پەیامێك بۆ ڕێكخەرانی دیداری سلێمانی

17/04/2025

د. سەیران ته‌ها ئه‌حمه‌د ـ كۆلێژی یاسا زانكۆی سلێمانی

    سەبارەت بە نۆهەمین دیداری سلێمانی  لە زانكۆی ئەمەریكی  كە لە بەرواری١٦، ١٧/ ٤/ ٢٠٢٥ دەست پێكردوە وەك نەریتێكی ساڵانە بە بەشداری ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران و لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ووڵاتانی جیهان بانگهێشت دەكرێن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، کە تیایدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ڕه‌وشی سیاسی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچەكە تاووتوێدەكەن.

        ئەوەی جێگەی سەرنجە، كە دیدارەكەی ئەم ساڵ هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی تاوانەكانی ئەنفال كە لە ١٤/٤/ ٢٠٢٥ ، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی دیدارەكە و پێشكەش كردنی ووتەكان لە لایەن سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق د. بەرهەم كە لە بەخێرهاتنی میوانەكان، وە ئاماژەدان بە بەفرەكەی دوێنێ شەو باریبوو، بەڵام  بە یەك ووشە ناوی كارەساتی ئەنفال نەبرد. وە بە هەمان شێوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە هەڵەبجە كرد بە بۆنەی بە پارێزگار بوونی وە پیرۆزبایی لە یانەی دهۆك كرد  بۆ بردنەوەی یاریەكەیان بەڵام بە ووشەیەك ناوی قوربانیانی ئەنفالی نەبرد.

       ئایا لە بۆنەیەكی لەوشێوەیەدا نەدەكرا ساتێك بۆ ڕۆحی ١٨٢ هەزار قوربانی ساتێك بوەستانایە؟ ئێمە دەڵێین ئەگەر باڵاترین كەسانی سیاسی ئەم هەرێمە لەبیریان بچێت یان بە گونجاوی دانەنێنن باسی كەیسە نەتەوەیی و ناسنامەی میللەتەكانیان لەم جۆرە بۆنانەدا بكەن دەبێت حاڵی خەڵكانی ئاسایی چۆن بێت؟ وەیان ئەو نەوەیەی كە نازانێت ئەنفال چیە وە چ كارەساتیكە؟

         پرسیارەكە ئەوەیە : ئەگەر ئەم دیدارە نۆهەمین دیدار بێت، ئایا نەدەكرا بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵانە دیدارێك بۆ كەیسی ئەنفال تەرخان بكرایە بۆ بە دەست هێنانی گەورەترین پاڵپشتی ناوخۆیی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی كەیسی ئەنفال بە جینۆساید، وە دەست كردن بەڕێكارەكانی ئیمزاكردنی عێراق لەسەر سیستەمی بنەڕەتی ڕۆما دروست كردنی فشار بۆ ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانكاری نێودەوڵەتی.

     لە كاتێكدا كە، شانازی دەكرێت بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە، (كە داڤۆسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) بێت ،بۆ باس كردنی كێشەی عێراق لەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەر ، ئێران ، سوریا، كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ئۆكرانیا ، وە بیر لەخۆ كۆكردنەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كاتێكدا ٦ مانگە هەڵبژاردن كراوە نەتونراوە حكومەتیك پێك بنێنرێت، لەبەر شەڕی بەرژەوەندی حیزبی بەڵام گفتوگۆ لەسەر كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن؟ لە كاتێكدا كە ناوخۆی هەرێم بە تەواوەتی پەرتەوازەیە، لێكپچراندنی تەواوەتی هەیە لە نێوان خەڵك و دەسەڵات هەر لە مانگرتنەكان، فەوتاندنی خوێندن، نەبوونی گرەنتی مووچەدان. هەرچەندە ئەوەی تەنها كێشەی دەسەڵاتداران و حیزبەكانی ئەم هەرێمەیە كێشەی پرسی نەتەوەیی نیە بەڵكو لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ كێشەی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەت و دابەشكردنی داهات بوە.

خاڵێكی گرنگتر، لەم دیدارەدا بانگهێشتنی توێژەران و كەسانی ئەكادیمی لە دەرەوە دەكرێن، كەچی بە نامەیەك مامۆستاكانی زانكۆی سلیمانی كۆلیجە پەیوەندیدارەكان  (جگە لەوانەی پۆستی حیزبیان هەیە) بانگهێشت ناكرێت كەچەند ١٠٠مەترێك لێیانەوە دوورن؟ لە هەموو ووڵاتانی دنیادا زانكۆ و سەنتەرە ئەكادیمیەكان ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە داڕشتنی پلان و نەخشە ڕێگای سیاسەتی ووڵاتەكانیان، گەورەترین ڕۆڵی ڕاوێژكاری دەبینن؟

بەداخەوە، هیوامان دەخواست ئەم دیدارانە سه‌كۆیه‌كی گرنگ بوایە بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەری ڕاستەقینە بۆ كێشەكانی ناوماڵی كوردی بە پلەی یەكەم، بەڵام ئەوەی بینرا و بیسترا بەردەوامی و دەستبەرنەدان لە بەرژەوەندی و پرۆژە و دەستكەوتی حیزبی، سور بوون لەسیاسەتی بەمیرنشینكردنی هەرێمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی