لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەی لە تورکیا و باکووری کوردستان هاتۆتە پێش، لێرە و لەوێ دەبیسترێت باس لە هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا وەک هەنگاوی چارەسەری پرسی کورد دەکرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ماوەیەکە کورد و دەوڵەتی تورکیا بە دوو ئامانجی جیا خواستی خۆیان بۆ هەموارکردنەوە یان ڕێکتر بڵێین نووسینەوەی دەستووری نوێ خستۆتەڕوو.
بەڵام کورد بەراورد بە لایەنی تورکی لە ئێستادا کەمتر باس لە هەمواری دەستوور دەکا، هەرچی ئەردۆگان وانییە، ئەو بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات پێویستی بە هەمواری دەستوورە، چونکە ئەوە دەزانێت ئەگەر دەستوور هەموار نەکرێتەوە مافی ئەوەی نابێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی خوولی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە کە دەبێت لەساڵی 2028 ئەنجامبدرێت.
شایانی باسە،دوایین جار هەفتەی ڕابردوو بوو رەجەب تەیب ئەردۆگان، زۆر بە ڕاشکاوی باسی لە نووسینەوەی دەستووری وڵاتەکەی کرد و دەستووری ئێستای بە دەستووری کودەتای سەربازی ناو برد.
پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی کورد بەراورد بە دەسەڵاتی تورکیا کەمتر باس لە هەمواری دەستووری ئێستا دەکا؟
ئەوەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەمواری دەستووری ئێستا بە دەردی چارەسەرەکانی پرسی کورد ناخوات، ئەوەیش بەهۆی بوونی چوار ماددەی یەکەم لە دەستووری تورکیا کە چوار ماددەی جامدن، وە سرووشتی ماددەی جامد بۆ هەر دەستوورێک ئەوەیە کە پێشنیار بۆ هەموارکردنەوەیان پێشکەش ناکرێت، یان ئەگەر پێشکەشیش بکرێ ڕێوشوێنی هەموارکردنیان ئاسان نابێت.
شایانی باسە، سێ ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا کە ناسنامە و پێناسەی دەوڵەت دیاری دەکەن، بە تایبەت خاڵی سێیەمیان ( یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە) بە ماددەی چواری دەستووری تورکیا قفڵ دراون، کە لەو ماددەیەدا هاتووە :-(هیچ پڕۆژە یاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی سێ ماددەی یەکەم پێشکەش ناکرێت)
ئەم واقعەی دەستووری تورکیا وایکردووە داخوازیەکانی کورد لە ئێستادا کەمتر باس لە هەمواری دەستوور بکات بگرە داخوازیەکانی لەم چەند خاڵە خۆی ببینێتەوە:
(دامەزراندنی کۆمسیۆنی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، چارەسەری پرسی هاوڵاتی بوون لە تورکیا، هەمواری یاساکانی تایبەت بە زیندان، هەڵوەشاندنەوەی یاسایی قەیووم)، کە هیچ یەک لەمان پێویستیان بە هەموواری دەستوور نییە، بگرە ئەگەر دەوڵەت بیەوێت نییەت پاکی بۆ پڕۆسەکە نیشان بدات، ئەوا بەبێ هەمواری دەستووریش ئەم داخوازیانەی کورد جێبەجێ دەکرێن.
کورد لەم قۆناغەدا ئاستی داخوازییەکانی هێندە بەرز نەکردۆتەوە، بگرە مەبەستیەتی پڕۆسەی چارەسەری سەربخات، تا ئەو کاتەی دەرفەتی بۆ دەرەخسیت کە پارسەنگێکی باش بێت بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ لە تورکیا.
شایانی باسە،دەستووری تورکیا بە چەند قۆناغێکی جیا تێپەڕیوە:
- قۆناغی یەکەم قۆناغی سەرەدمی نووسینەوەی یەکەم دەستووری تورکیا لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1876 دادەنرێت.
- قۆناغی دووەم نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری سەردەمی کۆماری تورکیایە لەساڵی 1921، لەم قۆناغەدا هێشتا پێگەکانی کۆماری تورکیا قایم نەبووبوون بۆیە تا ڕادەیەک دەستوورەکە بۆ کورد باش بووە.
- قۆناغی سێیەم جێگیرکردنی دەستووری کۆماری تورکیا ساڵی 1924 بووە.
- قۆناغی چوارەم هەمواری ساڵی 1961 بۆ دەستووری تورکیا بوو.
- قۆناغی پێنجەم سەردەمی کودەتای سەربازی دژ بە دەستووری تورکیا ساڵی 1982 بوو، کاتێک سوپا دەستووری تورکیا پەکخست کە لە کۆی ١٧٧ ماددە 113 ماددەی گۆڕی.
ئەگەرچی دەستووری تورکیا چەندین جار هەموارکراوەتەوە بەڵام ئەساسی دەستوورەکە ئەو دەستوورەیە کە بە قەلەمی کودەتاچییە سەربازەکان نووسراوەتەوە، بۆیە کورد لە باکووری کوردستان هیچ ئومێدێک لەسەر ئەم دەستوورە هەڵناچنێت تا ئەو ڕۆژەی بتوانرێت دەستوورێکی تازە لە تورکیا بنووسرێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی