ئەگەر بگەرێینەوە
بۆ مێژوو دەبینین گەلی کورد لە باشوری کوردستان قوربانی گەورەو زۆری داوە بۆ ئەوەی
بە ئازادی و سەرفرازی بژێت.
کاتێک نوخبەی
کۆمەڵگا جاری شۆرش ئەدات بۆ رزگار کردنی خاک و میللەت ، ئەوە میللەتە بە گیان، بە
ماڵ پشتیوانی لێ دەکات، کورد لەم بەشەی کوردستان دۆخەکەی بەشێوەیەک بووە کە بەشێکی
خەڵک پشتیوانی شۆرشی کردووەو لەو پێناوەشدا بە ماڵ و گیان بووە بە سوتەمەنی شۆرش،
لەبەرامبەریشدا بەشێکی تر هەمیشە لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی شۆرش دەرفەتیان بۆ رەخساوەو
تێروپڕ لەسەر سفرەی نەیارانی شۆرشەکان کەیف و سەفایان کردووەو شاهانە ژیاون لەسەنگەری
خیانەتدا، لەو نێوەندەشدا بەشێکی تری خەڵک نەچوونەتە بەرەی دژ بەشۆرشەوە بەڵام لەگەڵ
شۆرشەکەشدا نەبوون بە شێوەی کرداری ، ئەمانەش لە راستیدا هەر لە بەرەی شۆرش هەژمار ئەکرێن چونکە هەر هیچ نەبێت خیانەتکار نەبوون
و ملیان بۆ بەیاران کەچ نەکردووەو خۆیان نەفرۆشت .
نامانەوێت لاپەرەکانی
فیداکاری و قوربانیدان و خۆنەویستی خەڵک هەڵبدەینەوە چونکە هەزاران لاپەرەش ناتوانێت
پڕیان بکاتەوە .
کورد لە پاش
راپەرینی بەهاری ١٩٩١ چاوەروانی ئەوەی ئەکرد بە ئازادی و بەکەرامەتەوە لەسەر خاکەکەی
خۆی بژی و حوکمرانیەکی دادپەروەرانەی خۆیی دابمەزرێنێت ، ئەمە کرا ، بەڵام بەداخەوە ململانێ و شەری برا
کوژی و قات و قڕی و ئابڵوقەی ئابووری خەونەکانی ئەو قۆناعەشی کرد بەسەراب و بوار نەدرا
گەل چێژ لە بەرئەنجامەکانی ڕاپەرین وەربگرێت.
دواجار پرۆسەی
ئازادی عێراق و روخاندنی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ موژدەی هەڵهاتنی خۆری هیوای بەهەمووان
بەخشی و کورد لە ساڵی ( ٢٠٠٤-٢٠١٤) واتا ماوەی دەساڵ لەژیانێکی تارادەیەک ئارام و
بەختەوەردا گوزەرانی کرد و ژیانی خەڵک بەگشتی بەرەو باشتر و گەشەکردن و شارستانی
بوون هەنگاوی نا، هەرچەندە لەو قۆناغەشدا ئاستەنگ و ئاڵەنگاریەکان کەم نەبوون وەکو جەنگی تیرۆر و دیاردەی تەقینەوە بەڵام هیواکان
زیاتر نزیک ئەبوونەوە لە خەونەکان بۆیە سەرەرای بەخشینی قوربانی و فیداکاری ئاسودەیی
و گەشبینی زۆر زۆر زیاتر هەستیان پێ ئەکرا.
خەڵکی باشوری
کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە توشی نەهامەتی
و قەیرانی گەورەبوون ، هەر لە مەترسیەکانی
شەری داعش و بەخشینی قوربانی زۆر لەو جەنگە مەترسیدارە تاکو بێ مووچەیی و نەمانی هەلی
کار و دامەزراندن و کاریگەریە خراپەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و
رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ململانێ درێژخایەنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی
کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی لەبەغدا . ئەم ئالەنگاری و قەیرانانە لەسەر شانی هاوڵاتیانی
کوردستان بەرێوەچوون.
بەداخەوە
دواجار و لە تازەترین رووداودا دیسان حکومەتی عێراقی مووچەی مانگی پێنجی ٢٠٢٥
راگرت و ئاماژەی مەترسیداری پیشاندا بۆ مانگەکانی تری ئەمساڵیش، ئاشکرایە مووچەی
مانگی پێنج کەوتۆتە رۆژانی بەرەجەژنی قوربانەوەو لە عێراق سەرجەم مووچەخۆران مووچە
و شایستەکانی خۆیان وەرگرتووە ئەوەی کە جیا کراوەتەوە مووچە خۆرانی هەرێمی
کوردستانە کە ئەمەش بە جۆرێک لە جیاکاری ( التمییز العنصري) هەژمار ئەکرێت کە پەیماننامەی
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر کردۆتەوەو لەو پێناوەشدا پەیماننامەی (International
Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination, 1965 -ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی،
ساڵ١٩٦٥)خستۆتە واری جێ بەجێ کردنەوە.
هەروەها دادگای
تاوانی نێودەوڵەتییش بەپێی پەیماننامەی دامەزراندنەکەی ( Roma Statute) لایەنی رێگاپێدراوە بە سزادانی تاوانەکانی ( جێنۆساید ، تاوانەکانی
دژ بەمرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ ، تاوانەکانی دەستدرێژیکارانە).
ئەگەر بەوردی
لە تاوانەکانی جێنۆساید و دژبەمرۆڤایەتی بکۆڵینەوە ئەبینین برسی کردن و دروست کردنی فشار بەهۆی هەر جۆرە جیاوازییەک
یان بۆ ئامانجی سیاسی بەتاوانی نێودەوڵەتی هەژمار ئەکرێت.
بەهەرحاڵ لێرەدا
نامانەوێت ئاراستەی بابەتەکە فراوانتر بکەین ، ئەوەی مەبەستمانە ، ئەم گەلە فیداکاری
کردووەو ئەیکات ، فشاری ئەخرێتە سەر و خۆی رائەگرێت، هێرشی ئەکەنە سەرو بەرگری ئەکات،
برسی ئەکرێت و کۆڵنادات و ملکەچ نابێت، بێ بەش ئەکرێت و ناکەوێت، جەژنی لێ تاڵ ئەکرێت
و هەڵئەپەرێت و ……هتد
ئایا ئەم خەڵکە
ئەکرێت هەر بەم شێوەیە بێت؟
ئایا پاداشتی
ئەم هەموو قوربانیدان و خۆراگریە ئەکرێت؟
ئایا ئەم میللەتە
هیچ تاوانێکی کردووە کە بەم شێوەیە سزا بدرێت؟
ئایا کێ خۆی بەقەرزارباری
ئەو میللەتە ئەزانێت و ئەیەوێت قەرەبوی بکاتەوە؟
لە کۆتاییدا ئەم
جەژنەش مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بێ هیواو
دڵتەنگ کران و خۆشی جەژنیان لێ کرا بەخەم ، بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتەش تێئەپەرێت و
ئەگات بە جۆرێک لە چارەسەر، بەڵام ئەوەی گرنگە لەیاد نەکرێت و پێزانینی کرداری بۆ
پیشان بدرێت بەرخودانی خەڵکە، بۆیە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەبێت دورکەونەوە
لە ململانێیەک کە زیان و فشاری بۆسەر خەڵک هەبێت، لە کۆتاییدا ئەوە میللەتە سەرچاوەی
دەسەلات و شەرعيەتەو هەر ئەشبێت بگات بەکەناری ئارام، بۆیە ئەبێت هێزە سیاسیەکانی
هەرێم بێ جیاوازی خاوەندارێتی لە قوربانیدانی خەڵک بکەن و بۆ بەختەوەری هاوڵاتیان
تێبکۆشن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی