عێراقی نوێ‌و لیستی هاوبەش.. دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری نیشتمانی یان خەونی چۆلەکە؟

19/04/2025

سلێمان مستەفا حەسەن

عێراق وڵاتێکی دروستکراو و سەپێنراو دوور لە ئیرادەی پێکهاتەکان، ساڵی ١٩٢١ لەسەر نەخشەی جوگرافیایی ناوچەی دوو ڕووبار وڵاتێک دروست کرا بە ناوی عێراق، وڵاتێک لە شێوەی مۆزەخانە، مۆزەخانەی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.

ئەزموونی حوکمڕانی ١٠٠ ساڵەی عێراق پڕیەتی لە کارەسات، لە سەردەمی مەلەکەیەوە بۆ کۆماری، لە مەلیک فەیسەڵەوە بۆ سەددام، لە کابینەی ڕا گوزەری سەردەمی پۆڵ بڕیمەرەوە بۆ حکومەتی سوودانی، کێشە و ناکۆکی و ململانێکان بەردەوامن و درێژەیان هەیە. شاراوە نییە عێراق لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێک دێت: کورد، عەرەبی سوننە، و عەرەبی شیعە.

شیعەکان زۆر جار لەژێر کاریگەریی ئێرانن، سوننەکانیش لە بازنەی تورکیا و وڵاتانی خەلیج دەخولێنەوە. گەلی کورد وەک گەلێکی ستەملێکراو لە مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەمڕۆ بەردەوامە لە بەرخودان بۆ دەستە بەرکردنی مافەکانی تا ساڵی ٢٠٠٥ کە بەفەرمی لە دەستووری عێراق مافەکانی بنە جێ کران، بەڵام تا ئەمڕۆ هەر سێ پێکهاتە باوەڕیان بە یەکتر نییە، ناکۆکی و ململانێکان بەردەوامن، گوێنەگرتن و بێ باوەڕی درێژەی هەیە.

کورد داوای جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی بنەماکانی فیدراڵیزم و مافی چارەی خۆنوسین دەکات، عەرەبی سوونە خەون بەدەستە لاتی سوننە گەرایی کۆن دەخوازن و ئامادەی دیالۆگی بنیاتنەرانە نین.

ڕاستێکی نکۆڵی لێ نەکراو هەیە ناکۆکی مەزهەبی و نەتەوەیی مینێکی ئامادە و بەردەوامە بۆ تەقینەوە، عەرەبی شیعە بەردەوامن لە توند کردنی گەمارۆی شیعە گەرایی بەسەر کورد و سوونە، سوونە لە خەونی قووڵی عەرەبەدا خەبەری نەبووەتەوە.

بەدرێژایی ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران (٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٢)دیمەنی تایفە گەری و مەزهەبی و نەتەوەی قووڵتر کردووەتەوە، گەندەڵی و نا دادی و شەڕ و کوشتار و شەڕی داعش، بارودۆخی نالەباری ئابووری، ناکۆکی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێم و کورد بەردەوامن، خوێندنەوەی جیا بۆ دەستوور دەکرێت، لە هەمان کاتدا ڕاڤە کردنی دەستوور بە سیاسی کراوە.

پرسی یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدراڵی، ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بنەماکانی دیموکراسی و تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتە دان پێ دانراوەکانی ناو دەستوور (دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی، دەسەڵاتە هاوبەشەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان، دەسەڵاتە باس نەکراوەکان) کێشە و ناکۆکی بەردەوامن. بیری تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە.

دیالۆگ و بەشداری و هاوبەشی لە نیشتمانێک بۆ هەمووان لە خەیاڵدانی شەقام و سەرکردەکاندا بوونی نییە، هەموو ئەو ڕاستیانە سنووری بێ باوەڕیی و بێ متمانەییان نەبەزاند، بەپێچەوانەوە خول لەدوای خول کێشە و گرفتەکان بە یەکتر دەسپێرن و تەقینەوەکان دوا دەخەن.

ئەم وڵاتە سەپێنراو و دروستکراوە، مۆزەخانەی نەتەوە و پێکهاتەی ئایینی و دینی و مەزهەبی بەرەوە کوێ، لە داهاتووی نزیکدا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١١ی یازدەی ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت ئایا ئەو هەڵبژاردنە دە بێتە جێگای ئومێد، یان بەرەو تونێلێکی تاریک و خەونی چۆلەکە دەڕوات.

لیستی عێراقی نوێ.. لیستی یەکگرتوو لەبەسرە بۆ زاخۆ؟
لەبەر دان نەنان بە ڕاست یەکی تاڵ، کە عێراق وڵاتێکی سەپێنراوە و دروستکراوە، لەبەر پەیڕەو نەکردنی بنەماکانی دیموکراسییەت و سەروەری یاسا، لەبەر نەبەزاندنی سنووری تایفە و مەزهەب و ئایین، لەبەر کار نەکردن بە دەستوور، شەمەندەفەری خولانەوە لە بازنەی نەهامەتی بەردەوامە. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە سیستەمی هەڵبژاردن دەگۆڕێت بە باڵای دیکتاتۆریت و تایفە گەری، هەموو حکومەتەکان لەسەر بنەمای پشک پشکێنە دروست بوون، پشک پشکێنەی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی، سەرەنجام دروست بوونی هێزی نا دەوڵەتی (نا یاسایی) چەکدار.

ئایا کات ماوە بۆ دروست کردنی بەرەیەکی دیموکراسی بە نوێنەرایەتیی لیستی سیاسی بە بنەمای هاوبەشبوونی نەتەوەیی و یاسا سا زی. ئەم لیستە نوێیە - لیستی عێراقی نوێ دەتوانێت پەیوەندی ڕەهەندی نوێ لە نێوان کورد، سوننە و شیعە بێت.

کورد، وەک پێکهاتەیەکی مەزن، دەوێت مافی نەتەوەیی و ڕوونی فیدراڵی پەیوەندیدار بگەیەنێت بە دوا مەنزڵ و متمانەی بۆ دروستبکرێت، وەک چۆن ئەڵمانیایەمان متمانەیان بۆ گەلی جوو دروست کرد.

سوننە دەیەوێت متمانەی بۆ دروست بکرێت و بگەریتەوە ناو دەوڵەتی عێراق و لەسەر تاوانەکانی سەدام و بەعس سزا نەدرێت شیعەش دەیەوێت زۆرینەی خۆی لە دەوڵەتی عێراق بپارێزێت.

کەواتە خاڵی هاوبەش بوونی هەیە، ئەگەر هەیە چییە، ئایا دەکرێت بازدانێک بکرێت، یان ئەوە خەونی چۆلەکەیە، ئەگەر دەرفەت هەیە دەکرێت ئەو هێزانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە لەسەر بەرنامەی بەیانی ڕێک بکە وەن، سنووری نەتەوە و ئایین و مەزهەب ببەزێنن بە ڕاگەیاندنی مانیفێستی نوێ بەناوی عێراقی نوێ کە ئەم ئامانجانە لە خۆ بگرێت و لیستێک لە ئێستاوە بۆ بەشدار بوون لە هەڵبژاردن ٢٠٢٥ ڕابگەێنرێت، یان دوای هەڵبژاردن لەسەر ئەو بنەمایە لیستی براوە ڕابگێنن:

بەرنامەی لیستی عێراقی نوێ دەتوانێت لەسەر ئەم بنەمایانە بنیات بکرێت:
١-بەهێزکردنی فیدراڵیزمی نەتەوەیی و یاسایی (کورد، شیعە، سوننە)
٢-جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، دادگای فیدراڵی، مافی هەرێمەکان.
٣-ڕێکەوتن لەسەر دەرکردنی هێزی چەکداری (تورکیا و ئێران) و چاکسازییەکی فەرمی لە هێزە چەکدارەکان، دان نان بە واقیعی پێکهاتەی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێکهەڵکردنی بە سوپای عێراق.
٤-چاکسازی و هاوبەشکردنی فەرمیی لە بوارەکانی؛ کارەبا، ئابووری، و خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، هەمەجۆر کردنی ئابووری و گەشە پێدانی ناوخۆیی.
٥-بەستنی پەیوەندییەکی نوێی نیشتمانی لەسەر بنەمای ماف، ئاشتی، و یەکسانی، دیموکراسی و سەروەری یاسایی، دوور لە بنەمای مەزهەبی یان نەتەوەیی.
٦-گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و بە سزا گەیاندنی گەندەڵکاران و بڕینی دەستی مافیا گەری و چەتەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەدا.
٧ـ بەرنامەی لیستی عێراقی نوێ لەم هەڵبژاردنە بکرێتە پێوەر، ئەگەر گەلانی عێراق متمانەیان پێدا ئەوە دەکرێت وەک ڕا وەر گرتنێکی ڕاستەقینەی گەل مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر گەل متمانەی پێ نەدا، یان زەمینەی دروست کردنی ئەو بەرەیە بوونی نەبێت، پێویستە گەلانی عێراق بگەنە ڕێکەوتنێکی تر و شێوازێکی تری پێکەوە ژیان و واز لەو عێراقە بە زۆر دروستکراوە بهێنن.

هەڵبژاردنی ١١ی یازدە دەکرێت بێت بە دەرفەتێکی نوێ بۆ عێراقی نوێ، یان دەکرێت ببێتە دوا وێستگەی عێراق، بەرەو ئەزموونی کۆنی پڕ لە شکست و دار و خان، بۆیە کورد و عەرەب لەبەردەم بەرپرسیاریەتی دان، پێکەوە ژیان یان لێکترازان، کورد و پارتە کوردییەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی دان، پێداچوونەوە بەر و نەخشەی نوێ یان پێکەوە ژیان، هەموو ئەو پرسیارانە بەرئەنجامی خەیاڵ و لێکدانەوەی نا واقیعی نین بەڵکوو بەرئەنجامی مێژووی قۆناخەکانی عێراقی دروستکراون، دانیشتی کورد و عەرەبی شیعە و سوننە لەسەر مێزی خڕ، یان گەڕان بەرەو کۆنفیدراڵی و شێوازێکی نوێی حوکمڕانی.

دەرفەتی نوێ بۆ ڕاهێنانێکی نیشتمانی. ئەگەر لیستی «عێراقی نوێ» بتوانێت بە تەواوی هاوبەش و نیشتمانی بێت، دەبێت نەک تەنیا لیستێکی هەڵبژاردن، بەڵکوو بێت بە پێکهاتەیەکی نوێ بۆ دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتیک، فیدراڵی، و هاوبەش، کە یاسا و ماف باڵا بن و سەروەر بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی