یواکیم مەدین ڕۆژنامەنووسی سویدی، لە ٢٧ی مانگی سێدا لە تورکیا لەدوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەی لە ئیستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا. یواکیم مەدین بە ئەرکی ڕۆژنامەنووسی بۆ رۆژنامەی (داگێنس ئێتسێ)ی سویدی بۆ تورکیا گەشتی کردبوو. مەدین لەم گەشتەدا بۆ لێکۆڵینەوە و ڕووماڵی خۆپشاندانەکانی تورکیا بۆ خوێنەرە سویدیەکان بە ئەرکرابوو. دوای چەندین داخویانی جودا جودا لەلایان بەرپرسانی تورکیاوە لەسەر کەیسەکە، دواجار داواکاری گشتی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە ئەردۆگان و بە ئەندامبوونی لە ڕێکخراوێکی تیرۆردا، بڕیاری گرتنی بۆ دەرکرد تاکوو دادگایکردن. یواکیم ئێستا لە زیندانی سیلڤیا لە ئیستەنبوڵ دەستبەسەر کراوە. هەرچەنە ئازادی ڕۆژنامەوانی چەندین ساڵە لە تورکیادا لە پاشەکشەیەکی بەرچاودایە و لەمدوایانەدا ڕۆژنامەوانانی کورد لە باشوور و رۆژئاوا بە ئاشکرا دەکاتە ئامانجی سەربازی، گرتنی ناوبراو قۆناخێکی نوێی مەترسیدار دەسپێدەکات لە سنووردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتەدا. پێشتر ڕۆژنامەوانی بیانی ناخوازراو لە تورکیادا لەلایەن ڕێژمەکەی ئەردۆگانەوە دەستبەسەردەکران و دەنێرانەو بۆ وڵاتەکەی خۆیان. بەڵام بە زیاندانیکردنی یواکیم مەدین وەک ڕۆژنامەنوسێکی بیانی، ئەردۆگان زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیشی دەستپێکرد.
ڕۆژنامەنووس یواکیم مەدین پتر لە دەیەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناواڕاست کاردەکات. پێشتریش لەسەردەستی ڕژێمەکەی ئەسەد زیندانی کرابوو، بەڵام خۆی و وەرگێڕەرەکەی بەرامبەر بە گۆڕینەوەی ڵەگەڵ ٢٠ لە سەربازانی سوپای ئەوکاتەی سوریا لەلەیان یەپەگەوە ڕزگارکرا. یواکیم چەند کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە کە پەیوەستە بە خەباتی کوردانەوە، هەم لە وڵاتی سوید هەم لە کوردستان. دوو کتێبیشی بە زمانی سوویدی بڵاوکردۆتەوە بە ناوەکانی (کۆبانێ) و (کوردسپۆرێت) کە یەکەمیان پەیوەستە بە هەڵدانی شۆرشی ڕۆژئاڤا و ئەڵۆزیەکانی ناوچەکە و دووەمیانی لەسەر ڕێکەوتنی وڵاتی سوید و تورکیا و قووربانیە کوردەکانی ئەم پڕۆسەیە نووسیووە. یواکیم مەدین ڕۆژنامەنووسێکی بەتوانا و بیرفراوانە، چەندین جاریش گەشتی کردووە بۆ باشووری کوردستان. هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی کۆچکردوو موستەفای حەسەنە گەورە هەبوو و لە نزیکەوە ئاگای لە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە باشووری کوردستان هەبوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی