لە راستیدا پەرلەمان ئەو دامەزراوەیەیە کە خەڵک هەڵێدەبژێرێ، بۆ ئەوەی لە لایەک پارێزگاری لەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیە بکات لە نێوان هاوڵاتیان ئیمزا کراوە و ناوی دەستوری وڵاتی لێنراوە، لەلایەکی تر بۆ چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت و دەرکردنی یاسا. گەر پەرلەمان ئەم ئەرکانەی جێبەجێکرد ئەوکات دەبێتە موڵکی گشتی.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق پەرلەمانێک هەیە، بەڵام دەستورێک نیە پابەندی بکات بە یاسا و رێساکانەوە. ئەوەی پەرلەمان هەڵدەسوڕێنێ حیزبە. کارەکانی ئەم پەرلەمانە لە ١٩٩٢ بۆ ئێستا دەری دەخات کە حیزب خاوەنی پەرلەمانە:
١- یاساکانی پەرلەمان بە باڵای حیزب و ئەم ئەودا بڕاوە.
٢ – زۆری موچە و خانەنشینی پەرلەمنتاران
٣- بێدەسەڵاتی پەرلەمان لە یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
٤- نەبونی رۆڵی پەرلەمان لە پەیوەندیە گوماناویەکانی حیزب و بەرپرسە حیزبیەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.
٥- بێقەسەیی پەرلەمان لە بڕیارە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا. ریفڕاندۆم بە نمونە.
٦- داخستنی پەرلەمان لە سەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٧- ئێستاش چەندین مانگە هەڵبژاردن کراوە کەچێ هێشتا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە نە حکومەتیش دامەزراوە.
٨- بێدەنگی و بێهەڵوێستی پەرلەمان لە ئاست دەستبردنی حکومەت بۆ قوتی خەڵک.
٩ – دو ئیدارەیی.
١٠- بێبەڵێنی پەرلەمان لە ئاست ئەو بڕیارەی لە ٢٠١٤بەرامبەر رۆژئاوا دەریکرد . ئەمیش لە ژێر کاریگەری حیزب.
١١- بێدەسەڵآتی دادگا و دادوەرەکان
١٢- بێدەنگی پەرلەمان لە نەبونی بودجەی ساڵانەی حکومەت.
١٣- بێدەنگی پەرلەمان لە لێپێچینەوە لە تاوانبارانی ئەنفالی ١٩٨٨.
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە لایەن دادگای فیدرالیەوە دەری خست کە ئەم دەسەڵاتە چەند نەزانە لە ئیدارەدانی دامەزراوەی دەوڵەتی، دەریخست نەخوێندەواری سیاسی ئەم وڵاتە بەڕیوە دەبات.
هەڕەشەکردنی نەوەی نوێ لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کارێکی باشە بۆ راچڵەکاندنی:
١- دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی
٢- حیزبەکانی دەرەوەی حکومەت.
٣- خەڵکی کوردستان.
بەڵام نەوەی نوێ چەند دەتوانێ ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بکات، یان هەڵوێست و کاردانەوەی خەڵک و حیزبەکانی تر چی دەبێت باسێکی گرنگی ترە.
لە کۆتاییدا ئەوەی لێم رونە و گومانم لێی نیە، ئەوەیە ئەم پەرلەمانە لە موڵکی خەڵک دەرچوە . بەندەش تەنها هەرێمەکە و دامەزراوەکانی و کەرکوک بە موڵکی خۆمیان دەزانم. هەر قسەیەکی تر بەدەر لەمە خۆهەڵخەڵەتاندن و هەوڵێکە بۆ گەوجاندنی ئەوانەی لە دونیای سیاسەت و حکومەتداری بێئاگان یان بازرگان و دراوپەرستن. تاکە چارەسەریش بۆ ئەوەی کورد دەرفەتی سیاسی تری لەدەست نەچێ و پەرلەمانیش ببێتەوە بە موڵکی خەڵک گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە لە هەرێم.
کەرکوک، ١٦/٤/٢٠٢٥
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی