پۆپۆلیزمی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستاندا!

17/04/2025

هۆشیار عەبدوڵڵا

پۆپۆلیزمی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستاندا!
«نیشتیمان پێویستی بەدامەزراوە هەیە نەک پاڵەوان»


دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی پۆپۆلیستانەی تۆخ بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکەن، ئەگەر پۆپۆلیزم تا دوێنێ تۆمەتی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بوبێت بەرامبەر نەیار و دژەکانیان  و ئەوانیان پێ تۆمەتبار کردبێت، لە ئێستادا وەک جل و بەرگ کردویانەتە بەری خۆیان و شانازیشی پێوە دەکەن!

درۆ بە تامی حەقیقەت:
دەسەڵات لە هەرێمدا هێندە شەعبەوییە، مووچەی خەڵک دەدزێ و ناوی دەنێت «خزمەت»، خیانەت دەکات و پێی دەڵێت «درەوشاوەترین ساتەوەختی کوردایەتی»، ساختەکاری دەکات و ناوی دەنێت «ئیرادەی راستەقینەی گەلەکەمان»، بڵاوکردنەوەی وێنەی پێشوازی بە «پرۆژە» ناو دەبات، سەردانی پرسە لە خەڵک دەکاتە «دەسکەوت»، بێژەرێکی فاشیل لە میدیاوە دەکاتە «فریادڕەس»، سەپاندنی حوکمی خێزانیت لێدەکاتە « چارەنوس و قەدەری میللەت» ئەوانە و هەزاران نمونەی تر لە پۆپۆلیزمی دەسەڵات کە رۆژانە خەڵکی پێ کاس کراوە و  دەکرێت!

پۆپۆلیزمی دەسەڵاتی هەرێم، حەقیقەتی خستۆتە ژێر پێی «یەکدەنگی درۆینە» و هەمیشە دەیەوێ بە دروشمی«ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت دژی کوردستانە و ئەوە ئێمەین ئێوە دەپارێزین لە دوژمنی دەرەکی» خەڵک بێدەنگ و بێچارە بکات!

دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تۆخترین گوتار و ئاکاری پۆپۆلیستی (شەعبەوی) بەرامبەر خەڵکی هەرێم پەیڕەو دەکات کە کاریگەری نەک لە سەر ئێستا هەیە بە تەنها بەڵکو کولتور و مێژوو و ئایندەسازی ئەم هەرێمەش وێران دەکات و بەشێکی گەورەی هەموو ئەوانەشی وێران کردووە.

هاوڵاتی و ئۆپۆزسیۆنێکی چۆن:
لە سایەی پۆپۆلیزمی دەسەڵاتدا، تاکی هۆشیار دەبێتە تۆمەتبارێکی ترسناک، ئۆپۆزسیۆن بوون دەبێتە خیانەت، بیرکردنەوە لە ئایندە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی! لە جیاتی ئەوانە تاکی بەرکار و کۆیلە، ئۆپۆزسیۆنی دەستەمۆ وەک نمونەی جیاواز لە خۆی دەرخواردی کۆمەڵگە دەدات!

نیشتمانپەروەران:
دەسەڵاتی پۆپۆلیستی هەرێم ، تەنها حوکمی خۆی نەسەپاندووە بەڵکو پێناسەی نیشتیمانپەروەریش بۆ خۆی قۆرغ کردووە! دۆخە ساختە پڕ کێشەکەی حوکمڕانی هەرێمی و وەک حەقیقەت و سەرکەوتنێکی موگڵەق بەخەڵک فرۆشتۆتەوە، کێشەی ئەم گوتارە موزەییەفە ئەوەیە خەڵک سەرقاڵ دەکات بە شتی پڕوپوچەوە و خۆشی لە پشتەوە خەریکی صەفقە ژێربەژێرە مەترسیدارەکانیەتی لەسەر حسابی خوێن و خەونی خەڵکەکە!

ترس لەپرسیار:
هەموو ڕژێم و دەسەڵاتە پۆپۆلیستەکان ڕقیان لە پرسیارە، لەبەر ئەوەی لاوازی گوتارەکەیان کەشف دەکات و لاوازییان دەردەخات، هەربۆیە ئەوەی پرسیاری دروست و جدییان ئاراستە بکات دەیکەن بە دوژمنی ئەزمونەکە، تۆمەتی بۆ دادەتاشن و تەخوینی دەکەن!

باوکی ڕۆحی:
لە لایەکی ترەوە ئەو جۆرە دەسەڵاتە پۆپۆلیستانە، لەسەر بەپیرۆزکردنی سیاسییەکان دەژین هەمیشە دۆخێک دروست دەکەن کە کۆمەڵگە و نیشتیمان پێویستی بە پاڵەوانە، پاڵەوانەکانیش وەک پێویستییەکی پیرۆز دەخەنە ڕوو، هەمیشە خەریکی خوڵقاندنی «باوکی رۆحی و سەرکردەی دڵسۆز»ن لە رێگای میدیاکانیانەوە کە بە پارەی خەڵک و دزینی داهاتی خەڵک دروستیان کردوە چەکی گەورەی ئەو پۆپۆلیزمەن!

ڕوونە کە لە دۆخی ئاسایی و دنیای دیموکراتیدا،  نیشتیمان پێویستی بە «پاڵەوان» نییە، بەڵکو پێویستی بە «دامەزراوە و دادگەری» هەیە!

وێنەی نیشتیمان:
ئەو جۆرە لە دەسەڵاتی پۆپۆلیست وێنەی نیشتیمانت بۆ لە وێنەی سەرۆکدا بچوک دەکاتەوە، لە جیاتی ئەوەی نیشتیمان بریتی بێت لە «خەڵک و کەرامەت و خەونەکانیان» یەکسانی دەکەن بە تاکە کەس و حزب و جوگرافیایەکی بچوک و دیاریکراو!

چارەسەر:
ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمجۆرە لە دەسەڵات جگە لە هۆشیاری، پێویستی بە خۆڕاگری دەرونیی و فکریش هەیە، چونکە هەمیشە ئیش دەکات دژی دەرونی بەکۆمەڵی خەڵک و تێکشکاندی فکری کۆمەڵگە، دەست بۆ شێواندنی هەموو کایەیەک دەبەن، لە دینەوە بۆ دنیا، لەژیانی تاکە کەسییەوە بۆ تێکدانی خێزان، هەر کایەی سیاسیی و ئابوری وێران ناکەن، کایەی کۆمەڵایەتی و رەسەنایەتی کولتوریش بەئامانج دەگرن، دەیانەوێ وێرانەیەک دروست بکەن کە بتوانن لەسەر ئەو وێرانەیە بژین و دەسەڵات بسەپێنن!

کام جۆر لەهۆشیاریی:
پۆپۆلیزمی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لەسەر حسابی لاوازی هۆشیاری خەڵک خۆی بەخێو دەکات،  لەسەر حسابی ترس و ئینتیما بۆ ئاسایشی ساختە دەسەڵاتی خۆی زیاتر دەسەپێنێ، لێرەوەیە تاکە چەک و کاریگەرترین چەک دژی ئەو دەسەڵاتە پۆپۆلیستە، هۆشیاری تاکە کەسییە، بەڵام هەموو جۆرە هۆشیارییەک نا، هۆشیاریەک کە بێزاریان بکات، خەڵکیان لەدژ ئاراستە بکات، و توشی شڵەژانیان بکات.

حوکمڕانی ئێستای پۆپۆلیستانەی هەرێمی کوردستان، هۆشیاری بەرزی تاکی پێویستە، مانەوەی ڕاستگۆیانە دژی گوتارە درۆینەکەیان، ڕەتکردنەوەی درۆکانیان لە بازنەی بچوکیشدا بێت کاریگەری گەورەی ئایندەیی دروست دەکات و بەبێ ئەو هۆشیارییە لەپاڵ هیوا بە ئایندەیەکی باش، بژاردەیەکی ترمان لەبەردەستدا نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی