بەپێی دەستوری عێراق، سەرۆک
کۆمار دەسەڵاتەکانی بۆ دیاریکراوەو سنوردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو
کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت، گەر خۆی کاریزماو بەهێز بێت، دەتوانێت ڕۆڵ
بگێڕێت، دەتوانێت بەشێکی گرنگ بێت لە هاوکێشەو یارییە یاسایی و سیاسییەکان.
گەر
وڵات چوارچێوەی یاسایی پێشێلکراو تێیدا کەس و گروپ و میلیشیا بتوانن ئەسپی
خۆیان تاو بدەن، بێگومان لەمحاڵەتەدا ڕۆڵی کەسایەتی بەهێزیش دێتە پێشەوە.
کەسایەتی گەر خۆی بەهێز بوو، دەتوانێت لە غیابی سیستەمیشدا ڕۆڵ و کاریگەری
هەبێت.
پۆستی سەرۆک کۆمار لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە لای کوردە، لە قۆناغێک لە
قۆناغەکاندا و بەسود وەرگرتن لە ناسراوی کەسایەتی تاڵەبانی توانراوە تا
ئەندازەیەکی دیاریکراو سود لەم پۆستە وەربگیرێت، لە قۆناغی ئێستاشدا،
میدیا بەناو بەغدای پایتەختدا دەگەڕێت و پرسیاری ناوی سەرۆک کۆمار دەکات،
بەڵام بەشێک لە خەڵک نایناسن.
وا هەست دەکەم، تێڕوانینێک لای
یەکێتییەکان دروست بووە، بەوەی ئەوانەی لە دوای تاڵەبانی پۆستی سەرۆک
کۆماریان وەرگرتووە، یان وەک پێویست ئەدای باشی پۆستەکەیان نەکردووە، یاخود
ئیشیان بۆ کەسایەتی خۆیان کردووە نەک حزب.
لە سەردەمی تاڵەبانیدا،
پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیجماعی کوردی و لەموقابیلی پۆستی سەرۆکی هەرێمدا بۆ
بارزانی بێ کێشە یەکلایی دەکرایەوە، بەڵام دواتر یەکلایی کردنەوەی ئەم
پۆستە، کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و ڕای شیعەشی تێکەوت.
لە
قۆناغی یەکەمدا، پارتی هەوڵیدەدا کاندیدی سەرۆک کۆمار با لای یەکێتی بێت،
بەڵام دەبێت کەسایەتییەکە بەدڵی ئەو بێت. بەڵام ئامانجی پارتی لە قۆناغی
دووەمدا گۆڕا بۆ بردنی پۆستەکە، بۆیە زێباری و فواد حسێن و رێبەر ئەحمەدی
چەند جارێک کاندید کرد، بەڵام هێزە شیعەکان نەیانهێشت نەک یەکێتی، ئامانجی
پارتی لە بردنی ئەم پۆستە بۆ لۆبیکردن بوو لەدەرەوە.
پارتی بە جدی
نیەتی بردنی پۆستی سەرۆک کۆماری هەبوو، چونکە لە قۆناغی یەکەمداو بەهۆی
ریفراندۆمەوە هەستی بەلاوازی لە بەغدا دەکرد، دەیویست لەڕێگەی ئەم پۆستەوە
هێز لە بەغدا پەیدا بکاتەوە. لە قۆناغی دواتریشدا کە هەوڵی بردنی پۆستی
سەرۆک کۆماری دەدا، دەیویست ئەم پۆستە بۆ خۆ بەهێز کردن و لۆبی لە دونیای
دەرەوە بەکار بهێنێت، لەکاتێکدا یەکێتی نە بۆ لۆبی، نە بۆ خۆ بەهێزکردن،
نەیتوانیوە لە دوای تاڵەبانی سود لە پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت.
هەڵبژاردنی
داهاتووی عێراق زۆری نەماوە، هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر زۆر شتی هەرێم
ڕێکنەکەوتوون، بێگومان ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر قۆناغی داهاتووی
عێراق کاریگەری دەبێت،. خۆ گەر ڕێکبکەن، دەتوانن کاندیدی هاوبەشیان بۆ
سەرۆک کۆمار هەبێ و کێشمەکێشەکان دووبارە نەبنەوە، گەرچی پارتی کاندیدی
بەهێزی یەکێتی ناوێت تا سودی لە بەغدا لێ وەربگرێت.
لەنێوان ئەم
کێشمەکێشانەدا، لەتیف رەشید دێت و دەڕوات، سکاڵا تۆمار دەکات و سەردانی
لایەنەکان دەکات، نیازی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەی هەیە، گەرچی ئەستەم نییە،
بەڵام زۆر قورسە.
وا هەست دەکرێ، یەکێتی خەریکە ئەگاتە قەناعەتێک پۆستی
سەرۆک کۆمار بووەتە ملی، دوای تاڵەبانی هەرکەسی داناوە بێ سود بووە بۆی،
بۆیە ئەمە عەرەبی سونەی خستووەتە جوڵە.
گەر یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار
وەربگرێتەوە، نازانم جگە لە نزار ئامێدی یاخود بەئەگەرێکی زۆر لاوازەوە
بەرهەم ساڵەح و کێی تر کاندید دەکات، بەڵام لەوە دڵنیام عەرەبی سونە خواستی
گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمانیان لەگەڵ کورد هەیە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی