەوانەوە، ئەو فشارەی کە دووەم هێزی ناتۆ بە هەموو تەکنەلۆژیای سەربازی خۆی وە ئەو چەتە سورییانەی کە لەسەرسەخترین میلیشیاکانی سوریان، خستبوویانە سەر ناوچەیەکی سنووردار لە مێژوودا کەم وێنە بووە.
ئامانجەکانی ئەو شەڕە داسەپاوەش سنووردار و بچکۆلە نەبوون.
بە پێچەوانەوە، وەک رۆژانە لە خودی ئەردۆغان و ورزیر و فەرماندە سوپاییەکانی وە لە چەتە سوورییەکانمان دەبیست، سڕینەوەی کورد بوو لە تەواوی جوگڕافیای رۆژاڤا.
رۆژانە و بەتایبەتی لە دوو مانگی یەکەمی شەڕەکەدا، گوێبیستی هەڕەشەگەلی وەک کوردەکان بە “زیندوویی و خۆیان و چەکەکانیان دەنێژین” یان “گەورە و بچوکیان دەکوژین” یان “تەواوی ئەو ناوچەیە پاک دەکەینەوە” دەبووین.
ئەمانە هەڕەشەی بەتاڵ نەبوون.
هەموویان ئامانجی جەنگێکی چوار مانگە بوون. 
بە درێژایی ئەو چوار مانگە، زۆربەی رۆژەکان چەندان هێرشی فراوان و هاوبەشی تورکەکان و چەتە سورییەکان وە بە پشتیوانی ١٠ تا ٢٠ دڕۆن و پێشکەوتوترین فڕۆکە و تانکی جەنگی بێهودە دەکرانە سەر قەرەقۆزاق و تشرین. 
 لەم چوار مانگەدا، زیاتر لە سەد شەڕڤان بوونە شەهیدی ئەم بەرخۆدانە و لە چەتە سورییەکانیش زیاتر لە ٥٠٠ کوژراو.
ئەگەر، ئەم ژمارەی شەهید و کوژراوانە بەراورد بکەین لە گەڵ ژمارەی کوژراوانی سەربازە ئیسڕائیلی و چەکدارەکانی حەماس لە هەر چوار مانگێکی ئەو ساڵ و نیوەی شەڕی غەززە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە، هی بەرخۆدانی قۆزاق و تشرین ئەگەر زۆرتر نەبووبن کەمتر نەبووە لە ژمارەی کوژراوە نا مەدەنیەکانی شەڕی غەززە. 
پێوانەی گەورەیی و بچوکی بەرخۆدانی قەرەقۆزاق و تشرین، لێرەدا دەردەکەوێت.
سەرەڕای ئەوەش هێشتا هەر شەڕێک  بوو لە پشتی هەوران و کەمتر سەرنج راکێش بوو.
هۆکاری ئەمەش سادە بوو. شەڕڤانان بەرخۆدانێکییان کرد پڕ بەباڵای شەڕڤانی کورد. شەڕێکی مەیدانی، شەڕێک دوور لە ئاوەدانی. 
بۆ شەرڤانان، لە رووی سیاسی و بەدەستهێنانی پشتیوانی و سۆزی کۆمەڵگای نێودەڵەتی، شەڕ لەناو  شار و شارۆچکەکانی رۆژاڤا، لە شارگەلی وەک تەبقە و رەققە و سیرین و کۆبانێ لە ناو ماڵ و کۆڵان و بازاڕ و نەخۆشخانە و خوێندنگاکاندا هەم ستراتیژی تر دەبوو، هەم پڕ دەسکەوتر.
بەڵام، شەڕڤانان، ئەهلی ئەم جۆرە پیسکە شەڕ و بەرخۆدانە نامەردانەیە نین. 
ئەوان ئەهلی شەڕ و بەرخۆدانێکنین کە خەڵکی سیڤیلی مەدەنی بێ تاوان و بێدیفاع بکەنە سوتەمەنی و کەرەستەی ئامانجی سیاسی و ستراتیژی.
شەڕڤانان بەرخۆدانی مەیدانیان کرد. بەرخۆدانێک پڕ بەباڵای شەڕڤانانی کورد. شەڕێک مەردانە بۆی هاتنە مەیدان و مەردانەش شکستیان بە سوپای تورکەکان و چەتە سورییەکان هێنا. 
بەرخۆدانی قەرەقۆزاق و تشرین بە سەرکەوتنی شەڕڤانانی کورد تەواو بوو.  لەگەڵ ئەوانیشدا سەرکەوتنی دەیان ملیۆن کوردی بەناموس بوو، کە لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا دڵ و خەیاڵ و نزاکانیان بۆ شەڕڤانان بوو.
چیتر بەرخۆدانی شەڕڤانان شەڕێک نییە لە پشتی هەورەکان. ئیتر شەڕ و بەرخۆدانێکە لەناو لاپەڕە زێڕینەکانی ميژوو، شەڕێک پڕ بەباڵای شەڕڤانان، میراتگرە راستەقینەنەکانی سوڵتانی کوردان، سوڵتان سەلاحەددین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی