ئەوا دیداری نۆهەمیش تەواو بوو هەروەک هەموو هەشت دیدارەکەی تری سلێمانی و دیدارەکانی تری زانکۆی دهۆک و دیدارەکانی تری MERI هەولێر .
هەموو ئەزانین کە هەر یەکێ لەم دیدارانە خاوەنێک یان سپۆنسەرێکی سیاسی خاوەن دەسەڵاتی لە پشتە هەم بۆ بەهێزکردنی جێ پێگەی خۆیان وە هەم بۆ بربێکی لەگەڵ ئەوانی تر.
لە هەر یەکێ لەم دیدارانە کۆمەڵێ سیاسەتمدار بانگ دەکەن کە بەشێکی زۆریان هەمان کەسایەتیەکی و هەمان دەم وچاوە کە سی ساڵە هەمان قسە دەکاتەوە ئیتر ئایا لە بەغداوە هاتبن، یان هەولێر یان خودی سلێمانی خۆی. ئێوەی جیاواز بێت قات و جلەکانیانە و هیچی تر ، ئەوانە هەمان سیاسەتمەدارن کە بارودۆخی هەردوو کوردستان و عێراقیان گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە کە ئیمڕۆ ئەیبینین.
هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتی یان سیاسەتمەداری خانەنشینی بێگانە بەشدار ئەبێت کە ئەوەندەی خەمی پشکی کۆمپانیا و بزنزەکانیانە وەک پشکی کۆمپانیای نەوتەکانیان لە کوردستان، ئەوەندە خەم و ئاگای لەوە نیە کە بۆچی بانگ کراوە یان باسی چی بکات، ئیتر هیچ جیاوازی نیە گەر لە ئەمریکا، نەرویج یان بەریتانیاوە هاتبێت.
یان کەسایەتیەکی سیاسی شیعە کە خۆی بەشێک بووە لە درووستکردنی ئەم سیستمە تایفەگەری مەزهەبیە و چەند سالێک ووتە بێژی مالیکی بێت یەکێک بوو لە درووستکەری "البیت الشیعى"، ئەبێ چی تری پێ بێت وە ئەتوانێ چی تر بکات بۆ ئەوەی میللەتی عێراق لەم حوکمی تایفەگەریە کارەساتە دەربهێنێ؟
یان کۆمەڵێک ڕیز ئەکەیت لە پەنالێکدا و هەر یەکەی چەند دەقیقەیەکی ئەیەیتێ، ئەبێ لەو چەند دەقیقەیە ئەتوانێ چی بکرێت تا بتوانێ سوودی هەبێت بۆ گۆرێنی بارودۆخی هەردوو کوردستان و عێراق ؟
ئەبێ ئەم دیدارانە چ خزمەتێک بکات، کاتێ کە دانیشتوان و ئامادەبوان وەک قوتابی پۆلی سەرەتایی دانیشتوون نە ئەتوانن پرسیارێک بکەن نە ئەتوانن شتێک بلێن کە جیاواز بێت لەوەی کە قسە کەران ئەیکەن.
گەر ئەم دیدارانە نەتوانێ باسی گرفتە گەورەکانی میللەتی کورد بکات نەتوانێ بە بوێریی و راستەوخۆ لە لێپرسراوانی هەردوو هەولێر و سلێمانی بپرسن:
ئەرێ کەی کابینەی نوێ درووست دەبێت، کەی گرفتی مووچە تەواو ئەبێت، چیتان کردوە بۆ ژیان و دواڕۆژی ئەو سەدان هەزار گەنجە کە بێ ئیش و بێ کار و بێ دوارۆژ و کە هەست ناکات بەشێکە لەم خاکە؟
چیتان پێیە بۆ درووستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز کە ئیش و ژیان بۆ ئەو گەنجە بێکارانە بدۆزێتەوە؟
چی ئەکەن بۆ وەستاندنی دزینی نەوت؟، کەی لە شەڕە قسە و شەڕە جنێوی حزبایەتییەوە ئەگۆرن بۆ درووستکردنی دەسەڵاتێکی بەرپرسیار بۆ خزمەتی ئەو خەڵکە نەک خۆتان حزبەکانتان؟
گەر ئەتوانن باسێکی ڕماندن و نەمانی خزمەتگوزاری تەندرووستی و خوێندمان بۆ بکەن کە چۆن ئەو خەڵکە هەژارە ئەناڵێنێ بە دەست گرانی و ئازای ژیانیان؟
دوای سی ساڵ لە شکستی دەسەڵاتان، ئیتر هاتوون چ ووتارێکی ڕەنگاو ڕەنگی بریقەداری دیبلۆماسیمان بۆ ئەخوێنیتەوە ، چ سوودێکی هەیە، چی ئەگۆڕێ لە ژیانی قورسی پر نەهامەتی ئەو خەڵکە؟
گەر ئەم جۆرە دیدارانە بەشێک نەبێت لە خۆپیشاندانێکی میدیای وە بەهێزکردنی پێگەی ئەم لێپرسراو وئەو سیاسەتمەدار، بۆچی چۆنێتی پانەڵەکانتان ناگۆڕن کە بۆچوونی جیاواز، سیاسەتی جیاواز و ووتاری جیاوازی تیابێت؟
بۆ ئۆدین جیاواز بانگ ناکەن تا بتوانێ بەشدار بێت لە گفت وگۆ و بۆچون و هەستی جیاوازی زۆربەی خەڵکی کوردستان و عێراق بگەیەنێت، کە جیاوازە لە بۆچونی ئەو نوخبەیەی کە ئێوە نوێنەرایەتی ئەکەن؟
بەردەوامی ئەم دیدارانە گەر بەم جۆرە بێت لە سلێمانی بێت یان هەولێر یان دهۆک جگە لە خەرجکردنی دەیان ملیۆن دۆلار، کە کەس نازانێ لە کوێوە هاتوە، جگە لە فیستڤالێکی میدیای بۆ بەهێزکردنی پێگەی چەند کەسایەتیەکی سیاسەتمەدار ، ئەگینا هیچ لە ژیان و ئازاری خەڵکی کوردستان و گرفت و شکستی دەسەڵاتی سی ساڵە ناگۆڕێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی