چین لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

شەڕی ئیسرائیل، ئەمریکا، ئێران، دیسانەوە ئەو واقیعەی سەلماندەوە کە ئێران تەنهایە. ئەمە لە جەنگی عێراق ئێرانەوە درێژەی هەیە. هەرچەندە ئێرانیەکان وەها هەستیان دەکرد کە لە ساڵانی ڕابوردودا لە ئاستی و ناوچەکە و هەروەها ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەو دۆخەیان تێپەڕاندوە. بە گشتی شەڕەکە بۆ چین نەخوازراو بوو، بەڵام نە لە بەرژەندی بوو دەستوەردان بکات، نە هێندەش چارەنوسساز بوو بۆی. چینیەکان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەلاوە گرنگە بۆ نەوت، هەروەها بۆ بازرگانی، لە گەڵ پێگەی گرنگی وەک ناوەندی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
بەم پێیە ئاسایشی وزەی چین لە مەترسیدایە، پرۆژەی ڕێگای ئاورێشمین، لە گەڵ ململانێی زلهێز. چین ڕەنگە خوازیاری ئەوەبێت کە ئەمریکا لە شەڕێکی تری درێژخایەن تێوەبگلێت، وەک شەڕی تیرۆر کە بوە مایەی گەشەی چین، بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەگەر ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە سودی چین نیە.
لە هەندێ ڕوەوە ڕەنگە چین بیر لەوە بکاتەوە، کە بە ڕۆژئاوایی بونی ئێران، زیانی ئەوەی لێدەدات کە ڕێگریی دەکات لە هەبونی ڕێگای وشکانی لە نێوان چین و ڕۆژئاوادا. بۆ چین ئەمریکا زیاتر زلهێزێکی دەریاییە، نەک وشکانی، بۆیە لە ئەگەری ململانێدا ئەمریکا زیاتر لە دەریادا ئالەنگاری بۆ چین دروست دەکات.
لە پاش شەڕ وەزیری بەرگری ئێرانی چوو بۆ چین بۆ بەشداری کۆنفرانسێک، چین جگە لە وتارە هەمیشەییەکانی هیچ شتێکی ڕاستەوخۆی دژ بە شەڕەکە نەگوت. لایەکی تری شەڕەکە بۆ چین وڵاتانی کەنداوە. چین نایەوێت لایەنگربێت لە ناوچەکە، بەڵکو زیاتر دەیەوێت گەیەنەربێت و لە گەڵ هەمواندا پەیوەندی هەبێت، بۆیە دەبوو هاوسەنگی بکات لە هەڵوێستەکانیدا. لە هەمانکاتدا چین پەیوەندییەکی پەنجا ساڵەی لە گەڵ ئیسرائیلدا هەیە و بەلایەوە گرنگە بەردەوام بێت.
ڕەنگە ئێران توشی نائومێدی بوبێت لەوەی چین وەک کۆڵەکەی بەرەی جیاواز لە ئەمریکا نەهاتە هانای ئێرانەوە، بەڵام لە ناخەوە دەیانزانی کە چین هەڵوێستی نابێت.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، کاتێک کە چین لە بەرژەوندی خۆی نابینێت دەستوەردان بکات، لە هەمانکاتدا لە بەرژەوەندی نیە کە ئەمریکا لە ڕێگای هێزێکی پرۆکسی وەک ئیسرائیلەوە لە ناوچەکەدا باڵادەست بێت. بۆیە ئەوەی لە پەکین هەبوو هەڵسەنگاندنی ئەو بژاردانەبوو کە ئایا کامیان قازانج و زیانی لە ئەویتریان زیاتر و کەمترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی