گەر کەمێک لە دوورەوە لە شانۆی هەرێمی کوردستان بنواڕیت،
ڕەنگە لە سەرەتادا بزەیەک بترگرێت، بەڵام هەر زوو تەمێکی چڕی دڵتەنگی وەک کفنی پێش
گۆڕ دەتپۆشێت.
دیسانەوە موچە کێشەکەیە. موچە وەک کوللەی جارانە، کە دەهات
هەموو شتێکی لە گەڵ خۆیدا دەهاڕیی. تەنها جیاوازییەکەیان ئەوەیە کە موچە لە نەهاتنیدا
وەک کوللەیە.
لەم دۆخەدا هەندێک توڕەن، هەندێک دەپاڕێنەوە، هەندێک لە پەلوپۆ
کەوتوون، هەندێکیش ....
لە کۆتایی شەستەکان کویلبەر ڕۆس پێنج قۆناغی دەستنیشانکرد
بۆ ئەوانەی کە لە پڕ هەواڵێکی ناخۆش دەبیستن. سەرەتا نکوڵی لێ دەکەن، پاشان توڕە دەبن،
ئینجا سازش دەکەن، پاشان خەمۆکی دەیانگرێت دواجار قبوڵی دەکەن.
ئەوەی لەم شانۆگەرییەدا دڵتەنگە، جۆری ئەکتەرەکانە. زۆر زۆر
لە خەڵک دەدوێن، بەڵام هیچیان هیچ دەسەڵاتێکیان نیە. لە کاتێکدا گەلێک دەناڵێنێ، بەڵام
لە هەمانکاتدا گەلێک لەپەلوپۆ خراوە.
زۆرینەی خەڵک دەخوازن بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران، بەڵام وەک
بۆقی ناو ئاوی سەر ئاگردانەکە نازانن کە ساتێک دێت ئاوەکە زۆر لەوە گەرمتر دەبێت بتوانن
تیایدا مەلەبکەن.
ئەوەی ڕویدا ئاڵووێڵکی بێفەڕ بوو. موچە لە بەرامبەر هەموو
شتێک. ئێستا کە موچە نەما هەموان ڕوت و ڕەجاڵن. جۆرێکە لەوەی کە ئەگامبین پێی دەڵێت
ژیانی ڕووت.
دەبوو لە کەلتوری گەلانی دراوسێوە فێربوینایە کە قسەی زل
هیچ بەرهەم ناهێنێت. بەڵام ڕەنگ زیانی گەورە بگەیەنێت.
ناکرێت کە موچە نەماو کوردایەتیمان بیر کەوێتەوە. کوردایەتی
ئەوەیە کە نانەکەت یان ملیون و ملیارەکەت لە گەڵ هاوکوردەکانتدا بەش کەیت.
ڕەنگە زۆرێک ناچار بن جەژن دوا بخەن بۆ کاتێکی نادیار.
نە بپاڕێوە، نە توڕە بە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی