کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵۆزتر بوو، بەغدا ناردنی موچەی ڕاگرت و بەرپرسانی پارتیش یەک لە دوای یەک هەڕەشە دەکەن. هەڵەیەکی گەورەیە ئاڵۆزییەکانی ئێستا لە مەسەلەی داهاتی هەرێم و بەقاچاخبردنی نەوت دا کورت بکرێتەوە، چونکە لە ڕابردوودا قاچاخچێتی و ئەوانەی ئێستا کراونەتە بیانوو هەر هەبوون، بەڵام بەغدا موچەی ناردووە.
دزی و قاچاخچێتی لە هەرێم نابێتە هۆی توڕەبونی عێراق، چونکە لە عێراق ئاستی گەندەڵی زۆر لەهەرێم بەرزترە، ئەوەی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر هەرێم دیاری دەکات، ئەوەی وادەکات کە هەڵکشان و داکشان لە هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم ڕووبدات مەسەلە سیاسییەکانە. هەرکات نێوان پارتی و لایەنە شیعەکان لەڕووی سیاسییەوە باش بێت، هەرکات گرژی نێوان ئێران و پارتی خاو ببێتەوە، راستەوخۆ هەڵوێستی عێراق بەرامبەر هەرێم دەگۆڕێت، بەپێچەوانەوە دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت.
بارزانی هەڕەشەی کرد، مەسرور بارزانیش لە ڕێگەی شۆیەکی ئیعلامییەوە گرێبەستی نەوتی واژۆ کرد، ئەمانە بۆ ڕاگرتنی فشارەکانی بەغدا بوون، چونکە پێشوەخت دەیانزانی گەڕێکی تری ململانێ بەڕێگەوەیەو خۆیان لایەنێکی ململانێکەن.
هەرکات ئێران بەهێز بێت، پارتی تەنازولی بۆ دەکات، هەرکاتیش دۆخی باش نەبێت حسابی بۆ ناکات. شیعەکان گومانیان لە جوڵەی سونە لەهەولێرو جوڵاندنیان لەلایەن پارتییەوە هەیە( گەر دیقەت بدەن، ئەم ماوە کۆبوونەوەیەکی زۆری بارزانی لەگەڵ سونەکان بەدی دەکەن) ، واتە عێراق لە پارتی بەگومانەو ئەمە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئەمجارەیە نەک هیچی تر.
پێش ئەوەی بارزانی بەهەڕەشەکانی دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، پێش ڕاگرتنی موچە لەلایەن عێراقەوە، چوارچێوەی هەمانگی بڕیاریاندابوو وەفدێک ڕەوانەی لای بارزانی بکەن، تا ڕاشکاوانە قسەی لەگەڵ بکەن لەبارەی گومانەکانیان.
سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی ئەمجارە گومانی عێراقە لە پارتی و قوڵبوونەوەی بێ متمانەیی نێوانیانە، بۆیە ڕەنگە کێشمەکێشەکان درێژەیان هەبێت.یەکێتیش بەشێکە لە گرفتەکان، بەڵام وەک دەگوترێ، شەریکی دزو ڕەفیقی قافڵەیەو جیاوازتر لە پارتی مامەڵە دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی